سه‌باح عه‌لی جاف *
سه‌دام و رژێمه‌كه‌ی كوردی‌یان له‌ژێر ناوی سورەتی ئه‌نفالدا جینۆساید كرد، بەڵام میمکە بڕیار ده‌دات لەو جێگایەی به‌عس مزگه‌وته‌كەشیانی جینۆساید كرد، مزگه‌وتێك دروست بكات
جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ژێر ناوی پرۆسه‌ی ئه‌نفال، به هه‌شت قۆناغ له‌لایه‌ن حكومه‌تی پێشووی عیراقەوە به سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن و به‌سه‌رپه‌رشتیی راسته‌وخۆی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید (عه‌لی كیمیاویی) ئه‌نجامدرا، به درێژای مانگه‌كانی ساڵی (1988)، به هه‌شت قۆناغ ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه له زۆرێك له ناوچه‌كانی باشووری كوردستان هه‌رله گەرمیانەوە تا بادینان به‌ڕێوه‌چوو، قۆناغی سێیەمی ئه‌نفال له ناوچه‌كانی گه‌رمیان ئه‌نجامدرا، ئه‌م قۆناغه به گه‌وره‌ترین و سامناكترین قۆناغی شاڵاوه‌كان دانراوه، چونكه زۆرترین مرۆڤی بێ‌تاوان له (منداڵ، گه‌نج، پیر) له هه‌ردوو ره‌گه‌ز به‌ره‌و چاڵه‌كانی مه‌رگ بران و بۆ ئه‌به‌د نه‌گه‌ڕانه‌وه.
رژێمه‌كه‌ی سه‌دام ده‌ستیان له هیچ نه‌پاراست، ئه‌وان مزگه‌وته‌كان و سوره‌تی ئه‌نفال و قورئانه‌كانیشیان ئه‌نفال كرد.
چیرۆك و كه‌سه‌ره‌كانی ئه‌نفال پاش (36) ساڵ به‌رده‌وامه و هه‌ر رۆژه‌ی هێندەی گه‌وره‌یی تاوانه‌كه، لێره و له‌وێ گوێبیستیان ده‌بین، بستێك خاك له گه‌رمیانی سوتماكدا نییه ئازار و چیرۆكێكی رۆژه ره‌شه‌كانی ئه‌نفالی له‌خۆ نه‌گرتبێت. ئێستاش ژنان و پیاوانی كه‌سوكاری ئه‌نفال به ته‌مای گه‌ڕانه‌وه‌ی رۆڵه‌كانیانن. زۆرێك له‌وان به حه‌سره‌تی گه‌ڕانه‌وه‌یان رۆحیان سپارد و ئازاره‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان برده ژێر گڵەوە، زۆری تریش له حه‌سره‌تی كه‌سوكار و نه‌وه‌كانیان تووشی ده‌یان نه‌خۆشیی ده‌روونی و جه‌سته‌یی بوون. به‌شێك له‌وان ئاوه‌زیان له‌ده‌ستدا و هه‌ڵوه‌دا به كوچه و كۆڵانه‌كاندا به‌دوای ئه‌واندا وێڵن.
له ناحیه‌ی رزگاری له (11ی كانوونی یه‌كه‌می 2024)، ژنێكی كه‌سوكاری ئه‌نفال كۆچی دوایی كرد، ئه‌و ژنه هه‌رخۆی به‌ته‌نها 14 كه‌س له نه‌وه و بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتوون، حاجی ئامینه فه‌قێ محه‌مه‌د، هاوسه‌ری خەلیفە حاته‌م حه‌سه‌ن شاسوار، یه‌كێك له‌و هه‌زاران ژنه‌ی به‌ر شاڵاوی شوومی ئه‌نفال كه‌وت و به‌شی زۆری كه‌سوكاره‌كه‌ی له ئه‌نفالدا تێداچوون و نه‌گه‌ڕانه‌وه.
میمكه ئامینە خه‌ڵكی ئاوایی بنەكه‌ی سه‌ربه ناحیه‌ی تیله‌كۆی سه‌ربه قه‌زای كه‌لارە، لە قۆناغی سێیەمی جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ژێر ناوی ئه‌نفالدا به‌خێزانه‌وه بەر شاڵاوە دڕندانەکەی بەعس كه‌وتن و لە گرتووخانەی تۆبزاوا لە منداڵەکانی جیاکراوه‌ته‌وه و ئەوان براونه‌ته قه‌ڵای نوگرەسەلمان.
میمكه ئامینە ماوەی حه‌وت مانگ، سەختترین رۆژەکانی برسێتی و تینوێتی و ترسی لەناو قەڵای نوگرەسەلماندا بەڕێکردووه، خەلیفە حاته‌می هاوسه‌ری حاجیش له‌گه‌ڵ منداڵ و نه‌وه‌كانی به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتن، پاش ده‌رده‌سه‌رییه‌كی زۆر، له زیندانه‌كانی به‌عس و قه‌ڵا ترسناكه‌ی نوگره‌سه‌لمان رزگاری بووه.
پاشان چووه‌ته که‌رکوک و لەماڵی حاجی رۆستەمی برای به ترس و نیگه‌رانیی زۆرەوە ماوه‌ته‌وه و خۆی حه‌شار داوه. پاش دەرکردنی لێبووردنی گشتی له‌لایه‌ن رژێمەوە لە (6/9/1988)، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ناحیه‌ی (سمود)ی پێشوو و (رزگاری)ی ئێستا. له‌گه‌ڵ حاجی ئامینه‌دا ژیانێكی كوله‌مه‌رگیان له‌چاوه‌ڕوانیی منداڵ و نه‌وه‌كانیاندا گوزه‌راندووه.
حاجی ئامینه و خه‌لیفه حاته‌م، هەموو جەژنێک، ئه‌و جه‌ژنه‌ی بۆ خه‌ڵكی خۆشی و شادی و بۆ ئه‌مان خه‌م و دڵته‌نگی بووە، جێ و بانیان راخستووه بە ئومێدەوە وتوویانه «بەڵکو ئەم جەژنی قوربانە منداڵەکان بێنەوە».
به‌داخ و حەسرەتەوە، چاوه‌ڕوانیان بوون تا ئه‌و ده‌مه‌ی له (نیسانی 2003)دا، رژێمی به‌عس رووخا و هیچ خەبەرێک نەبوو، خه‌به‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی كاروانه‌كان بووه سه‌راب و حاجی و خه‌لیفه‌ش تێگه‌یشتن ئیتر بۆ هەتا هەتایە ئه‌وان و ئه‌نفاله‌كان نایه‌نه‌وه، بۆیە دەیانوت: «خودایه حەقیان بسێنیت، بێ‌تاوانن».
له چاوه‌ڕوانیی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نفال و بێئومێدیی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یاندا خه‌لیفه حاته‌م له (4ی تشرینی دووه‌می 2007)، سه‌ری نایه‌وه و حاجی ئامینه‌ی به ته‌نها بۆ له كۆڵگرتنی ئازاره‌كان به جێهێشت.
حاجی ئامینه‌ش پاش كۆچی دوایی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ساڵانێکی زۆر بەتەنیا ژیا، هه‌میشە بە ئۆمێدی گەڕانەوەی منداڵەکانی بوو، بەردەوام ناوی منداڵە ئەنفالکراوەکانی دەهێنا، سه‌رباری ژیانێكی سه‌خت، به‌ڵام بڕیار ده‌دات له مووچه‌ی ئه‌نفالانه‌كه‌ی و به پاره و قووتی رۆژانه‌ی، مزگه‌وتێك دروست بكات و بیكات بەناوی كوڕه ئه‌نفالكراوه‌كه‌ی (فایه‌ق خه‌لیفه حاته‌م).
سه‌دام و رژێمه‌كه‌ی كوردی‌یان له‌ژێر ناوی قورئان و ئه‌نفالدا جینۆساید كردووه، كه‌چی (ئامینه‌ی حاجی) بڕیار ده‌دات و ئاوات و ئومێدی بوو مزگه‌وتێك دروست بكات، له‌و جێگایه‌ی له ئه‌نفالدا به‌عس مزگه‌وته‌كانیشی جینۆساید كردووه.
ئێش و ئازاری حاجی كه‌م نه‌بوو، مه‌گه‌ر هه‌ر خۆیان بزانن له‌چ دۆ‌زه‌خێكدا ژیانیان گوزه‌راندووه، ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ش دادی حاجی ئامینه و ئامینه ئاساكانی نه‌دا، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد حاجی ئامینە له‌م دوا دواییەی تەمەنه‌یدا، تووشی لە بیرچوونەوە ببێت و کەسە نزیکەکانی چاودێریی بكه‌ن، به‌و دۆخه‌شه‌وه هه‌میشه كۆڵێكی له كۆڵ كردووه و سه‌ر به‌ره‌وژوور ملی رێگای گرتووه. هه‌ركات لێیان پرسیو‌وه و جاربه‌جار بیری كه‌وتووه‌ته‌وه، وتویه‌تی «ده‌چمه‌وه بۆ ئاوایی بۆ لای منداڵه‌كانم»، پیری، نه‌داریی، نه‌خۆشی و بیرچوونه‌وه، منداڵه‌كانی بیر نه‌ده‌برده‌وه و هه‌میشه چاوه‌ڕوانیان بوو.
پێش مردنی ئاواتی ئه‌وه بوو ئه‌و مزگه‌وته‌ی به پاره‌ی ئه‌نفالانه له (گوند‌ی سماق) ده‌ستی به دروستكردنی كردبوو، ته‌واو ببێت و سه‌رێكی لێ بدات و دوو ركات نوێژی خێری بۆ گیانی پاكی ئه‌نفالكراون تێدا بكات، چه‌ند رۆژ به‌رله ماڵئاوایی یه‌كجاری، چووه گوند‌ی سماق و سه‌ری له مزگه‌وته‌كه‌ی دا، له‌وێ وتی»ئیتر من گه‌یشتمه ئاواتی خۆم، ساڵه‌هایه ئه‌م ئاواته‌م هه‌یه، شكور بۆ خودا نه‌مبرده گۆڕەوە، ئیتر قه‌یناکە بشمرم».
ئاواتی دروستكردنی مزگه‌وته‌كه‌ی نه‌برده گۆڕەوە، به‌ڵام ئاواتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازیزانی ئه‌نفالی هەر نەهاتەدی.
رۆژی (15ی كانوونی یه‌كه‌می 2024)، به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتیان و كه‌سوكاری حاجی ئامینه و ئه‌نفالكراوانی گه‌رمیان، له گوند‌ی سماق، مزگه‌وته‌كه‌ی حاجی كرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌و خۆی له‌وێ نه‌بوو و چوار رۆژ پیش‌تر كۆچی دوایی كرد و له گۆڕستانی (كه‌لاری كۆن)، دوور له كه‌سوكار و منداڵه‌كانی به خاك سپێردرا.
شایانی باسه بنه‌ماڵه‌ی خه‌لیفه حاته‌م و حاجی ئامینه، (14) كه‌س له منداڵ و كوڕ و كه‌سوكارییان به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتوون، حاجی ئامینه محه‌مه‌د ساڵح، له‌ساڵی (1940) له گوند‌ی بنه‌كه له‌دایكبووه و له هۆزی زه‌نگه‌نه بووه، حاته‌م حه‌سه‌ن شاسوار، له‌ساڵی (1927) له گوند‌ی بنه‌كه له‌دایكبووه و له هۆزی زه‌نگه‌نه بووه، هه‌ردووكیان به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتوون و له قه‌ڵای نوگره‌سه‌لمان زیندانی بوون، دواتربە لێبووردنی گشتی ئازادكران.
ناوی رۆڵە شەهیدەکانیان:
فایه‌ق حاته‌م حه‌سه‌ن (1960)، مەریوان فایه‌ق حاته‌م، (1983)، کاروان فایه‌ق حاته‌م (1985)، هاوژین فایه‌ق حاته‌م (1986)، وریا فایەق حاته‌م (1987)، سەدریە حاته‌م حه‌سه‌ن (1965)، بەدریە حاته‌م حه‌سه‌ن (1970)، بەهار مه‌جید فه‌تحی هاوسه‌ری فایه‌قی كوڕه گه‌وره‌ی خه‌لیفه حاته‌م (1963). كوڕه گه‌وره‌كه‌ی خه‌لیفه حاته‌م، تاقانه‌ی دایك و باوكی بووه، یه‌كێك له كچه‌كانی خه‌لیفه (به‌دریه) هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ (نه‌جمه‌دین حاجی مه‌جید قه‌ڵا) كرد بوو، خۆی و پێنج منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتوون، گوند‌ی بنەکە خاوه‌نی (260) ئه‌نفالكراو و شه‌هیدن.
* مامۆستای به‌شی مێژوو له كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی گه‌رمیان و ئه‌ندامی بۆردی سه‌نته‌ری جینۆساید له زانكۆی گه‌رمیان.