دیمەن عەبدوڵڵا
رۆمان پرسیار و گەڕان و بەدواداچوونە، کە جەستەی مێژووی کۆمەڵگا داگیر دەکات، تا ئەو رادەیە، کە تێکستی رۆمان دەبێتە پرسیارێکی گەورە و چاوەڕوانی وەڵامی خوێنەر و رەخنەگران دەکات
رەخنە و تیۆری، دوو بابەتی سەرەکی و گرنگی بواری رۆمانە، دەکرێت لێکچوون و نزیکی لە نێوانیاندا هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی دەبیندرێت. بۆ نموونە لە تیۆریدا کۆمەڵێک پێوەر بۆ نووسینی رۆمان هەیە، وەک (رەگەزە بنچینەیی و پێکهێنەرە هونەرییەکانی) رۆمان، کە بریتییە لە(رووداو، شوێن، کارەکتەر، کات، زمان، گێڕانەوە، تۆن و هتد...). لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت لە نووسینی رۆماندا ئاگاداری دیزاینی ئەم هونەرە بین، بەڵام لە سایەی رەخنەدا دەکرێت لە هەڵە بەکارهێنانی بوارە تیۆرییەکە راستمانکاتەوە. ئەوەش بە مەبەستی ئەفراندن و سەرکەوتن، چونکە رەخنە هێز و توانا و مانا بە رۆمان دەدات. لە هەمانکاتدا، رۆمان نووسین چەند گرنگە، ئەوەندەش رەخنەگر بە پاشخانێکی فکری و فەلسەفی گرنگە.
دیارە بۆ رەخنەگرتن لە رۆماندا، میتۆد رۆڵێکی زۆر گرنگ دەبێنێت، کە ئایا ئێمە بە چی میتۆدێک رەخنە دەگرین؟ بە میتۆدی فەلسەفی یان فکری، واتا بە کام(پاشخان و گۆشەنیگای ئایینی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و هتد...) سەیری رۆمان دەکەین. بۆ نموونە دکتۆر بێرنارد ریۆ بە تێڕوانینێکی فەلسەفی باسی رۆمان دەکات، دەڵێت:(بۆ چارەسەری هەر کێشەیەک، بە دەرمانی هەرکەسێک ماف و ئەرکی خۆی بزانێت و جێبەجێی بکات. سالم2019) واتا بەگشتی هەموو کەسێک داوای مافی خۆی دەکات، بەڵام زۆرجار ئەوانەی داوای مافی خۆیان دەکەن، ئەرکەکەیان جێبەجێ کردووە، لێرەدا ئەرک و ماف دەبێت باڵانس رابگرێت. لە رۆماننووسینیشدا هەر ئاوایە، چەند ئەرکەکەی خۆت جێبەجێ کردووە ئەوەندەش، هەق و ماف دەدرێت بە رۆمانەکە. هەروەها دەکرێت بە میتۆدی هەڵوەشاندنەوەگەرایی یان بونیادگەری رەخنە بگرین، بەڵام ئەوەی گرنگە کامە میتۆد سەرکەوتووە بۆ رۆمان و ئەفراندن و ئاڕاستەکردن بەکاردێنین. هەروەک چۆن مارکس/ ئەنگلس لە مانیفێستی کۆمونیستدا دەڵێن:(گرنگ نییە ژیان شیکەینەوە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بتوانین ژیان بگۆڕین. كيلة،2016). مەبەستی ئەم رستەیە ئەوە، کە ئێمە باسی ئەنجامەکان بکەین، ئەوکات ژیان شیدەکەینەوە، بەڵام کە باسی ئەگەرەکان دەکەین، لەوێوە هەوڵی گۆڕینی ژیان دەدەین. کەواتە ئەم میتۆدە گرنگە، کە رەنگدانەوەی ژیان بێت، کە بە عەقڵانی مامەڵە لەگەڵ نووسین و رەخنەگرتن لە رۆمان دەکرێت.
هەروەک چۆن مارکس دەڵێت: (راستە هەمیشە عەقڵ هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەمیشە عەقڵانییەت نییە.الجباعي2024). بۆیە هەرچەند بە شێوەیەکی عەقڵانی مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکەین، ئەوەندەش رۆمانێکی سەرکەوتوو بەرهەم دەهێنین، چونکە عەقڵ هەیە، بەڵام کەی دەبێتە عەقڵانی، کاتێک کەوتە بواری پڕاکتیکییەوە. کەواتە دەبێت بابەتی تیۆری هەبێت، بۆ شیکردنەوەی زەمینەسازی رۆمان، بۆ بەرچاوڕوونییەک لـــــــــە ژیان و پێشکەوتنی هزر و فــــــــــەلسەفەی رۆمان. ئەمەش وەک نەخشەرێگای تیۆری رۆمان ژینگە بۆ نووسینی رۆمان، وەک پراکتیکی خۆش دەکات. ئینجا لێرەوە، راستە رەخنە دێتە ئاراوە، بەڵام هەروەک چۆن لینین دەڵێت:(هیچ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی، بەبێ تیۆری شۆڕشگێڕ نابێت.حمانة،2012). ئەگەر ئێمە ئەم رستەیەی لینین، بکەینە پێوەرێک بۆ ژانری رۆمانیش، ئەوە رۆمان بەبێ تیۆری سەرکەوتوو نابێت. بەواتای دەبێت رێگایەک/ پاشخانێک بۆ نووسینی رۆمان هەبێت، کە ئەم بەشە تیۆرییە وەک باسمانکرد رێگەخۆشکەرە. دواتر رۆمان بە بواری رەخنەیدا تێپەڕێت، کەواتە نەبوونی هەر یەکێکیان، کەلێن دەخاتە رۆمانەکەوە.
ئەندریاجید دەڵێت:(مێژوو رۆمانێکی واقیعییە، بەڵام رۆمان مێژوویەکی چاوەڕوانکراوە.الهندي،2015). هەر بەم پێیە رۆمان پرسیار و گەڕان و بەدواداچوونە، کە جەستەی مێژووی کۆمەڵگا داگیر دەکات، تا ئەو رادەیە، کە تێکستی رۆمان دەبێتە پرسیارێکی گەورە و چاوەڕوانی وەڵامی خوێنەر و رەخنەگران دەکات، کە رەخنەگرەکان گرێیەکانی رۆمان دەدۆزنەوە و دەیکەنەوە. کەواتە ئەگەر رۆمان ئەزموونێکی مرۆڤایەتی بێت، ئەوە دەبێت رەنگدانەوەی کۆمەڵگا بێت، کەواتە ئایا ئەمە لە کۆمەڵگای کوردی رەنگی داوەتەوە؟ چونکە بە پێی ئەزموونی نووسینی رۆماننووسە جیهانییەکان، کە تێکستێکی رۆمان وەک ئەندازیاری گیان و پرسیاری سۆسیۆلۆژی مێژوو، دەخاتە بەر دادگای گومان.
ئەگەر سەرنجێکی کورت لە رۆمانی کوردی بدەین، لەبەرئەوەی بە هیچ فلتەرێکی راڤەکاری و شیکردنەوە و رەخنەی لایەنی تیۆری نەبووە، یان زۆر کەمە، دەبینین بە گشتی رۆمانەکانمان لە ئاستی پێویست نین، بەڵام دەکرێت بەشێوەی تاک و تەرا رۆمانووسی باشمان هەبێت. لە ناو کورددا، هێشتا مۆدێل و رێبازێکی ئاراستەکردنی هزر و فەلسەفەی رۆمان دروست نەبووە، هەر وەک نموونە دۆستۆیڤسکی دەڵێت:(ئێمە هەموومان لە ژێر پاڵتۆکەی گۆگۆل دەرچووین.هوشيار2020). ئەی ئێمە لە ژێر کاریگەریی کام رۆماننووسی کورد دەرچووین؟ دیارە بەشێک لەم هاوکێشە ئەمەش لە نەبوونی دانپێدانان لە نێوانماندا دێت، چونکە لە نێو ئێمەدا زیاتر هەوڵی شکاندنین، نەک پێدانی مۆراڵ بەیەکتری!.
ئەگەر سەیری رۆمانی دۆستۆیڤسکی(گەمژە/1868/ 1869) بکەین، دەبینین هەموو کارەکتەرەکانی خۆی، بە میتۆدێکی فرەدەنگی داڕشتووە. دیارە ئەمەش کارتێکردنی گەورە لەسەر عەقڵی مرۆڤی ئەوروپی کردووە، کە لە بواری مۆنۆلۆگ دەرباز بێت و بچێتە بواری دیالۆگ. ئەمەش لەسەر زاری تێۆرزان بواری رۆمان باختین بەرچاو دەکەوێت، کەواتە بەپێی باختین بێت، رۆمان هونەرێکی فرەدەنگە.
لەرۆماندا هەمیشە کۆتایی زۆر گرنگە، وەک چۆن لە جەنگدا کۆتاییەک هەیە، کە دەیبینین لە رۆمانیشدا تۆ پەیامێکت هەیە، لە کۆتایدا، کە ئاراستەی تاک و کۆمەڵی دەکەیت، کە لە تیۆریدا گرنگترین شت کۆتایی و پەیامە. ئایا ئەمە لە رۆمانە کوردییەکاندا دەبیندرێت؟ کەواتە دەبێت زیاتر و ورتر بڕوانینە رۆمانە کوردییەکان و گرنگیان لە رووی تیۆری و رەخنەییەوە پێبدرێت. هەروەک چۆن هامنگوای لە رۆمانی (زەریا و پیرەمێردا/1952) دەڵێت: (لەوانەیە مرۆڤ بکەوێت، بەڵام نابێت رابکات.عفيفي،2023) ئێستا هەموو ئەم تێبینی و کۆسپانە دێتە بەردەم رۆمانی کوردی، کە ئەمەش لە نەبوونی رەخنە و بواری تیۆری دێن. بۆیە دەبینین زۆربەی رۆمانەکانمان، بە مردوویی لە دایک دەبن!. لێرەوە تێدەگەین دەبێت ئێمە سوود لە رەخنەگرەکانمان ببینین و لە دوای هەر کەم و کوڕییەک بە مۆراڵێکی پڕەوە دەست پێبکەینەوە.
سەرچاوەکان:
1/حمانة، البخاري، فلسفة الثورة الجزائریة ـــ دار الروافد الثقافیة ــ ناشرون، ص1، بیروت ــ لبنان.2012
2/كيلة، سلامة، عن تفسير العالم و تغييره.2016 https://rommanmag.com/
3 /الجباعي، جاد الكريم،العقل والعقلانية في فكر إلياس مرقص2024/ https://elias-morcos.com//
4/ الهندي، هاني، الحرکة القومیة العربیة في القرن العشرین/ دراسة سیاسیة ـــ مرکز دراسات الوحدة العربیة، ص2، بیروت ــ لبنان. 2015
5/ هوشيار، جودت. من أين جاءت «كلنا خرجنا من معطف غوغول»؟2020. https://middle-east-online.com/
6/ عفيفي أحمد، إرنست همنغواي؛ العجوز والبحر 1952: قد يتحطم الإنسان و لكنه لا يهزم.2022 http://elmawja.com/ /
7/ سالم، إدريس2019))، رواية «الطاعون»: أسئلة فلسفية عن الموت والقدر والإنسان.
https://shafaq.com/ar