کەرکوک ـ رزگار شوانی
تیپی تۆپی دەستی یانەی فەتاتی کەرکوک، یەکێکە لە تیپە باش و بەهێزەکان لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان، چەندین یاریزانی بەتوانا یاریی بۆ دەکەن، دوا بەشدارییکردنی ئەوە بوو لە سێیەمین پاڵەوانێتیی دۆستانەی نێودەوڵەتیی سەلوە سەباح، لە کوێت بەشدار بووە و سێیەمی ئەم پاڵەوانێتییەش بوو .
خاتوو زەینەب سەعدون، سەرۆکی ئەم یانەیە، سەبارەت بە تیپەکەیان دەڵێت: تیپی تۆپی دەستی یانەکەمان دوو ساڵ لەسەریەک، توانیی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عیراق بەدەستبهێنێت، ئەنجامی تیپەکانی تایکواندۆ و گۆڕەپان و مەیدان و جومناستیک و شمشێربازیی یانەکەشمان، لەسەر ئاستەکانی کوردستان و عیراق زۆر باشن، هیواشی خواست یانەکەیان بە گشتی هەنگاوی زۆر باشتر بنێت.
سەبارەت بە بەشدارییکردنیشیان لەو پاڵەوانێتییەی کوێت -دا وتی: پاڵەوانێتییەکە دۆستانە بوو، تیایدا سێ یاریمان کرد، دوو یارییمان بردەوە و لەیەک یارییدا بەرامبەر تیپی سەلوەی کوێت بە جیاوازی 4 گۆڵ دۆڕاین، پاڵەوانێتیەکەش زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوەچوو، ئامادەکاریی هونەری و رێکخستن و پێشوازیکردنی زۆر نایاب بوو.