راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
لەناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بە رێژەیەکی رەها سفرەی سەفەری، ئەو قاپ و کەرەستە پلاستیکییانەهەن کە بۆ یەک جار بەکاردەهێنرێن و دواتر فڕێ دەدرێنە ژینگەوە، ئەوەش کاریگەریی سلبی هەیە لەسەر تەندروستی و ژینگە.
لەڕووی تەندروستییەوە لەبەرئەوەی ئەو مادە کیمیاییانەی بەکارهێنراون لە دروستکردنیاندا کارلێک دەکەن لەگەڵ ئەو خواردنەی تێی دەکرێت و دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی، هاوکات کاریگەریی سلبی هەیە لەسەر پیسکردنی ژینگە بە رەگەزەکانی ئاو، هەوا و خاکەوە، هەروەها هەر کەرەستەیەکی پلاستیکی سەدان ساڵی دەوێت بۆ شیبوونەوەی لە خاکدا.
لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک وتی: لەڕووی پێکهاتەوە بەشێکی زۆری ئەو قاپە سەفەری و پلاستیکییانەی لە بازاڕدایە و خواردنیان تێدەکرێت، لە پلاستیکی ریسایکل دروست کراون ئەمەش وادەکات کانزا قورسەکانی وەک کادیمیۆم و قوڕقوشم لە پێکهاتەیدا هەبێت و زیان بە تەندروستی بگەیەنێت.
وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم بۆ کوردستانی نوێ :
چەندین جار نوسراومان کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە هێنانی ئەو کەلوپەلە پلاستیکییانە بکرێت کە بۆ یەکجار بەکاردەهێنرێن، بەڵام گوێمان لێ نەگیراوە
زیانی کەرەستە پلاستیکییەکان
بەشێک لە رێکخراوەکان و ژینگە دۆستان کاردەکەن لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان، بۆ بەکارنەهێنانی کەرەستە پلاستیکییەکان و کاریگەریی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی بەکارهێنانیان، بەڵام هێشتا رێژەکە لە ئاستی پێویستدا نییە.
لەیلا عەبدوڵڵا پاش بیستنی کاریگەرییە خراپەکانی بەرهەمە پلاستیکییەکان ماوەی سێ ساڵە بڕیاریداوە، بەهیچ جۆرێک سفرەی سەفەری و قاپ و کەرەستە پلاستیکییەکان بەکارنەهێنێت و دەڵێت: نەک بە تەنها خۆم ناهێڵم منداڵەکانیشم کەرەستەی پلاستیکی بەکاربهێنن و هەوڵمداوە ئەوە وەک باوەڕێک بچەسپێنم تیایاندا، هەروەها چەند بتوانم کاریگەریم لەسەر چواردەوریشم هەبێت، لەپێناو کەمکردنەوەی زیانەکانی پلاستیک.
وتیشی: پێویستە ژینگه خهمی هەموومان بێت، هەر تاکێک پاراستنی بە ئەرکی خۆی بزانێت و بە کەرەستە پلاستیکییەکان پیسی نەکات، لە کاتی پێویستیی بە کەرەستە سەفەرییەکان ئەو قاپ و کەرەستانە بەکاربهێنین کە دۆستی ژینگەن.
دەستەی ژینگەی هەرێم ئاگاداری زیانەکانی بەکارهێنانی قاپ و کەرەستە پلاستیکییە سەفەرییەکانە و هەڵمەتی هۆشیاریی هەیە بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەکارهێنانیان.
عەبدولڕەزاق خەیلانی وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم بۆ کوردستانی نوێ دەڵێت: لە ماوەی رابردوودا چەندینجارهەوڵمانداوە ئەو کەلوپەلە پلاستیکییانەی بۆ یەکجار بەکاردەهێنرێن رێگری لە هێنانیان بکرێت و چەند جارێک نووسراوی رەسمیمان کردووە بۆ گومرگ و لایەنە بەرپرسەکان، بەڵام گوێمان لێ نەگیراوە بەبیانووی ئەوەی رێگریکردن لە هێنانیان یاخود زیادکردنی باج لەسەریان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جموجوڵی بازرگانی.
جێگرەوە و دۆستی ژینگە
باشترین رێگریی بۆ کەمبوونەوەیان ئەوەیە حکومەت باج لەسەری زۆر بکات، بۆئەوەی نرخی گران ببێت و هاووڵاتی نەتوانێت بە رەهایی بەکاری بهێنێت، هەروەها سنوورەکان کۆنترۆڵ بکرێت و ئەو قاپ و کەرەستە پلاستیکییانەی دەهێنرێن کوالێتیبن، ئەوکاتە زیانی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و پیسکردنی ژینگەش کەم دەبێتەوە.
لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک دەڵێت: قاپی پلاستیک ماددەی کیمیایی ژەهراوی (ئێپیکلۆرۆهایدین و بیسفینۆڵ ئەی) تێدایە کە لە ئاودا دەتوێنەوە و دەچنە جەستەی مرۆڤەوە و دەبنەهۆی دابەزاندنی بەرگریی لەش و رێژەی ڤیتامینەکان. هاوکات هۆکاریشن بۆ نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان، نەخۆشی گورچیلە و کۆئەندامی زاوزێ. هەروەها دەبنەهۆی زیادبوونی هۆرمۆنی ئیسترۆجین کە کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر نەزۆکی ژنان.
وەک جێگرەوەی کەرەستە پلاستیکییەکان، لەناو بازاڕ و مارکێتەکان جۆرێک لە قاپ و کەرەستەی سەفەری هەیە لە ئاردی گەنمەشامی دروستکراوە و هیچ زیانێکی نییە و شیاوە بۆ بەکارهێنان.
عەلی ساڵح خاوەنی بیرۆکەی دروستکردنی قاپ و کەرەستە سەفەرییەکان لە ئاردی گەنمەشامی وتی: بەرهەمەکانمان بە پرۆسەیەکی تەواو سروشتی و بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی سەردەم بەرهەم دەهێندرێت و شێوە و قەبارەی جیاوازی هەیە و بە تەواوی دۆستی ژینگەیە.
ئەم بەرهەمەی دۆستی ژینگە، بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی کارگەکەی لە دەرەوەی هەرێمە و تەنها کەرەستەکان دەهێنرێتەوە و لە هەرێم و تەواوی عیراق دەفرۆشرێت.
عەلی ساڵح دەڵێت: لە راستیدا زۆر بیرمان کردەوە کە کارگەکە لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنین و لە پلانیشماندا هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتییەوە نەمانتوانیوە تائێستا ئەو هەنگاوە بنێین و ئێستا کارگەکەمان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزراندووە.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ : یاسای وەبەرهێنان پێویستیی بە هەموارکردنەوەیە بۆ گۆڕانکاری لە هەندێک بڕگە و ماددەدا بە ئامانجیهاندانی زیاتری وەبەرهێنەران
سلێمانی یەکەمی پیشەسازییە
بەپێی ئامارێکی ژووری بازرگانی سلێمانی، لە هەرێمی کوردستان 4320 کارگە تۆمارکراوە و 1034 کارگەیان هی سنووری پارێزگای سلێمانییە.
عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت، بارودۆخ لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 100 ٪ لەبارە بۆ کاری وەبەرهێنان، لەبەرئەوەی ئاسانکاری دەکرێت بۆ مامەڵەی پێدانی مۆڵەت و زوو دەدرێتەوە بە وەبەرهێنەکە، هەروەها بەپێی یاسای وەبەرهێنان وەبەرهێنەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ دەبەخشرێت لە باجدان، زەوی پڕۆژەکەی بە نرخی هاندان پێدەدرێت، ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی بۆ کارگەکەی دەیهێنێت گومرگ ناکرێت و هێنانی مادەی خاوی کارگەکەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبەخشرێت لە گومرگ ئەمانە هەمووی پاڵپشتین بۆ وەبەرهێنەر.
یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ساڵی 2006 بە ژمارە 4 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوێندراوە و
تایبەتە بە هاندان و پەرەپێدانی سێكتەرەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ، گەشتیاری، بازرگانی، پەروەردە، تەندروستی و كۆمەڵێك سێكتەری دیكە، بەڵام لەپێناو پشتیوانکردنی زیاتری وەبەرهێنەران پێویستی بە هەموارکردنەوەیە.
عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ وتی: یاسای وەبەرهێنان پێویستی بە هەموارکردنەوەیە بۆ گۆڕانکاری لە هەندێک بڕگە و ماددەدا بە ئامانجی هاندانی زیاتری وەبەرهێنەران، بۆ نموونە پێویستە ئیمتیازاتی زیاتر بدرێتە وەبەرهێنەران و نرخی کارەبایان بۆ کەمبکرێتەوە، لەگەڵ ئاسانکاری بۆ خستنە بازاڕ و ناردنە دەرەوەی بەرهەمەکە و رێگریکردن لە هێنانی بەرهەمی هاوشێوە، بۆئەوەی وەبەرهێن بەرهەمەکەی ساغ بێتەوە و زەرەر نەکات.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی، رێژەی 33 ٪ هەموو کارگەکانی عیراق لە پارێزگای سلێمانییە، هەروەها رێژەی 61 ٪ هەموو کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانییە، بەو پێیە سلێمانی یەکەمی پیشەسازییە لە عیراقدا.
نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵدەدات تا ساڵی 2040 پیسبوون بە پلاستیك لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی ٪80 كەمبكاتەوە بەسێ رێگا و گۆڕانكاری لە بازاڕدا، یەكێكیان گۆڕانكارییە لە كەرەستە و ماددە پیشەسازییەكاندا، بەشێوەیەکە لە بری پلاستیك كاغەز بەكاربهێنرێت یان هەر مادەیەكی دیكە كە توانای شیبوونەوەی هەیە.