درامای "جیهانێکی نایاب"

درامای "جیهانێکی نایاب" کاتێک دایکێک بە قورسترین تاقیکردنەوەی ژیاندا تێپەڕدەبێت

11:54 - 2024-12-19
ئەدەب و هونەر
118 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی


یەکێک لەو دراما کاریگەر و بەهێزانەی ساڵی 2024 چانسی ئەوەم هەبوو تەماشای بکەم، درامای (wonderful world) واتا جیهانێکی نایاب- ی کۆریای باشوور بوو، کە هەر ساڵی 2024 نمایشکراوە، ئەو درامایە لە پاڵەوانێتی کوڕە ئەکتەر و ئەستێرەی گۆرانی و دیاری کۆریای باشوور (چان ئوو نوو)ە لەگەڵ ژنە ئەکتەری بە ئەزموون (کی نام جوو)ە، پێش هەموو شتێک ئەوەی وا دەکات ئەم درامایە جیاواز بێت لەو دراما کۆرییانەی پێشتر تەماشام کردوون، ئەوەیە خاڵی سەرەکیی دراماکە رۆمانسیی نییە، بەڵکو باس لە خۆشەویستییەکی پیرۆزتر لە خۆشەویستی نێوان ژن و پیاوێک دەکات، ئەویش دایک و کوڕە.
رۆڵی ژنێکی نووسەر دەبینێت
هاوکات ئەو تایبەتمەندییەی وایکرد ئەو درامایە بۆ من سەرنجڕاکێش بێت ئەوەیە، ژنە پاڵەوانەکە رۆڵی ژنێکی نووسەری سەرکەوتوو دەبینێت کە وەک یەکەم ژنی کۆریای باشوور لە دراماکەدا خەڵاتێکی گرنگی ئەدەبیی وەردەگرێت، خاڵی وەرچەرخان لە دراماکەدا ئەوەیە کاتێک خۆشترین و نایابترین رۆژ لە ژیانی ئەو دایکەدا دەبێتە دۆزەخ و بۆ هەتا هەتایە ژیانی دەگۆڕێت، کە کوڕە تاقانەکەی بە رووداوێکی هاتوچۆ بە سەختیی بریندار دەبێت و پاشان کۆچی دوایی دەکات.
باس لە لەدەستدان دەکات
دراماکە باس لە لەدەستدانی دایکێک دەکات بۆ کوڕەکەی بە شێوەیەکی بێ رەحمانە، هاوکات باس لە گەندەڵیی و دەسەڵاتی پیاوانی سەرمایەدار و حکومەت دەکات بەسەر دامودەزگاکانی دادوەرییدا، کاتێک بکوژیی منداڵەکە لە سزا رزگاری دەبێت، لە گرتەیەکی کاریگەردا دایکەکە بە وێنەی کوڕەکەیەوە دەچێتە بەردەم بکوژەکە و یەک داوای لێی هەیە، ئەویش ئەوەیە داوای لێبوردن لە کوڕەکەی بکات، بەڵام زۆر بێ رەحمانە رەتیدەکاتەوە، ژنە پاڵەوانەکە لەو ساتەدا شتێک دەکات کە رەنگە زۆر دایک لە دۆخێکی وا نالەباری دەروونییدا بیکەن، ئەویش ئەوەیە بە هەمانشێوە بکـــوژەکـــە دەکــــوژێتــەوە و زۆر ئاسایی ئامادەیە سزای زیندانیی ئەو کارەی وەربگرێت.
دەتوانم بڵێم بە درێژایی دراماکە دڵت پڕ دەبێت و رەنگە بگریت، بەڵام خەمناکترین دیمەن کە دەتهێنێتە گریان ئەوەیە کاتێک لە زیندان دایکەکە لەگەڵ ژنە زیندانییەکانی دیکەدا کار لەسەر مەکینەی بەرگدروو دەکەن، لە خەمباریی و بێهوودەییدا بەرامبەر بە ژیان دەستی دەچێتە بەر دەرزیی مەکینەکە و زۆر بە خەستیی بریندار دەبێت، بەڵام ئەو ئازارەی لەناخیدایە ئەوەندە زۆرە هەست بە ئازاری جەستەی ناکات.
دەگەنە رێکەوتنێک
بێگومان جوانیی دراماکە لەوەدایە چۆن کارەکتەری پاڵەوانەکە دوای بەربوونی لە زیندان گەشە دەکات و کارێکی پیرۆز دەخاتە ئەستۆی خۆی، بێ ئاگا لەوەی چۆن ئەم تۆڵەی کوڕەکەی کردۆتەوە بە هەمانشێوە کوڕێک هەیە تۆڵەی کوشتنی باوکی دەکاتەوە، کە ئەستێرە (چان ئوو نوو) رۆڵی دەگێڕێت و لەوێوە پەیوەندییەکی سەیر لەنێوانیاندا دروست دەبێت، لە گرتەیەکدا (چان ئوو نوو) بە ژنەکە دەڵێت: تۆ باوکمت کوشتووە، بۆیە ناتوانم لێت خۆش ببم منیش کوڕی بکوژی کوڕەکەتم، بەڵام دەکرێت پێکەوە کاربکەین. بە جۆرێک دەگەنە رێکەوتنێک هەموو ئەو کەسانەی بەرپرس بوون لەو گەندەڵییانە و ئەوانەی دەستیان هەبووە لە شاردنەوەی راستییەکاندا دەستگیر دەکرێن.
راستە ناوی دراماکە دوورە لەو هەموو رووداوە ناخۆشەی نێو دراماکە، بەڵام دواجار ئەو دایکەی کوڕەکەی لەدەستداوە دەبێتە دایکی چەندین منداڵی بێ باوک و دایک و جیهانێکی نایابیان بۆ دروست دەکات و ئەزموونی خۆی لە کتێبێکی نوێدا بەو ناوەوە بڵاودەکاتەوە و خەمی لەدەستدانی کوڕەکەی بە خۆشەویستیی چەندین منداڵ کە پێویستیان بە خۆشەویستیی دایکێکە پڕ دەکاتەوە.   

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان