بەختیار حەمەسوور
1 - 2
بۆ خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە دەمەوێت بە شوێن کلیلە تایبەتەکانی خۆمدا بگەڕێم، ئەو کلیلانەی کۆمەکم دەکەن چەند دانە لەو کۆد و ئاماژانەی لە نەستی ئەم چیرۆکەدان، کەشف و بکەمەوە. خوێندنەوەکەی من بۆ چیرۆکی (حیکایەتی مەجید خانەوەگ)ی پشتیوان ئەحمەد لە دوو گۆشەنیگاوە ئاراستە دەکرێت، یەکەمیان گەڕانە بە شوێن «توخمی زاڵ» لە چیرۆکەکەدا، کە لای من«گێڕانەوە»یە، دووەم وەستان لەسەر هەندێک خەسڵەتی وردتر لە چیرۆکەکەدا، کە خۆی لە کەسێتی و جۆری مامەڵەکردنی لەگەڵ مێژوودا، دەبینێتەوە.
ئەم چیرۆکە بۆ من بریتییە لە کۆمەڵێک دیمەن، لە هەریەک لەو دیمەنانەدا وێنەیەک یان زیاد لە وێنەیەک پێشان دراوە، ئاشکرایە کە بینین رەگەزی سەرەکیی هەر دیمەنێکە، بینینیش سەرەتای گێڕانەوە و بەجووڵەخستنی چیرۆکە. لەم چیرۆکەدا دیمەنەکان لە قووڵایی ئارەزووی بینینەوە هاتوون. لەناو جووڵە و کرداری کەسایەتییەکاندا خوڵقاون. چیرۆک، واتە گێڕانەوەی کردار، کردار واتە جووڵە، بەردەوامیی جووڵە و کردار یانی بەردەوامیی چیرۆک و گێڕانەوە. هەر لێرەدایە کە «توخمی زاڵ» لەم چیرۆکەدا شێوەگر دەبێت. لە رەخنەی نوێدا «یەکێک لە چەمکە گرنگەکانی فۆرمالیزمی رووسی چەمکی توخمی زاڵە (العنصر المهیمن). کاری ئەدەبیی بۆخۆی دەرئەنجامی لێک ئاڵانی کۆمەڵێک سیستم و کەرەستە و رەگەزە. بەڵام لە نێوانیاندا یەکێکیان زیاتر دەردەکەوێت و زەق دەبێتەوە و باڵادەست دەبێت.»* بۆ نموونە، دەکرێت لە چیرۆکێکدا دیالۆگ زاڵ بێت، هەر ئەوەی لە چیرۆکی (بکوژان)ی ئێرنــست هەمینــــگوایـــدا هەیـــە. لە (حیکایەتی مەجید خانەوەگ)دا توخمی زاڵ «گێڕانەوە»یە، ئەگەرچی گێڕانەوە بۆ خۆی توخمێکی بنچینەیی چیرۆکە، بەڵام دەکرێت لە چیرۆکێکدا ببێت بەو توخمەی کە بەسەر توخمەکانی دیکەدا زاڵ بێت. ئێمە لەم چیرۆکەدا لە بەردەم لێشاوی گێڕانەوەداین، کە زنجیرەیی و لەسەر هێڵێکی راست، بەرەو پێشەوە دەڕۆن. لەم چیرۆکە تا رادەیەک درێژەدا، ئێمە لەگەڵ گێڕانەوەیەکدا رووبەڕووین کە ئەگەرچی بە یەک نەفەس و ریتم دەکشێت، بەڵام لەبری ئەوەی چیرۆکێکی درێژی یەکپارچەییمان پێشکەش بکات، لەپێش کۆمەڵێک دیمەندا دەمانوەستێنێت، کۆمەڵێک دیمەن کە تێکڕای حیکایەتی ژیانی مەجید پێک دەهێنن. ئەم کۆمەڵە دیمەنە جگە لە کۆمەڵێک لێ روودان «لێ قەومان»، کە توخمی «گێڕانەوە» لە هەریەکەیاندا زاڵە، هیچی دیکە نین. لەم چیرۆکەدا، لە رێی ئەو دیمەن و پارچە گێڕانەوانەوە گەشتێک بە ژیانی پڕ لە چەرمەسەریی و قەیراناویی مەجید خانەوەگدا دەکەین، هەر لە رێی ئەو دیمەنانەوە و بە مۆنتاژکردن و خستنەپاڵیەکی ئەو وردە حیکایەت و لێ روودانانە دەگەین بە دڵی چیرۆکە گەورەکە، کە چیرۆکی مەجیدخانەوەگە. دیمەنەکان لە کات و شوێنی جیاوازدا روو دەدەن، بەیەکگەیشتنەوەی کۆی ئەو پارچانە و چنینیان لە رووبەری چیرۆکەکەدا، کۆیەک لە «گێڕانەوە» دەڕسکێت. گێڕانەوە، ئەو رەگەزە زاڵەیە بە چوار مێخەی ئەم چیرۆکەدا داکوتراوە، گێڕانەوەیەک کە هەوا و هەناسە لە ژیانەوە وەردەگرێت، لەناو لۆچ و پێچی ژیانی مەجید و تیکڕای ئەو مرۆڤانەی تەموورەی مەجیدیان داوە، چ ئەوانەی گەپی پێ دەکەن و چ ئەوانەیش هاودڵین، دەسووڕێتەوە. بۆ هەر گێڕانەوەیەک، بەهانەیەک پێویستە، بەهانایەک کە بەردەوامیی بە ژیان دەدات، هەر وەک لە (حیکایەتی هەزار و یەکشەو)دا دەیبینینەوە، لە (حیکایەتی مەجید خانەوەگ)دا ئەو بەهانەیە لە قاودان و پێشاندانی ژیانی مەجید و زەمەنەکەیەتی، هەڵبەت لە کات و شوێندا، کـــــات: دەورکــــردنــــەوەی دەورانـــــی منداڵـــیی مەجید و ئەو زەمەنەیە کە مەجید تێیدا دەبێتە پێشمەرگە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، شوێنیش هەمان خانەقین و شاخەکانی کورستان و زێوە و ئۆردوگای خوڕەم ئابادە لە ئێران. ئاشکرایە ئەمڕۆ ئیمکانێکی ترمان لە بەردەم «گێڕانەوە»دا هەیە، کە بە «دژەگێڕانەوە» یان «هیچ نەگێڕانەوە ـ هیچ روونەدان» ناودێر دەکرێت، ئەم چیرۆکە سەر بەو ئیمکانە نییە، لەم چیرۆکەدا لە چاوێکی شایەتحاڵانەوە بەردەوام بۆمان دەگێڕدرێتەوە، لە رێی گێڕانەوەوە ژیان دەدرێتەوە بە کەسانێک کە ژیانیان لێ زەوت کراوە، کەسانێک بەردەوام پەراوێزخراو و نەدیو گیراون، «گێڕانەوە» لەم چیرۆکەدا جیا لە پێدراوێکی هونەریی و جوانیناسی، چەکێک و گورزێکە بۆ ئەو کەسانەی کە زمانیان لێ سەندراوەتەوە و بە چاوی نزم بۆیان روانراوە، ئەمان بە زەبری «گێڕانەوە» شەڕی ژیانی فەوتاویان دەکەن، پێداگرانە لە خۆیان دەدوێن، بێ سڵەمینەوە و شەرم، هەرچی بە زمانیاندا دێت دەیڵێن و نایگرنەوە، دەینووسن.