سازدانی : بڕوا بەرزنجی
گفتوگۆ لەبارەی مەرگ لە روانگەی نووسەران و ئەدیبانی دیاری کورد، پڕۆژەیەک بوو پانزە ساڵ لەمەوپێش دەستمپێکرد و بەشێکی وەک کتێب«مردن بەڕێوە» چاپ و بڵاوبوەوە، هەندێ لەو گفتوگۆیانەیش کاتیان گەیشتە ئەمڕۆ! بەڵام، مەرگ بابەتێکی فەلسەفی و وجودیی گرنگە بۆ ئینسان و هەمیشە دوودڵ و راڕا بیر لەم هاوکێشە بێ چارەسەرە دەکاتەوە.
د. ئەحمەدی مەلا، شاعیر و نووسەری دیاری کورد، کە یەکێکە لە نووسەرە دیار و بیرکەرەوەکانی کورد، کە هەمیشە رای تایبەت و بیرکردنەوەی خۆی هەیە، لەم تەوەرەدا وەڵامی پرسیارە کۆنەکانمان دەداتەوەو وەڵامی قوڵ و روون و پڕبۆن و بەرامەی ژیاندۆستی دەخوێنینەوە.
د. ئەحمەدی مەلا
هێزە توندڕەوەکان بەرامبەر بەم شارستانییەتە شەڕێکیان هەڵگیرساندەوە بە چەکی ئیسلامێکی ئایدیۆلۆژی کە بە چاوێکی سووکەوە سەیری ژیان دەکات، بەمجۆرە دەیەوێ گرەوەکە لە خۆرئاوا بەرێتەوە
بڕوا بەرزنجی: پێش ئەوەی هەر پرسیارێک بکەم، گومان لەوەدا نییە، کە ئێوە یان هیچ کەس ئەزموونی مەرگی نییە، بەڵام ئێوە وەک نووسەرێک و شاعیرێک، ئێستا هەستتان دەربارەی مردن و مەرگی خۆتان چییە، کە گفتوگۆی دەربارە دەکەین؟
من دەمێکە بیر لە مردن دەکەمەوە، تەنانەت مردن وەک وەسوەسەی لێهاتووە، بیر لە دوای مردن ناکەمەوە، چونکە دەزانم دوای مردن شتێکی دیکە نامێنێ. کۆنترین ئەدەبییات کە قسەی لەسەر مردن کردبێت، داستانەکەی گیلگامیشە، یەکەم داستانی فەلسەفییە کە لە پیرۆزیی داماڵراو بێت، واتە، بیر لە مەرگ دەکرێتەوە نەک بۆئەوەی بزانین دوای مردن چ روو دەدات، بەڵکو لە پێناو ئەوەی ئەم ژیانەمان خۆشتر بکەین. منیش هەر لە سۆنگەیەوە بیر لە مردن دەکەمەوە، واتە دەبێ چی بکەم، یا چیم پێ دەکرێ پێش ئەوەی بە یەکجارەکی ئەم دنیایە جێبهێڵم.
بڕوا بەرزنجی: جیاوازی بیرکردنەوەی شاعیرانە و بیرکردنەوەی دینیانە چییە بۆ مەرگ، لە کاتێکدا مەرگ نهێنییەکی کەشف نەکراوە؟
بە بۆچوونی من بیرکردنەوەی شاعیرانە لەمەڕ مردنەوە بوونی نییە، بەڵکو بیرکردنەوەی شاعیر هەیە، واتە، مەحوی بە جۆرێک سەیری مردنی کردووە جودایە لە یەکێکی وەکو ئەبو نواس. بەڵام، پێ دەچێ، بیرۆکەی مەرگ لای شاعیران هەمیشە ئامادەگییەکی بنەڕەتی هەبێت، ئەمەش پێویستی بە وردبینیی زیاترە. مەرگ و ژیان لە لای شاعیرانی «حوجرە» پەیوەستە بە ئامادەگی دولبەرەوە، ئەم گەمە شیعرییە قسەی زیاتر هەڵدەگرێت و لە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکانماندا زیاتر قسەم لەسەری کردووە، واتە، ژیان و مەرگی شاعیر دەکەونە ژێر رکێفی سەرهەڵدانی مەعشووقەوە، جا ئەم خوێندنەوەیە سۆفییگەرانە بێت یا نا.
بەڵام، ئەفسانە ئاینییەکان، یا دنیا بینییە ئاینییەکان، بە چاوێکی جوداوە سەیری مەرگیان کردووە، ئەم جیهانبینییە ژیان بە مەودایەکی کورتخایەن دەزانێ، کورتخایەن بەرامبەر بە ئەبەدییەتێک کە ئەویان دەبێ بە ژیانێکی راستەقینە، بۆیە دەبێ لەم ژیانە چاکە بکەین تاکو دنیا ئەبەدییەکە بەرینەوە...بە بڕوای من، بردنەوەی ئەم ژیانە زۆر گرنگترە. تێگەیشتنی ئاینییش دابەشدەبێت بەسەر رەوت و رێبازی جیا جیا، رووە هەر تراژیدییەکەی دەگاتە سنووری مەرگدۆستی، واتە، مەرگ دەبێ بەو دەرگایەی کە دەمانباتە ژیانێکی هەتا هەتاییەوە، ئەم خوێندنەوە تراژیدییئامێزەیە کە هێزە توندڕەوەکان ئیشیان لەسەر کردووە و شەهادەت دەکەنە ئەو تاجەی کە مرۆڤی پێ باڵادەست دەبێت. لەم رووەوە، ژیان پووچ دەکاتەوە، بێ بەهای دەکات، بایەخەکەی لێ دەسێندرێتەوە، دواجار مرۆڤی پێ بچووکدەکرێتەوە. سەرهەڵدانی هێزە توندڕەوەکان، دەتوانین بڵێین هەر هەموویان برەو بەم ئایدیۆلۆژیایە دەدەن، مەرگ زیندوو دەکەنەوە و ژیان دەبێتە پاشکۆیەکی بێکەڵکی ژیان. ئەم خوێندنەوە، هەموو ئیرادەیەکی تەندروستی لە مرۆڤەکان دەسەنێتەوە، تەمەڵ و تەوەزلی دەکات و ئیدی سەیری ئایندە ناکات، بەڵکو ئێستا ئایندە دەکاتە قوربانی ژیانی دنیایەکی دیکە.
جگە لە رەهەندە سیاسییەکەی کە ئەمیان لە شەڕێکی بێ ئامان دایە لەگەڵ شارستانییەتی خۆرئاوا، خۆرئاوایی براوە لە کایە جیاوازەکاندا، زانست، ئابووریی، تەنکنۆلۆژی...هتد. هێزە توندڕەوەکان بەرامبەر بەم شارستانییەتە شەڕێکیان هەڵگیرساندەوە بە چەکی ئیسلامێکی ئایدیۆلۆژی کە بە چاوێکی سووکەوە سەیری ژیان دەکات، بەمجۆرە دەیەوێ گرەوەکە لە خۆرئاوا بەرێتەوە.
بڕوا بەرزنجی: هەست دەکەن لەدوای مردن جیهانێکی تر و زیندووبوونەوە هەبێت، ئایا رۆح لە جەستە جیادەبێتەوە و بڕوات بۆ دونیایەکی تر؟
لەم ماوەیەی دوایی، فەیلەسوفی فەڕەنسی میشێل ئۆنفرای کتێبێکی نووسی بە ناوەی «ئەنیما» واتە رۆح، باس لە مێژووی سەرهەڵدانی رۆح دەکات تاکو هەڵوەشانەوە. سەفەرێکە بە نێو شارستانییە دێرینەکانەوە، شامانی، میسری فیرعەونی، مێزۆپۆتامی، یۆنانی دێرین تاکو سەرهەڵدانی ترانسئویمانیسم کە جەخت لە ئەگەری دەستکاریکردنی هەلومەرجی مرۆڤ دەکات هەم لە رووی کەلتورییەوە، هەم لە رووی بیۆلۆژییەوە، ئەمەش لە رێگەی تەکنۆلۆژیای هاوچەرخەوە.
بە جۆرێکی دیکە، سەرهەڵدانی چەمکی رۆح لە مێژووی فیکردا سەرەتای هەیە، جیاکردنەوەی رۆح و جەستە مێژووی تایبەتی خۆی هەیە، دراوێکی خۆڕسک نییە، بەڵکو لە رێگەی کەلتورە جیاوازەکانەوە پەیدا بووە. میسرییە کۆنەکان، رۆح لە جەستە جیا دەکاتەوە، لە دوای مردن رۆح سەفەر دەکات، جا بۆ رێخۆشکردن بۆ ئەم سەفەرەش، دروستکردنی ئەهرامەکان و مۆمیا و هتد دەبن بە کەرەسەی گونجاو بۆ ئەوەی ئەم زیندووکردنەوەیە بە شێوەیەکی باش بەڕێوەچێت.
هەروەک چۆ ئۆنفرێ ئاماژەی بۆ دەکات و دەڵێ:
رۆحی نا ماددی و نەمر کە سەرەتا پیتاگۆرس، دواتر ئەفلاتون، ئینجا مەسیحییەکان تەبەنی دەکەن، دەسپێک بیرۆکەیەکی میسرییە. هەر وەک چۆن ئێرۆدۆت(باوکی مێژوونووسان) لە کتێبی لێکۆڵینەوە لەمەڕ مێژوو و نەریتەکانی خەڵکی میسر باسی دەکات و دەنووسێت : جارێکی دیکەش، ئەوە میسرییەکان بوون کە باسی ئەوەیان دەکرد کە رۆحی مرۆڤ نا مادییە. ئێرۆدۆت II-123)
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە گەیشتوونەتە دەستی ئێمە، میسرییە دێرینەکان بڕوایان وا بوو کە دنیایەک هەیە کە جێی مرۆڤە و گەردوونێکیش هەیە جێی خوداوەندانە، دنیایەک خاوەن فەزا و کاتە و گەردوونێکیش لە دەرەوەی کات و بێ سنوورە، ئەویش دنیای ئەقڵمەندیی خوداوەندە کە مەرگ بوار دەدات کە مرۆڤ لەم دنیایەوە بپەڕێتەوە بۆ ئەو دنیا و رۆحی مردوو بۆ «ئاسمان» بەرزدەبێتەوە.
لە «کتێبی مردووان»ی میسری کۆن « مردوو نانی دا بە برسیان، ئاوی دا بە تینوان، بەرگی دا بە رووتان» بەرامبەر بە ئینجیلی مەتا دەوەستێت کە عیسا روو لە پیاوچاکان دەکات و دەڵێ :» برسی بووم ئێوە نانتان دامێ، تینوو بووم ئێوە ئاوتان دامێ، رووت بووم ئێوە پۆشاکتان دامێ.» ( ئینجیلی مەتا. 25.35، 36)
لە کتێبی مردوواندا، دوعا و نزایەک هەیە زۆر لە هی مەسیحییەکان و موسڵمانان دەکا کە هەزار ساڵ پێش هاتنی مەسیح نووسراوە. رستەیەکی تێدایە کە رەهەندێکی جیهانی هەیە کە دەڵێ « کەسم تووشی گریاننەکرد.
«لە بەش (CXXV)چەمکی جەستە گۆڕی رۆحە سەرەتا هی پیتاگۆرە کە دواتر ئەفلاتون پەرەی پێدەدا. رۆح نەمرە، هەمیشە لە جوڵەدایە و رەچەڵەکێکی ئاسمانی هەیە. تاکو مرۆڤ زیندوو بێت، رۆحی زیندانی جەستەیەتی، کاتێک دەمرێ رۆحی بەرز دەبێتەوە و لە هادێس تا ماوەیەک دەمینێتەوە و پاک دەبێتەوە پێش ئەوە بۆ دنیای باڵا بەرز بێتەوە.
پلۆتین دوو سەدە دوای زایین پەرە بەم بابەتە دەدات کە بە ئەفلاتونییەتی نوێ ناودەبرێت و دەبێت بە بناغەی مەسیحییەت کە دواتر سۆفیگەریی ئیسلامی تەبەنی دەکات.
لە روویەکی دیکەشەوە، خۆی گەردوون، بە پێی داتا زانستییەکانی ئەمڕۆ، سەرەتا یەک پنت بووە و دواتر، دوای تەقینەوە زەبەلاحەکە فەزا لە کشاندایەوە. بیردۆزەکانی ئەریستۆ سەبارەت بە جوڵەی تەنەکان لە لایەن گالیلۆوە پووچ کرایەوە و دواتر ئەنشتاین تێگەیشتنێکی نوێمان پێشکەش دەکات، ئەویش لە رێگەی بیردۆزەی رێژەیی گشتی و لەم ساڵانەی دواییش تەلیسکۆپی بە توانا نێردراوەتە فەزا بۆئەوەی لە رێگەی سەرنج و وردبوونەوە و داتای نوێمان سەبارەی بە مێژووی گەردوون دەستکەوێت. ئەمە سەفەرێکی زانستی بێوێنەیە تاکو مرۆڤ زیاتر ئاشنا بکات بە مێژووی گەردوون و مێژووی سەرهەڵدانی زەوی و هتد.
بڕوا بەرزنجی: رەشبین نین لە نەبوونی چارەسەر و خۆدەربازکردن لە مەرگ؟ئایا نووسین چارەیەک نەبووە بۆ نەمری ؟
ئێمە هەموومان دەمانەوێ فێڵ لەمەرگ بکەین، واتە فێڵ لە خۆمان بکەین. فیرعەونەکان، ئەم فێڵەیان بۆ دروستکردنی ئەهرامەکان فەرهەم کرد، لە شارستانییەتەکانی دیکە، بە جۆری دیکە، لە ئاستی تاکەکانیشدا، هەن بە نووسین، هەن بە مێتۆدی دیکە دەیانەوێ درێژە بە ژیان بدەن، بەڵام، هەرهەمووی جۆرێکە لە فێڵکردن. نە ئەهرامەکان فیرعەونەکانیان رزگار کرد نە شکسپیر بە نووسینەکانی توانی نەمر بێ، ئەوەی نەمریی بەخشیوەتە ئەم شتانە، ئەوە زیندووەکانن، واتە ئێمەین. بە جۆرێکی دیکە، ئەوە شکسپیر نییە کە نەمرە، بەڵکو ئەوە منی زیندووم کە دەیخوێنمەوە، ئەوە منی زیندووم کە سەیری ئەهرامەکان دەکەم، لە نهێنییەکانی دەکۆڵمەوە و هتد. بۆیە نووسین چارەسەری مەرگ ناکات، بەڵام ئاسانکاریی دەکات بۆئەوەی بژین، لە رێگەی نووسینەوە مانا بدەین بە ژیان، یا وردتر مانا بدەمە ژیان.
هەمیشە کاتێک دنیا جێهدەهێڵین، تێر نە ژیاوین. بۆرخێس لە شوێنێک دەڵێ مرۆڤ هەرگیز میوەیەک نییە کە پێگەیشتبێت بۆ مردن. هەمیشە شتمان ماوە هەم بۆ گوتن، هەم بۆ جێبەجێکردن
بڕوا بەرزنجی: ئێوە لەو تەمەنەی بەڕێتان کردووە، وەک نووسەرێک و بیرکەرەوەیەکی چالاک، هەست بە پیرێتی دەکەن، ئایا ترستان لە مەرگ هەیە یان لە پیرێتی؟
خۆی پیرێتی بە تەنیا نایەت، بەڵکو هەڵگری منداڵیی و قۆناغی هەرزەکاریی و تەمەنی کامڵبوونیشی لەگەڵ دایە، بۆیە، ئێمە کە پیر دەبین، دەبێ بەوە دڵخۆش بین کە ئەو قۆناغانەی ژیانمان لە ناو پیریی خۆماندا هەڵگرتووە، تەنها ئەوانە پیر نابن کە ناژین، واتە پیربوون سەرمایەیە بە مەرجێ مرۆڤ تووشی کێشەی زۆری تەندروستی نەبێت. نازانم من پیرم یا نا، چونکە هەست ناکەم. پیربوون ئەوکاتە روودەدات، واتە، بە راستی دەستپێدەکات کە ئیدی ناتوانین وێنای ئایندە بکەین و پڕۆژەمان نەمێنێ و تەنها رابردوو ببێ بە گۆڕەپانی بیرکردنەوەکانمان. هەرئەمەشە کە مرۆڤ رەنگە تووشی ئەلزەهایمەریش بکات، واتە رابردوو، رابردوو و بەس، ئەویش بە تەنیا دەبووژێتەوە، جا ئەو رابردووش هەمووی، بە تێکڕایی نابووژێتەوە، چونکە زاکیرە، یادەوەریی سەلێکتیڤی هەیە، واتە هەڵبژێرەرە، رەنگە دەستکاریی رەگەز و دیمەن و قۆناغ و کەسەکان بکات. کاتێک ئێستا نامێنێ، کۆی ئەو رەگەزە رابردووانە جێگۆڕکێ بە شوێنەکانیان دەکرێت...ئەمە خۆی لە خۆی جۆرێکە لە مەرگ. تاوارگەنشین کاتێک تەنها بیر لە زێد و نیشتیمان دەکاتەوە، ژیانی ئێستای بەهای نامێنێ، ئەمەش جۆرێکە لە مەرگ.
بڕوا بەرزنجی: ئەگەر هەست بکەیت مردن نزیکە، ئەوەی هەست دەکەیت مردن ناهێڵێت بیکەیت و بیڵێیت چییە، چ شتێک بە تەواونەکراوی بەجێدەهێڵیت (کە مەبەستی تۆ بێت)؟
راستییەکەی، ئێمە، هەمیشە کاتێک دنیا جێهدەهێڵین، تێر نە ژیاوین. بۆرخێس لە شوێنێک دەڵێ مرۆڤ هەرگیز میوەیەک نییە کە پێگەیشتبێت بۆ مردن. هەمیشە شتمان ماوە هەم بۆ گوتن، هەم بۆ جێبەجێکردن. من خۆم، شتێکی زۆر تایبەتیم نییە بیڵێم، چونکە، ئەوە پەیوەندیی بەو ساتەوەختەوە هەیە کە ئیدی ژیان تەنها چەند چرکەکەی دەمینێ. ئەودەمەش قسەی خۆی دەبێ.
بڕوا بەرزنجی: زۆرجار مرۆڤەکان لە ژیان هەڵدێن و دەچنە باوەشی مەرگەوە، لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهانیدا زۆر شاعیر و ئەدیب هەن، کە بەهۆی ونبوونیان لەنێو کتێبەکاندا و ناشیرینیی واقیعی ژیان خۆیان دەکوژن، یان عاشقێک بەهۆی لەدەستدانی مەعشوقەکەیەوە مەرگ هەڵدەبژێرێت، یان (تیرۆریستێک) کە پێی وایە ژیان ناشیرین بووە کۆتایی بە ژیانی خۆی و کۆمەڵێک ئینسانی دیکە دێنێت، ئەم جۆرە هەڵبژاردنەی مەرگ چییە، بەڕاست شەڕی هەرسێ گرووپەکە لەپێناو جوانکردنەوەی ژیاندایە، ئایا دەکرێت لە ڕێگەی مەرگەوە شەڕی ژیان و جوانی بکرێت؟
خۆی. مەرگ دەسمایەیەکە دەبەخەشرێتە هەموو بوونەوەر و تەن و زیندەوەرێک. ئەمە یاسایەکی فیزیایی بەڵگەنەویستە، ئەوەی دەگۆڕێ مەودا و کاتەکانە. جۆرە مێشولەیەک هەیە کە بە فەرەنسی پێی دەگوترێت ئێفێمێر واتە کەمخایەن، چەند کاژێرێک تا چەند رۆژێک دەژی، مێش بۆیە هەیە تا 10رۆژ بژیت، پەپوولە دەتوانێ دوو هەفتە بژیت، گەلە ئەستێرە دوو سەد تا سێ سەد ملیۆن ساڵ دەژی، وەک دەگوترێت خۆر نیوەی تەمەنی بەسەر بردووە، ئەستێرەکان دەمرن، ئەستێرەی نوێ لەدایکدەبێت، فیل بۆی هەیە 70 ساڵ بژیت، کیسەڵ رەنگە بگاتە 100ساڵ، ئیدی بەمجۆرە... هەموو تەن و زیندەوەر و هەسارەکان لە نێو ژیان و مەرگدان.
جاران تێکڕای تەمەنی مرۆڤ چل ساڵ بوو، ناوەندی تەمەن جیاوازە لە نێوان مرۆڤێک کە لە ئەفریقا دەژیت لەگەڵ مرۆڤێکی دیکە کە لە ئەوروپادا دەژیت، لە ئەوروپاش دەگۆڕێ...جاران مرۆڤی 100کەم بوون، ئێستا زۆر زیاترن، واتە، تەمەنی مرۆڤ وابەستەی هەلومەرجی ژینگەی تەندروستییە. وەک لە سەرەوە گوتم مەرگ دەسمایەیە، واتە، هەموو مرۆڤێک دەمرێ، بەڵام هەموو مرۆڤێک بە باشی ناژیت. ئەمە کرۆکی بابەتەکەیە. چۆن بارودۆخی خەڵکیی باشتر بکرێت تاکو بە شێوەیەکی تەندروستتر بژین.
مادام، ئەدەب کایەیەکی دەگمەنایەتییە، بۆیە کێشەی مەرگ لە دێر زەمانەوە بووە بە بابەتی ئەدەبی، فەلسەفی.جا، لەم نێوەندە بۆی هەیە، مرۆڤ پەنا بۆ خۆکوشتن بەرێت. هەروەک ئەدگار مۆران، گەورە سۆسیۆلۆژی فەرەنسی دەڵێ، لە مێشکی هەموو مرۆڤێک گۆشەیەکی تاریک هەیە. ئەم گۆشە تاریکە رەنگە بەرەو شێتبوونمان بەرێت یا بەرەو خۆکوشتن. هۆکارەکان زۆرن، مرۆڤ هەیە لە بێئومێدی پەنا بۆ مردن دەبا، یا تووشی عەشقێکی ناکام دێت. مێژووی ئەدەب پێماندەڵێ کە چەندین هونەرمەند پەنایان بۆ مەرگ بردووە، وەکو یەسێنین، ڤان گۆگ، دالیدای گۆرانبێژ، ڤێرژێنا ئۆلف...لە هەموو بارێکدا ژیان بە مەرگ جوان ناکرێت، ئەوەندەی دیکە ناشرین دەبێ کاتێک لە پێناو ئایدیایەکی پووچ مرۆڤ پەنا دەبا خۆی لە نێوکەسانی دیکەدا بتەقێنێتەوە، ئەمە ئیدی ئەوپەڕی نابووتییە.
بڕوا بەرزنجی: باوەڕتان بە نووسینی وەسێت هەیە؟ئەگەر بڕوات بە وەسێتکردن هەیە دەکرێت وەسێتی خۆتم بۆ باسبکەیت؟
وەسێت بۆ یەکێک دەست دەدا کە گەیشتبێتە ئاستێکی وا کە بە نووسین یەک دوو شت لە دوای خۆی بەجێبهێڵێت، من لەوانە نیم.