ستادیۆم
بەم دواییە، وادەی دەستپێكردنی خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستان دیاریكرا و ئەو یانانەش دیاریكراون كە بەشداریی خولەكە دەكەن، ئەوەی جێگای تێبینی هەمووان بوو، ئەوەبوو تیپی یانەی سلێمانی لە خولەكەدا نەبینرا و ناوی نەبوو.
بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ئەوەی بۆچی یانەی سلێمانی بەشداریی ناكات و هۆكارەكان چین، ستادیۆم چەند پرسیارێكی ئاراستەی خەسرەو گوروون كرد كە راوێژكاری یاریی تۆپی پێی یانەی سلێمانییە و ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
*بۆچی سلێمانی ئەمساڵ لە خولی پلە یەكی کوردستاندا نابینرێت؟
-ئێمە وەك یانەی سلێمانی پێش ئەوەی كۆبوونەوەی هونەریی خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستان بكرێت، دوای رەسمیمان پێشكەش بە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان كرد تا بەشدارییكردنی ئێمە بۆ ئەمساڵ هەڵپەسێرن، لەبەرئەوەی ئێمە ناتوانین ئەمساڵ بەشداریی خولەكە بكەین.
*ئەی وەڵامی ئەوان چی بوو؟
-زۆر بەداخەوە وەڵامەكەیان ئەوەیە «ئێمە لەبەر ئەو هۆكارە بۆ خولی پلە دوو داتاندەبەزێنین.
*ئەی باشە ئەمساڵ بۆ بەشدارییتان نەكرد؟
-كێشەی سەرەكیی ئێمە، خراپیی باری داراییە، ئەوان بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ یانەكان، یان پرسیاریان لێبكەن، یاخود رایان وەربگرن، داوا دەكەن ئەو یانەیەی بەشداریی خولی پلە یەك دەكەن، دەبێت لە هەردوو خولی لاوان و تازە پێگەیشتووانیشدا بەشداریی بكات، ئەمەش پارە و خەرجیی زۆری دەوێت، بۆیە كە ئەمەمان زانی، ئێمە ئەو داوا رەسمییەمان ئاراستە كردن تا بەشداریی كردنەكەی ئەمساڵمان هەڵپەسێرن.
*ئەی بەنیاز نین لە هیچ خولێكی تردا بەشداریی بكەن؟
-ئێستا پاش ئەوەی بڕیاری ئەوەمان دا کە ئەمساڵ لە خولی كوردستاندا بەشداریی نەكەین، وامان بەباشزانی بەشداریی خولی پلە سێی یانەكانی عیراق بكەین.
*ئەم خولە چۆنە و كەی دەستپێدەكات؟
-سەرەتا لقی سلێمانی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق، پاڵاوتن بۆ یانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەكات، لەگەڵ ئێمەدا، چەند یانەیەكی تریش بەشداریی دەكەن، ئەگەر چوار یانە بووین، ئەوا یەكەمەكەمان و ئەگەر پێنج یان زیاتر بووین، ئەوا دوو یانەمان وەك نوێنەری سلێمانی دەگاتە قۆناغی دووەمی یارییەكانی ئەم خولە كە دواجار وا بڕیارە بە سیستمی لالیگای ئیسپانیا 20 یانەی سەرتاسەریی عیراق بەشداریی خولی پلە سێ بكەن.
*ئەی ستافی راهێنەرانتان هەر ئەوانەی پێشوون؟
-نەخێر ستافەكەمان دەگۆڕین، بەڵام هێشتا دیارییمان نەكردووە.
*ئەی تیپەكەتان ئامادەیە؟
-زۆربەی یاریزانەكانمان ئێستا دیارییكراون، رەنگە چەند یاریزانێكی تریشی بۆ زیاد بكەین، پاش دیارییكردنی ستافی راهێنان، دەست بە مەشقەكانیان دەكەن.
*پاڵاوتنی یانەكانی سلێمانی كەی دەستپێدەكات؟
-رەنگە بەم نزیكانە كۆبوونەوەی هونەریی بۆ بكرێت، دواتر وادەی یارییەكان دیاریی دەكرێن.