كێشەی خوێندكارانی كوردی كۆلیژی یاسا چارەسەركرا

״لیژنەی وەرگێڕان پێكهێنراوە و تاقیكردنەوەكانیان دەكەنەوە״

11:57 - 2024-12-22
کوردستان
246 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد

پارێزگاری كەركوك، كێشەی خوێندكارانی كوردی كۆلیژی یاسای چارەسەركرد، كە داوایان لێكرابوو بە زمانی عەرەبی وەڵامی پرسیاری تاقیكردنەوەكان بدەنەوە.
لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، د.بێستون عادل بڕیاردەری بەشی كوردی لە زانكۆی كەركوك، رایگەیاند: رۆژی 19/12، نووسراوێك ئاڕاستەی زانكۆی كەركوك كراوە و تێیدا داوادەكرێت جگە لە زمانی عەرەبی، نابێت بە زمانەكانی تر وەڵامی پرسیارەكان بدرێتەوە، ئەوەش نیگەرانیی زۆری لای خوێندكارانی كورد دروستكرد.
ئاماژەی بەوەشكرد كە دوای ئەوەی رێگریی لە خوێندكارانی كورد لە كۆلیژی یاسا كرا وەڵامی پرسیاری تاقیكردنەوە بە زمانی كوردی بدەنەوە، خوێندكاران هۆڵی تاقیكردنەوەكانیان بەجێهێشت ‌و دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی كرد، وتیشی: دوای ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەهەوڵی پارێزگاری كەركوك و خالید شوانی وەزیری دادی عیراق، نووسراوەکە هەڵوەشێنرایەوە و خوێندكاران وەك پێشتر وەڵامی پرسیارەكان دەدەنەوە.
هەر لەوبارەیەوە، پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەوەی بۆ كوردستانی نوێ خستەڕوو «ئەو خوێندكارانەی هۆڵی تاقیكردنەوەكانیان بەجێهێشت، بەهۆی تێنەگەیشتنیان بووە لە پرسیارەكان، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی وەرگێڕانیان بۆ پێكهێنراوە و لە رۆژانی ئایندەدا دووبارە تاقیكردنەوەكانیان دەكەنەوە و هەقیان نافەوتێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان