قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی قەزای دەربەندیخانی کرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی قەزاکەدا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە (15/12/2024) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی خزمەتگوزارییەکانی قەزای دەربەندیخان و گرفت و کەم و کوڕییەکان کرا. لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ لەگەڵ تیمی حکومەت و بەرپرسانی قەزای دەربەندیخان بەردەوام لەسەر هێڵ دەبێت و هەموو هەوڵێک دەدەن تا کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن تاکو باشتر خزمەتی دەڤەرەکە و هاووڵاتییان بکرێت.
هەروەها جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە بەرپرسانی قەزاکە کرد هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ کارئاسانیکردن و راپەڕاندنی کاروباری هاووڵاتییان. وتیشی: لەپێناو باشتر خزمەتکردنی دانیشتوانی دەربەندیخان گۆڕانکاری پێویست لە پۆستە ئیدارییەکانی قەزاکەدا دەکرێت.
دواتر قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە راپۆرتێکیان لەبارەی ئەو پڕۆژانە خستەڕوو کە لە پێشینەی داواکارییەکانی هاووڵاتییانی دەڤەرەکەن و لای خۆییەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە کە خۆی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە دەکات تاوەکو زۆرترین خزمەت بە ناوچەکە بکرێت.
لە کۆتاییدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا کە سەرەتای ساڵی داهاتوو دووسایدی کەلار - دەربەندیخان تەواو دەبێت و بەتەواوەتی دەکرێتەوە بەڕووی شۆفێران کە ئەوەش یەکێکە لە داواکارییە گرنگەکانی دەڤەرەکەیە، هەروەها وتی؛ بەم نزیکانە کار لە پڕۆژەی تۆڕی ئاوی دەربەندیخان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو گرفتەش کە یەکێکە لە داواکارییەکانی هاووڵاتییان، چارەسەر بکرێت.
جەختیشکردەوە کە پێویستە گرنگی زیاتر بە گەشتوگوزار بدرێت و هانی وەبەرهێنەران بدرێت لەم بوارەدا وەبەرهێنان بکەن تا ئەو کەرتەش وەک پێویست گەشە بکات و دەرفەت و هەلی کار بۆ دانیشتوانی سنوورەکە دابین بکات