چەند هەنگاوێک لە پەڕ

11:52 - 2024-12-19
ئەدەب و هونەر
198 جار خوێندراوەتەوە

شیعری: نەدا ئەلحاج
لە عەرەبییەوە: تەیب جەبار



-1 شۆستە
بە شۆستەکەدا تێپەڕیم.. نەیناسیم،
سڵاوم لە کورسییە چۆڵەکە کرد
دەنگمی بیر نەکەوتەوە،
لەگەڵ چڵەدارە شۆڕەکەدا
میهرەبان بووم،
گوێی نەدا بە لوتفم
ئایە هەنگاوەکانم گۆڕاوە
تا خیانەت بکات؟
نامەوێت لەوە زیاتر بزانم،
لەوە زیاتر ئەوین ببەخشم،
لەوە زیاتر کرنۆش بەرم،
لەوە زیاتر نوێژ بکەم.
دەمەوێ تەنها شەقامەکە بمناسێت.
 
-2 لە ناسکیی سێبەردا
 هەموو ئەوەی پێشتر هەبوو دەیسڕمەوە،
من لە نێوان وەهم و خۆشیدا پارچەکانم کۆدەکەمەوە
ئەوەی هەبوو دەیسڕمەوە،
بۆ ئەوەی بیرم بکەوێتەوە
من ئێستا لێرەم
بۆ ئەوەی لە گریمانەیەکدا بسرەوم،
بایەخ بە بانگەوازێک بدەم
لە ناسکیی سێبەردا.
ئاوڕ لە خونچەیەک بدەمەوە
کە کەوتە ناو دەستم،
ماچم ئامێزی بۆ کردووەتەوە.
 ئەوە دەڵێم کە پێشتر نەموتووە
 هەناسەم لە بەفردا هەڵدەکۆڵم،
باز بەسەر پشکۆدا دەدەم،
بەرەو ئەو شوێنە هەڵدەکشێم
کە هەوا رەنگی دڵی گرتووە،
ئەوە دەڵێم کە پێشتر نەموتووە.
 
 -3 سەرەوەیی شێتیی
هەریەک لە ئێمە پەناگەی خۆی دەزانێ،
هەریەک لە ئێمە دوورین.
رۆژێک دێت لەسەر ئەم زەوییە،
جگە لە هەردووکمان کەس نامێنێ.
لە سەرەوەی جەنگ
لە سەرەوەی شێتیی
لە دوای شێتیی
هیچ نامێنێ جگە لە دوو باڵ،
جگە لە خۆشەویستیمان
کە مەودا دەسڕێتەوە.
جگە لە پێکەنین لەسەر زەوی،
پێکەنین هەتا شێتبوون،
جگە لە من و تۆ
لەسەر ئەم زەوییە هیچ نامێنێ.

 -4 شەپۆل
لە ئامێزی گریمانەی فراواندا
کە سروەیەکی بچووک رایدەماڵێت
تۆ دڵت بە گەڵا دامەپۆشە،
روانینت بە گوڵ مەشارەوە،
عەترت بە گۆرانی حەشار مەدە.
کاتێک شەپۆلی سەفەر
بەلەم قووت دەدات،
لە قوڵاییدا بەدوای دار و پەردوویدا مەگەڕێ.
فریشتەی دەریا بە میهر بوون لەگەڵیدا
خەونی دواڕۆژیان تیا بونیادنا،
کاتێک گریمانە لە ئاسۆی دەریادا
بەرینتر دەبێت.
 
• نەدا ئەلحاج، یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی لوبنان، کچی شاعیری ناسراوی لوبنان (ئونسی ئەلحاج)ە، لە بەیروت لەدایکبووە و هەر لەوێ دەژی، چەندین کۆمەڵە شیعری بڵاوکردووەتەوە، لەوانە (پەنجەکانی روح، گەشتی سێبەر، دارستانی تیشک.......هتد)، دوا دیوانی بەناونیشانی(چەند هەنگاوێک لە پەڕ)ە. شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیسپانی، ئەڵمانی. لە چەند شانۆگەرییەکیشدا وەک ئەکتەر بەشدار بووە. ئێستا خەریکی کۆکردنەوە و ئامادەکردنی سەرجەم بەرهەمە شیعریی و پەخشانەکانی باوکییەتی، بەمەبەستی چاپ کردنیان.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان