تۆنی بلێر: سەردەمی هەژموونی خۆرئاوا روو لە ئاوابوونە

09:50 - 2022-07-19
جیهان
419 جار خوێندراوەتەوە

تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا رایدەگەیەنێت، كە سەردەمی هەژموونی خۆرئاوا روو لە ئاوابوونە ‌و جیهان بەرەو دوو جەمسەری ‌و چەند جەمسەری هەنگاو دەنێت. 
لە كۆڕبەندی پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان ‌و ئەوروپا لە خۆرئاوای لەندەن، تۆنی بلێر لە وتارێكدا ئاماژەی بەوەداوە: جیهان لە قۆناغی گۆڕانكاریی مێژووییدایە ‌و دەكرێت بە كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان ‌و هەرەسهێنانی یەكێتیی سۆڤیەت بەراوردی بكەین، بەڵام ئەمجارە، خۆرئاوا سەركەوتوو نابێت. وتیشی: لە سایەی جەنگی ئۆكرانیادا، ئێمە لەبەردەم كۆتاییهاتنی هەژموونی سیاسی ‌و ئابووریی وڵاتانی خۆرئاواداین ‌و جیهان بەرەو دوو جەمسەری ‌و چەند جەمسەری هەنگاو دەنێت ‌و گۆڕانی گەورەی جیۆسیاسی ئەم سەدەیە، لە چین-ەوە دەبێت نەك روسیا.  
 روونیشیكردۆتەوە: پێگەی چین وەك زلهێزێك، ئاساییە، بەڵام ئەو وەك یەكێتیی سۆڤیەت نییە ‌و دەبێت خۆرئاوا رێگە نەدات كە ئەو وڵاتە لە رووی سەربازییەوە زاڵ بێت. وتیشی: دەبێت خەرجییەكانمان لە بواری بەرگریدا زیاد بكەین ‌و پێشكەوتن ‌و سەركەوتنمان لە بواری سەربازیدا بپارێزین، هەروەها ویلایەتە یەكگرتووەكان ‌و هاوپەیمانەكانی دەبێت لە رووی سەربازییەوە سەركەوتووبن، بە جۆرێك بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەگەری سەرهەڵدانی هەر جۆرە ململانێیەك لە هەموو ناوچەكاندا بكەن. 
جێی ئاماژەیە، تۆنی بلێر لە ساڵانی نێوان 1997 بۆ 2007، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بووە. 

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان