کاروان کاکەسوور
ئەگەر (نارین رۆستەم)ی شاعیر، بە ئاگایییەوە وشەی (بـــەرەواژ)ی بـــۆ ناونیشانی دیوانە شیعرییەکەی هەڵبژاردبێت، یان بە نائاگایی، ئەوە شتێک لەوە ناگۆڕێت کە ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی کاتێ دەتوانێت وەک گوتارێکی سەربەخۆ خۆی دەرببڕێت، کە مانای شتەکان بەرەواژ دەکاتەوە. بەرەواژکردنەوە پرۆسێسی گواستنەوەیە لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە. ئەگەر شتەکان لە دنیای شمەکدا تاکڕەهەندن و راستەوخۆ لە رێی سەرچاوەوە ماناکانیان دەگەیەنن، ئەوە لە دنیای ئاماژەدا ئازادیی خۆیان بە دەست دەهێنن و لەژێر دەستەڵاتی سەرچاوە رزگاریان دەبێت، بەو مانایەی کڵێشە و قاڵبەکان لە ئارادا نامێنن، تا مانای پێشوەختە بەو شتانە بدەن، بەڵکو هەر توخمێک دەتوانێت لەو بۆشایییەدا خۆی ناسنامەی خۆی دروست بکات، بگرە توانای ئەوەی هەیە بەردەوام ناسنامەکەی تێک بشکێنێت و هیی تری لێ پێک بهێنێت، بێ ئەوەی ئەو ناسنامەیە بچێتە دۆخێکی جێگیرەوە، بەڵکو دەکرێت لە بێ ژمار دۆخی دیکەدا خۆی دابڕێژێتەوە، مادام لە بەرانبەر خوێندنەوە و راڤە جیاوازەکاندا کراوەیە. بەم شێوەیە وێنەی شیعری (Poetic image) لە (بەرەواژ)دا بەرهەمی بەریەککەوتنی کۆمەڵێک پارگۆ(enunciation)ی جیاوازە، کە لە رێی ئەو بەریەککەوتنەوە شتەکان لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە دەپەڕنەوە. ئەگەر ئەدەبی ئاسایی کە بە زمانی رۆژانە دەنووسرێت، لەبارەی بابەتەوە دەدوێت و راستەوخۆ مانا زانراوەکان دەگەیەنێت، بەو واتایەی ئاڕاستەکە تاکڕەهەندە و تەنیا لە دەرەوە بۆ ناوەوەیە، ئەوە لێرەدا لە(بەرەواژ)دا شتەکان خۆیان دەبنە زمان و ناڕاستەوخۆ خۆیان دەردەبڕن، کە فرەدەنگیی و فرەڕەهەندیی بەرهەمی ئەو ناڕاستەوخۆیییەن. واتە ئاڕاستەکان لە ناوەوە بۆ دەرەوە و لە دەرەوە بۆ ناوەوەن، بگرە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز هەن و لە ئاسمانی دەقدا بەریەک دەکەون.
وێنەی شیعریی لە(بەرەواژ)دا بەرەواژکردنەوەی هەردوو چەمکی مێژوو و جیۆگرافیایە، بەو مانایەی کات لە خەسڵەتی زنجیرەیی دادەماڵێت و خەسڵەتی بازنەیی پێ دەدات، لەمەوە دووری و نزیکی مانای فیزیکیی خۆیان لە دەست دەدەن، توخمە جۆراوجۆرەکان لەناو ئەو بۆشایییەدا توانای ئەوەیان دەبێت بە هەموو لایەکدا بجووڵێن و بەر یەکتر بکەون. ئەمە نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییەیە، کە ڕێزمان سەپاندوویەتی، بەڵکو ئازادکردنی ئەو پارگۆیانەیشە، تا بکەونە جووڵە و مانای دیکە بەرهەم بهێنن.
لە (بەرەواژ)دا زمان لە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە دەچێتە ئاستی تاک، وەک چۆن خۆی مانای جیاوازتر لەوەی هەیە، بە شتەکان دەدات، بە هەمان شێوە وا دەکات هەر خوێنەرێکیش وێنەی دیکەیان لێ پێک بهێنێت. (بەرەواژ) لەوە دەردەچێت، کە تەنیا بە ناونیشانێک دابنرێت بۆ کتێبێک، بەڵکو دەبێتە شێواز، شێوازێکی تایبەت.
(پەردە) نوێترین شیعری (نارین ڕۆستەم)ـە، کە بە شێوازی بەرەواژ نووسراوە و کۆمەڵێک توخمی جیاوازی وەک پەردە، پەنجەرە، نەخشی گوڵەبەڕۆژە، عەبا، دەزوو، دەرزی، جلشۆر، کارگەی پەردەدرووین و هیی دیکە لە پاڵ کارەکتەری کچ، دایک، منداڵانی گەڕەک و هیی دیکە دەگرێتە خۆی.
پەردەکە
گوڵەبەڕۆژەیەکی تێدا بوو
چاوەڕوان بوویت
رۆژێک بدڕێت و
ئەو منداڵانەی گەڕەک،
کە تۆپیان دەگرتە پەنجەرەکەتان،
بناسیت.
هێزی زمان توانیویەتی هەموو ئەوانە بۆ وێنە بگۆڕێت، بەو مانایەی بوونەتە ئاماژە و ئەرکی دیکەی جیاوازیان گرتووەتە ئەستۆ. واتە دۆخەکە لە (بینین)ـەوە گۆڕاوە بۆ (هێنانە بەرچاو). لە هێنانەب ەرچاودا بەربەستە فیزیکییەکان تێک دەشكێن و توخمەکان لەوە دەردەچن پابەندی جیۆگرافیا و مێژوویەکی دیاریکراو ببن، بەڵکو لە بۆشاییدا دەخولێنەوە، تا سنووری کات و شوێن ببڕن، کە ئەو داینامیکییە وا دەکات لە هەر جووڵەیەکدا مانای نوێ بە دەست بێت. لێرەدا توخمی ناکاویی دەردەکەوێت، بەوەی وێنەکان ئەوەمان پێ ناڵێن کە چاوەڕێمان کردووە، بەڵکو دەمانخەنە بەردەم کۆمەڵێک گریمانەوە.
ساڵێکیان
پەردەکە چڵکن بوو و
گوڵەبەڕۆژەکە لەناو جلشۆردا
مەلەی دەکرد.
بەرەو پەنجەرەکە رات کرد.
عەبا رەشەکەی دایکت
بووبوو بە پەردە!
لێرەدا توخمی گێڕانەوە بەشدارە لەوەی سنووری کۆنکریتبەندیی نێوان توخمەکان هەڵبگیرێت، تا (کات) لە زنجیرەییەوە بۆ بازنەیی بگۆڕێت، هاوکات (شوێن) ئەو رەقێتییەی نەمێنێت و بە هەموو لایەکدا بکشێت، کە لێرەوە لادان، یان تێپەڕاندن (Displacement) دێتە کایەوە و شتەکان لە شێوەی سیمبۆلدا دەردەخات. بە مانایەکی دی، کاتێ پێکهاتەیان دەگۆڕێت و لە شێوەی دیکەدا پێشاندەدرێنەوە، ئەوە زمان بە ناچاریی دەچێتە ئاستێکی دیکە و مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕاوەدا دەکات، کە جیاوازە لەوەی زمانی رۆژانە دەریدەبڕێت، بۆیە وێنەکان سەیر دێنە بەرچاو و راڤەی جیاواز دەخوازن.
ساڵێکی دیکە
هەژاریی کونێکی کردە پەردەکەوە،
لەو کونەوە:
خۆر چاوی لێ داگرتیت.
دایکت پێی زانی...
لە قوتووە شۆکوڵاتەکەدا
دەرزی و دەزووی دەرهێنا و
کونەکەی دوورییەوە.
دەقی ئەدەبیی کاتێ دەتوانێت کاریگەر بێت و وێنەی جیاواز بخاتەڕوو کە ناڕاستەوخۆ، خۆی دەردەبڕێت، واتە بە زمانی تاکانەی خۆی دەدوێت، نەوەک بە زمانی کۆمەڵایەتی، کە مانای وایە شتەکانی دنیایەکی ئاسایی ناگوێزێتەوە، بەڵکو بە شێوازی نائاسایی دنیایەکی نائاسایی دەئافرێنێت.
ئێستا
لە کارگەیەکی پەردەدووریندا کار
دەکەیت
هەمووان وا دەزانن
مۆدێلێکی تازەت داهێناوە
کاتێک لە ناوەڕاستی پەردەکاندا
کونێک دروست دەکەیت.