محەمەد شارەزووری
موسلیم ئەکرەم، گەنجێکی ناحیەی خورماڵە، سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام یەکێکە لە پاڵەوانەکانی کوردستان و عیراق و تەنانەت ئاسیا لە یاری کاراتێدا.
موسلیمی یاریزانی پاراکاراتێ، بە ستادیۆمی راگەیاند: تەمەنم 22 ساڵە، زیاتر لە 13 ساڵە یاریی کاراتێ دەکەم، لە چین، ئێران، عیراق و کورستان و چەندین شوێنی تر بەشداریی زیاتر لە 20 پاڵەوانێتیم کردووە.
وتیشی: پاش ئەوەی لە رووداوێکی هاتوچۆدا، قاچێکم لەدەستدا، کۆڵم نەدا و بەردەوام بووم لە یارییکردن، ئێستا یاریزانی هەڵبژاردەی عیراقم، خاوەنی پشتێنی رەشی دان سێم، حەز و خولیام لەم یارییە بۆ ئەوەیە بتوانم لە رێگەی ئەم یارییەوە ببمە یاریزانێکی پیشەگەر و هیوام وایە بگەمە پاڵەوانێتییە جیهانییەکان.
زیاتر وتیشی: تا ئێستا بەشداریی چەندین پاڵەوانێتیم کردووە، لەوانە، لە ئێران پلەی سێیەمییەکم بەدەست هێناوە، پێشتریش هەر لە ئێران دووەمی پاڵەوانێتییەکی تر بووم، پاریش لەسەر ئاستی عیراق یەکەم بووم، ئەمساڵیش لە چین و لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی ئاسیادا، پلەی سێیەمم بەدەستهێناوە.
لە کۆتاییدا وتی: لەمەشق و راهێنانەکانم بەردەوامم، مانگی ئازاری داهاتوو بەشداریی پاڵەوانێتیی عیراق دەکەم، پاشان مانگی ئایار لە ئۆزبەکستان، بەشداریی پاڵەوانێتییەکی تر دەکەم، مانگی ئۆکتۆبەریش لە ژاپۆن بەشداریی پاڵەوانێیتی جیهان دەکەم، تا ئێستاش لەسەر خەرجیی خۆم بەشداریی سەرجەم پاڵەوانێتییەکان دەکەم، بۆ پاڵەوانێتییەکانی داهاتووش، بەهەمان شێوە، هەر لەسەر گیرفانی خۆم بەشدار دەبم و هیچ کەسێک یارمەتیی داریی نەداوم.