ئا: شوان شێرزاد
قەزای خەبات، یەكێكە لە قەزا گەورەكانی پارێزگای هەولێر و دەكەوێتە سەر رێگای موسڵ، جگە لەوەی نزیكە لە زێی گەورە، هاوكات پێشتریش دارستانێكی چڕی هەبوو، كە ببووە هۆی نیشاندانی دیمەنێكی جوان و پاكڕاگرتنی ژینگەی ناوچەكە، كەچی لە ساڵانی رابردوو جگە لەوەی سەرجەم داری دارستانەكە بڕانەوە و لەناوچوون، دواتر لەچەندین خزمەتگوزاریی بێبەشكرا، بەتایبەتی دوای دانانی وێستگەی كارەبا و چەندین كارگە و پاڵاوگەی بێ كوالێتی و بێ فلتەر، خەڵكی بە تەواوەتی بێزار كردووە، بەجۆرێك وەك هاووڵاتیان ئاماژەی بۆ دەكەن، بەرهەمی كارەبا لەو قەزایە بۆ موسڵ دەڕوات، كەچی پاشماوەی دووكەڵ و گازە ژەهراوییەكەی بۆ خەڵكەكەی دەمێنێتەوە.
هاووڵاتییەک:
ژمارەیەك كارگە و پاڵاوگە و وێستگەیەكی كارەبا لە قەزاکەمان هەیە، بەڵام بوونی ئەو دامەزراوانە هیچ سوودێكیان بۆ خەڵكەکە نییە، جگە لە هەڵمژینی ژەهرەكەیان
رزگار كەریم، وەك یەكێك لە دانیشتوانی قەزای خەبات بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی پیسبوونی ژینگەی شارەكەمان لەماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا، سێ كەس لە خێزانەكەمان بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوە ئێستا دوو كەسی ترمان هەمان نەخۆشییان هەیە و بەدەست ئازارەكانی دەناڵێنن.
وتیشی: پێویستە حكومەتی هەرێم سنوورێك بۆ ئەو پێشێلكارییانە دابنێت، كە بەهۆی بوونی پاڵاوگەی نایاسایی و ژەهری پاشماوەی وێستگەی كارەبای ناحیەی كەورگۆسك سەر بە قەزاكە، زیانی زۆری بەخەڵكەكە گەیاندووە، ئەگەر ئەوە چارەسەر نەكرێت، دیارە مافی ژیان بەخەڵكی ئەم سنوورە بەڕەوا نابینن و پێیانوایە بەرژەوەندیی كەسانی سەرمایەدار و دەستڕۆیشتوو لە سنوورەكە زیاترە لە تەندورستی خەڵكی رەسەنی قەزاكە.
هێمن عەلی، هاووڵاتییەكی تری قەزاكەیە پێیوتین: راستە ژمارەیەك كارگە و پاڵاوگە و وێستگەیەكی كارەبا لە قەزای خەبات هەیە، بەڵام بوونی ئەو دامەزراوانە هیچ سوودێكی بۆ خەڵكەکە نییە، جگە لە هەڵمژینی ژەهرەكەی كە بەهۆی كاركردنیان رۆژانە بەسەرماندا دەبارێت.
ئەو باسی لەوەشكرد: لەگەڵ دەردانی ئەو گازە ژەهراوییانە، كەچی رێژەی سەوزایی لە قەزای خەبات كەمە و وەكو پێویست لەرووی ژینگەوە ئاوڕی لێنادرێتەوە، ئەمە لەكاتێكدا بژێوی خەڵكەكەی سنووردارەو توانای دابینكردنی چارەسەری ئەو نەخۆشیانەیان نییە، كە بەهۆی پیسبوونی ژینگە تووشی دەبن.
ئیسماعیل عەلی، بەهەمانشێوە نیگەران بوو لەوەی ژینگەی قەزای خەبات خراپە و كار بۆ پاككردنی ناكرێت، وتیشی: بەهۆی بوونی زێی گەورە لە نێوان ناحیەی كەلەك و قەزای خەبات، زەمینە لەبارە بۆئەوەی جارێكی تر دارستانی كەلەك دروست بكرێتەوە، كە پێشتر بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی لەلایەن هاووڵاتیانەوە وەك چەندین دارستانی تر بڕاوە و لەناوچوو. تەئكیدیكردەوە: جگە لەوەی پێویستە ژینگەی قەزای خەبات پاك رابگیرێت، هاوكات بەهۆی بوونی زێی گەورە، دەبوو بكرێتە شوێنێكی گەشتیاری و خەڵكی ناوچەكانی تر رووی تێبكەن، بەڵام بەداخەوە پشتگوێ خراوە و حكومەت ئەوەندەی گرنگی بە شارە گەورەكان دەدات، ئاوەڕ لە شارۆچكەكان ناداتەوە.