باخچەكانی كەركوك بێ خزمەتن

10:48 - 2022-07-19
ڕاپۆرت
580 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

ماوەی چەند ساڵێكە لە پڕۆژەی پارێزگای كەركوكدا بڕیاری دروستکردنی سەدان باخچەی گشتیی لە گەڕەكەكان و شوێنە گشتییەكاندا دراوە، كە هەندێكیان تەواو بوون بیری ئاو و نافورەشیان بۆ كرابوو دیمەنێكی جوان و دڵڕفێنیان بە شارەكە بەخشی بوو، بەڵام چەند ساڵێکە پڕۆژەکە وەستاوە و نەک هەر باخچەی نوێ دروست ناکرێت بەڵکو باخچە دروستکراوەکانیش پشتگوێ خراون و بەرەو وشکبوون دەچن، لەبەرئەوەی ئەو كارێكارانەی كاریان خزمەتكردنی باخچەكان بوو گرێبەستەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە و بێئاویش هۆكارێكی تری ئەو وشكبوونەیە.
پێش پڕۆسەی ئازادی عیراق تەنیا بیست باخچە و دوو پارك لەشاری كەركوكدا هەبوو، بەڵام ئێستا 184 باخچە و سێ پاركی گەورە و 81 شۆستەی سەوزایی لە شارەکەدا هەیە.

پاشا گەردانی لە باخچەكاندا
ئاودێر بەهرۆز دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە و دەڵێت: لەم سێ چوار ساڵەی دوایدا پڕۆژەی باخچەكانی كەركوك بە تەواوەتی پەكیان كەوتووە و منداڵان بە ئارەزووی خۆیان تۆپ تۆپێنی تێدا دەكەن و هیچ لایەنێك نییە لە خەڵكی گەڕەكەكان و بەرپرسی باخچەكان لێپرسینەوە لەو بێ خاوەنییەی باخچەکان بکەن.
لانە كەریم دانیشتووی رێگەی بەغدای شاری كەركوكە وتی: شوێنی حەوانەوەمان باخچەكانە، بەڵام سەرنج دەدەم ئەوەی كە دێت بەماڵی خۆی نازانێت نان دەخوات ‌و منداڵەكەی یاری دەكات لە دەوری، بەڵام كە دەڕوات شوێنەكەی خۆی خاوێن ناكاتەوە و بگرە گوڵ‌ و درەختەكانی ئەو ناوەش دەهەژێنێت ‌و لق ‌و پۆپەكانی دەشكێنێت، چاوی لەخزمەتگوزارێكی بە تەمەنە شوێنەكەی خاوێن بكاتەوە بۆیە لەسەر هاووڵاتیانە باخچەکان وەک ماڵی خۆیان بپارێزن.

باخچەكان بەپێی رێژەی  دانیشتوان نین
شاری كەركوك رۆژ لە دوای رۆژ لە فراوانبووندایە و پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان پاركی زیاتر بۆ شارەكە دروست بكەن‌ و ئەو پارك‌ و باخچانەی ئێستا لەشارەكەدا هەن بیپارێزن لە وشکبوون.
ئەو هاووڵاتیە باسی لەوەشكرد، لە گەڕەكە كوردنشینەكاندا باخچە و شوێنی حەوانەی هاووڵاتیان وەك پێویست نییە، بۆیە داواكارین لەبری دروستكردنی باڵاخانە گرنگی بەدروستكردنی باخچە و پارك بدەن.
رێبین عەلی دانیشتووی گەڕەكی خەزرا لە كەركوك وتی: گەڕەکەکەمان هیچ باخچەیەکی تێدا نیە و ئەو باخچەو پارکانەشی لە گەڕەکەکانی تر کراونەتەوە بەپێی پێویست نین لە کاتێكدا کەرکوک شارێکی گەرمە و پێویست بوو بەڕێژەیەکی زۆر باخچەو سەوزایی تێدا بێت تا هاوکار بێت بۆ فێنک بوونەوە و حەوانەوەی هاووڵاتیان.
شكۆفە كەریم دانیشتووی گەڕەكی رزگاریە وتی: زۆر پێویستە لەشارەكە ناوچەیەكی گەشتیاری ‌و چەندین پارك ‌و شاری یاری منداڵان هەبن بۆ ئەوەی لە کاتی پشووەکان خۆمان و منداڵەکانمان تیایدا بحەوێینەوە و ناچار نەبین روو لە سەیرانگای شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەین.
وتیشی، شاری کەرکوک شوێنی گەشتیاری و حەوانەوەی زۆرە ئەگەر لایەنی بەرپرس گرنگی پێ بدات و ئاوەدانی بکاتەوە و سەوزی بکات وەك رووباری خاسە كە لەكاتی خۆیدا شوێنی گەشتیاری بووە، بەڵام ئێستا لەبەر خۆڵ و خاشاک بۆنێکی ناخۆشی هەیە و حەز ناکەیت بە تەنیشتیدا تێپەڕیت.

کەم ئاوی و نەبوونی کرێکار کێشەی سەرەکین
فەرەیدون عادل بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك راگەیاند: راستە پێویستمان بە باخچەی جۆراو جۆرە لە شارەكەدا، بەڵام كێشەی گەورەمان بێئاوییە کە رووی لەشارەكە كردووە و لەسەرەتادا بۆ هەر باخچەیەك بیرێك بە قوڵی شەست مەتر لێدرا بوو، بەڵام لەبەر دابەزینی ئاستی ئاو لەشارەكەدا زۆربەی بیرەكان لە وەرزی هاویندا وشكیان كردووە كە پێویستیان بە هەڵكەندنی بیری نوێ هەیە بەقووڵی 100 مەتر ئەمە پێویستی بە بودجەیەكی گەورەیە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا بۆ ئەو 184 باخچەیەی لەشارەکەدا هەیە پێویستیمان بە هەزارو 50 كارمەندە بۆ خزمەتكردنیان، بەڵام لەبەر نەبوونی كارمەند تەنیا 47 كەسمان بۆ تەرخانكردووە ئەمەش گەورەترین گرفتی بۆ دروستكردوین، چونكە هەر باخچەیەك یان پاركێك کە دروست دەکرێت سەرەتا دەبێت سەرجەم پێداویستیەكانی بۆ دابین بكرێت ‌و هەر شوێنێك خزمەت نەكرا بەتایبەت باخچە و پاركەکان هاووڵاتیان سەردانی ناكەن، چونكە هاووڵاتی بەدوای شوێنی خۆش ‌و كەشێكی ئارامدا دەگەڕێت.
وتیشی: لە هەندێك شوێنی باخچەكان لەبەر نەبوونی ئاو بەشەوان یان بەیانیان زوو بە تەنكەر ئاوی باخچەكان دەدەین ئەمیش لەئاستی پێویستدا نییە، هەروەها پێشنیازی دروستكردنی چەند ناوچەیەكی گەشتیارییان کردووە ئەگەر هاتوو جێبەجێكرا ئەوا شارەوانی دەتوانێت بەباشترین شێوە سەرپەرشتی بكات.
بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك ئاماژەی بەوەشکرد، لەشاری كەركوك تەنیا شەش پارك بۆ حەوانەی دانیشتوانی شارەكە هەیەو لەو ژمارەیەش سێ دانەیان بەپێی خواستی هاووڵاتیان نییە، چونكە بەپێی پێویست خزمەت نەكراوە و هاوكارەكەشی بەغدایە بودجەی پێویستمان بۆ دابین ناكات بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست خزمەتی سەوزایی ناو شاری كەركوك بكەین.

#كەركوك

بابەتە پەیوەندیدارەکان