ئا: دڵان سامان
شوان محەمەد سەرۆکی رێکخراوی جاسەنە، لە دیدارێکیدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ سەبارەت بەکاری ریکخراوەکەیان بۆ زیادکردنی ژنی سەرکردە لە دەزگا میدیاییەکاندا وتی: لە ساڵی 2021 ەوە هەوڵی دامەزراندنی ئەم رێکخراوەمان دا، هەوڵماندا ستایلێکی نوێ لە رێکخراو دروست بکەین، کە سەربەخۆ بێت و پشت بە خۆی ببەستێت، واتا هیچ کۆمەک و فەندێک لە هیچ کەس و لایەنێک وەرنەگرێت، هەروەها بنەمایەکی ترمان ئەوە بوو کاری ستراتیژیی و بنچینەیی بکەین.
وەک ئاگادارن ئێمە ماوەی هەشت مانگە لە وۆرک شۆپێکداین لەگەڵ رێکخراوی دیکەدا یەکێک لەوانە رێکخراوەی (DHRD) و رێکخراوی (UPP) یە ئەم وۆرک شۆپانە زیاتر تایبەتن بەوەی چۆن رۆڵی ژنی میدیاکار زیاد بکەیت، هاوکات بۆ بەرچاوڕوونیی لە کوردستاندا نزیکەی 1700 دەزگای میدیامان هەیە بە هەموو جۆرەکانییەوە، لەو ژمارەیە شەش خاوەن ئیمتیاز و حەوت سەرنووسەری ژنمان هەیە، ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە، بۆیە ئەم وۆرک شۆپانە بۆ ئەوەیە بتوانین ژنی سەرکردە دروست بکەین، لەناو دەزگاکانی میدیادا و هەوڵ بدەین ئەم پرۆسەیەش بەردەوام بێت.
جگە لەوە ئەم وۆرک شۆپانە بۆ هوشیارکردنەوەی ژنی میدیاکارە بەرامبەر ئەو ناهەقییەی لە میدیاکاندا بەرامبەری دەکرێت، بۆئەوەی ببنە هێزێک، هەروەها بۆ ئەوەشە چۆن لەنێو دەزگاکانی میدیادا سیستمێک دابنرێت کە ژنانی میدیاکار پارێزراو بن و وردە وردە رۆڵی خۆیان زیاد بکەن.