د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
کەلتوری لێکبوردن، Culture of Tolerance،(ثقافة التسامح)، بریتییە لە هەستێکی پۆزەتیڤ و سڕینەوەی هەست و بیر و رەفتاری نێگەتیڤ بەرامبەر کەسێک یان کەسانێک کە خراپەیان لەبەرامبەردا کردووین، لێرەدا لێکبوردن هەستی سۆزمان بۆ ئەو کەسانە دەکاتەوە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئازاریان داوین یان زیانیان پێگەیاندووین، ئەمە پێچەوانەی هەستی تۆڵەکردنەوەیە، واتە کەلتوری لێکبوردن، کە کەلتورێکی مرۆییە، دەیەوێت هەست و رەفتاری «تۆڵە» رەت بکاتەوە، تۆڵەکردنەوە کەلتوری خێڵ و هۆزگەرییە. کەلتوری لێکبوردن یەکێکە لە رێگەکانی چوونە نێو هەستکردن بە شادییەکی ناوەکی و بەختەوەری، هەروەکو رێگەیەکیشە بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.
لێکبوردن لە سەدەی شانزەدا و لە سەردەمی ریفۆرمی ئاینیی مارتن لۆتەردا پتر گەشەی کرد، لە سەدەی هەژدەیەمی رۆشنگەریدا جان جاک رۆسۆ و ڤۆڵتێر و جۆن لۆک کتێبیان لەسەر لێکبوردن نووسیوەو داوایان کردووە پرەنسیپی لێکبوردن بڵاوبکرێتەوە هەتا دەمارگیریی ئایینی بسڕێتەوە، ئەمە لە سەدەکانی دواتردا بووە مایەی سەرهەڵدانی هیومانیزم و مافەکانی مرۆڤ. لەلای فەیلەسوفانی رۆشنگەری، کەلتوری لێکبوردن هزر و رەفتارێکە لە هەردوو لایەنەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمە پێویستیی بە خۆئامادەکردنێکی فکری و دەروونی هەیە بۆ قبوڵکردنی ئەوانیدیکە کە باوەڕێکی دیکەیان هەیە، ڤۆڵتێر دەیگووت(لێکبوردن لکاوە بە هەستی هیومانیستی و خوشویستنی مرۆڤەکان بۆ یەکدی، کەس نییە هەڵە نەکات، ئێمە هەموومان بەرهەمی لاوازیین، هەموومان هەڵە دەکەین، ئێمە بوونەوەری مرۆیین و دەکەوینە هەڵەوە، لەبەرئەوە با لە یەکدی ببوورین، با لە شێتیی یەکدی ببوورین) ئەمە بنەمای یەکەمی مافەکانی مرۆڤە، با دان بەوەدا بنێین و بڵێین «رەنگە من هەڵە بم و رەنگە تۆ راست بکەیت»، ئەگەر هەردوو تەرەف پێکەوە ئەمەمان گووت، ئەوا دەشێت ئەمە بەس بێت بۆ لێکبوردنی دوولایەنە و بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی کراوە.
دیسان ڤۆڵتێر دەڵێ(من ئەگەر لەگەڵ بۆچوونەکەی تۆیشدا نەبم، بەڵام لەپێناوی ئازادیی دەربڕیندا داکۆکیت لێدەکەم تاوەکو گوزارشت لە رای خۆت بکەیت).
لەرووی سایکۆلۆجییەوە، کەلتوری لێکبوردن بریتییە لە وازهێنانی کەسێک لە تۆڵەکردنەوە بەرامبەر ئەو کەسەی خراپەی لەگەڵدا کردووە، هەوڵی ئەوە دەدات زاڵ بێت بەسەر بێزاری و تووڕەبوون و قینهەڵگرتن لەو کەسە، لەرووی زەینیشەوە دووربکەوێتەوە لە هەڵچوون و رەفتاری نەرێنی، ئەمەش بێگومان ئاسان نییە، ئەمە هەستێکە پێویستیی بە رۆشنبیری و راهێنان هەیە. بەڵام لێکبوردن لێرەدا تەواو نابێت، بەڵکو پێویستە ئەویدیکەی خراپەکاریش لەدواییدا هەمان هەست و ئاکار و رەفتار بەرامبەر کەسی لێبوردە بنوێنێت و ئەویش هەمان هەستی لەلادا بخوڵقێت، هەردوولا زاڵ بن بەسەر کینە و تووڕەبوون و تۆڵە، لە بەرامبەردا هەستی سۆز و بەزەیی و چاکە گەورە بکەنەوە. ئەمەش هەموو جارێک ئاسان نییە و دەبێ ئەم هەستە ئەرێنییە ببێت بە کەلتور، ببێت بە نەریتێکی کۆمەڵایەتیی باو. ئەم کەلتورە هەم لە هەست و زەیندا جێگیر دەبێت، هەم لە بیرکردنەوە و ویژدان و هەم لە رەفتاریشدا، لێرەدا لێکبوردن دەبێت بە لێکبوردنێکی راستەقینە نەک لێکبوردنی ساختە، ئەمە لە ئاستی لێکبوردنی خێزانی و نێوان ژن و مێردیشدا کاریگەریی لەسەر بەختەوەریی نێو خێزان و پەروەردەدا دەبێت.
هەندێ جار لێکبوردن نابێتە هۆی ئاشتبوونەوە، یاخود ئاشتبوونەوە نابێتە هۆی لێکبوردن، بەڵکو تەنیا لە رووکاردا دەمێنێنتەوە، بەڵام ئەگەر لێکبوردن و ئاشتبوونەوە هاوشانی یەکدی بجوڵێنەوە، ئەوسا کەلتوری لێکبوردن کاریگەریی پتری دەبێت، لێرەدا کەلتوری لێکبوردن زەمینەیەکی گونجاو بۆ ئاشتبوونەوە و متمانە بەیەکدی بوون دەسازێنێت، سا ئەگەر ئەمە لە ئاستی پەیوەندیی تاکەکان و گرووپەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی ئایینەکان، واتە(لێکبوردنی ئایینی) فەراهەم ببێت، ئەوا کاریگەرییەکی گەورەی بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەبێت، دەشێت زەمینە بۆ لێکبوردنی نێوان وڵاتانیش خۆش بکات و جەنگەکان کەم ببنەوە.