لە پارێزگای سەماوە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە پێدەچێت هاووڵاتی کوردی تێدابێت

01:01 - 2024-12-22
کوردستان
509 جار خوێندراوەتەوە



دۆزینەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە تەل ئەلشێخەی پارێزکای سەماوە راگەیاندرا، پشکنین و لێکۆڵینەوەی دی ئێن ئەی ئێسکەکان دەستی پێکردووە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، گۆڕە بە کۆمەڵەکە هەڵدرایەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان وا دەردەکەوێت کە ئەو کەسانەی لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا زیندەبەچاڵ کراون کورد بن، بەوپێیەی جلوبەرگەکانیان رەنگاورەنگە و لە جلوبەرگی کوردی دەچێت.

لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا چەندین روفاتی ژن و منداڵی تێدایە، تەنانەت ژنی تێدایە دووگیان بووە و هەر بە دووگیانی زیندەبەچاڵ کراوە.

لەوبارەیەوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەم تاوانە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دوژمنی گەلی كورد گوێی بە هیچ شتێك نەداوە و كاری بەردەوامی كردووە بۆ سڕینەوەی كورد.

وتیشی، بەداخەوە ئێستاش گەلی كورد بە یەكچاو سەیری یەكتر ناكات و پەند لە رابردوو وەرناگیرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان