دکتۆر بەرهەم ساڵح: ئێران كارەكتەری سەرەكییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

10:27 - 2022-07-17
ڕاپۆرت
992 جار خوێندراوەتەوە

دكتۆر بەرهەم ساڵح لە چاوپێكەوتنێكدا لە كەناڵی سی ئێن ئێن، بارودۆخی عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تاوتوێکرد و رایگەیاند، ئێران كارەكتەری سەرەكییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە میانەی چاوپێكەوتنێكی  لە كەناڵی سی ئێن ئێندا، دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا بەدەست چەندین قەیرانی وەك بێكاری و ئابووری و گۆڕانكارییەكی گەورەی كەشوهەواوە گیرۆدەیە لەگەڵ بوونی هەزارەها چەكداری پڕ چەكی زۆر باش راهێنراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بەڕاستی ترسناكن بۆسەر ئاسایشی ئەو ناوچەیە، پێویستە هەموو بەیەكەوە لەسەر یەك مێز دابنیشن و گفتوگۆ بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك چونكە كاریگەری گەورەی لەسەر دراوسێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت.

 د.بەرهەم ساڵح وتیشی: پێویستە بەیەكەوە چارەسەرێك بدۆزینەوە، عیراق بەتەنها ناتوانێت ئەو چارەسەرەبێت، هەروەك چۆن سعودیە و توركیا و ئێران و هەر وڵاتێكی تر ناتوانن بە تەنها ئەو چارەسەر بن، ئەوەشی خستەڕوو كە كۆمەڵێك ئاڵەنگاری جددی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن بە تایبەتی لە سوریا پێویستە چارەسەرێك بۆ بارودۆخی ئەو وڵاتە بدۆزرێتەوە و لەو بارودۆخە ناخۆشە دەربهێندرێت.

لە بارەی رێكەوتنی ئەتۆمی ئێرانەوە، سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، ئێران كارەكتەرێكی سەرەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە هاوسنووری عیراقە و چەندین بەریەکكەوتنی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كلتوریان بەیەكەوە هەیە و پێویستە لە بابەتی چەكی ئەتۆمیدا بگەن بە رێكەوتن، چونكە دەرەنجامی بۆ بەغدا و تەواوی جیهان دەبێت و بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەگەڵ بوونی چەندین هێزی چەكدار ئەو رێكەوتنە دەخوازێت.

 ئەوەشی خستەڕوو عیراق رۆڵێكی گرنگی لە نێوەندگیری ئێران و سعودیەدا هەبووە و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین گفتوگۆی گرنگ لە بەغدا سەبارەت بەو بابەتە کراوە و وتیشی: سەرەڕای پەیوەندی ئێران و سعودیە رۆڵمان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی تریشدا هەبووە.

لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا، سەرۆك كۆماری عیراق ستایشی خەڵكی عیراقی كرد و وتی: خەڵكی عیراق خەڵكانێكی زۆر باشن و خەڵكانێكی بەهرەمەند هەربۆیە شایستەی زۆر كاری باشن و هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانیان.

د.بەرهەم ساڵح: عیراقییەکان شایستەی ژیانێکی باشترن

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان