د. هەرێم عوسمان
ئەزموونی شیعری کوردیی رۆژهەڵاتی کوردستان، ناونیشانی نامەیەکی ماستەری (گوڵەباخ حوسێن)ە، بە سەرپەرشتی (پ.د. هیمداد حوسێن) ساڵی 2016 پێشکەشی کۆلێجی پەروەردە-زانکۆی سەڵاحەدینی کردووە. مەبەستی لە ئەزموون، جیهانبینی شاعیرە لە تاقیکردنەوەی شیعردا. نامەکە بە رێبازی مێژوویی وەسفی شیکاریی تەواوکاریی نووسراوە و لە سێ بەش پێکهاتووە.
1
بەشی یەکەم، (قۆناغەکانی شیعری کوردیی رۆژهەڵاتی کوردستان) ئەم بەشە لە سێ تەوەردا قۆناغەکانی شیعری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتەڕوو، سەرەتا بە کلاسیک و دوایش بە هاوچەرخ کۆتایی پێدێنێت. توێژەر لەو راستییەوە دەستپێدەکات کە کورد بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و زمانی ستاندارد، وا کەوتووەتەوە کە ئەزموونی شیعری بە پێی شێوەزارە جیاوازەکان بێت و لەپاش فۆلکلۆر شیعری کلاسیک بە یارمەتی میرنشینە کوردییەکان دابمەزرێت. شیعری کلاسیکی رۆژهەڵات لە موکریان سوودی لە شێوازی کلاسیکی بابان، کە نالی سەرمەشقی بووە، وەرگرتووە. (وەفایی، عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان - ئەدەب و حەریق) بەنوێنەری قوتابخانەی شیعری بابان و بەرەی یەکەمی شاعیرانی کلاسیک لە رۆژهەڵات و ناوچەی موکریان دادەنرێن، بەرەی دووەمیش لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانی لە (سەیف، کۆکەیی، شەوقی) پێکهاتوون. شیعری بابان و موکریان خزمن، نزیکییەکی مێژوویی-زمانی-کەلتوریان لەنێواندایە، چونکە لە بنەڕەتدا بابانەکان لە موکریان سەریانهەڵداوە، بەڵام شیعری کلاسیکی موکریان وەک بەرەی دووەمی بابانەکان دادەنرێن، چونکە پێش وەفایی شیعری کلاسیک لە رۆژهەڵاتدا نەبووە، تەنیا مەهدینامەی ئیبن حاج هەبووە، کە زیاتر لە شیعری میللی نزیک بووە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان نێوانی هەر دوو جەنگی جیهانی، دەستپێکی قۆناغی کلاسیزمی نوێیە، کە سەردەمی دەرکەوتنی رێبازی رۆمانسیزمی کوردییە و بە قۆناغی (گواستنەوە) ناسراوە
لە رۆژهەڵاتی کوردستان نێوانی هەر دوو جەنگی جیهانی، دەستپێکی قۆناغی کلاسیزمی نوێیە، کە سەردەمی دەرکەوتنی رێبازی رۆمانسیزمی کوردییە و بە قۆناغی (گواستنەوە) ناسراوە و توێژەر پاش باسکردنی تایبەتمەندییەکانی شیعری کلاسیک، تەوەری دووەم بۆ ئەم قۆناغە تەرخان دەکات. گواستنەوە گوزارشت لە جوڵە و پەڕینەوە دەکات، لە کۆنەوە بۆ نوێ، کە نە کۆن نە نوێی تەواوە، لەبەرئەوە وەک کلاسیزمی نوێ ناودەبرێت، کە بەزۆری ناوەڕۆکی شیعر دەگۆڕێت و خۆی لە بابەتەکانی کلاسیزم دادەبڕێت. هاوکات ئەستەمبوڵ وەک پایتەختی عوسمانییەکان و پردی رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵات بووە، ناوەندی کۆبوونەوەی نووسەر و رۆشنبیران و رێکخراوەکانیش، لەبەرئەوە گۆڕانکارییەکان رەنگدانەوەیان لە ئەدەب و چاپەمەنی و جیهانبینی کورددا هەبوو. حاجی قادری کۆیی دامەزرێنەری جۆرە شیعرێکی رۆشنبیری بوو، کە لە کلاسیکدا دەگمەن بوو، هەروەها کاریگەریی لەسەر شێخ نووری و پیرەمێرد و گۆرانیش هەبوو، تا درێژەپێدەر و تێپەڕکەری ئەو چوارچێوە کلاسیکە ببن و بەرەو نوێخوازیی تەواو هەنگاو بنێن. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش شۆڕشی مەشروتە گۆڕانکاری لە دنیابینی و رۆشنبیری و ئەدەبی ئێراندا هێنایەکایەوە، کوردیش بەشداریی ئەم شۆڕشە بوو، بەڵام بەدیوە پێچەوانەکەی بەسەر کورددا شکایەوە، لەبەرئەوە چالاکی کوردیی بەردەوام بوو، تا کۆمەڵەی (ژێ.کاف) دامەزرا و کۆماری کوردستان لە مەهاباد سەرچاوەی چەندین گۆڕانی گرنگ بوو، شاعیرە دیارەکانی ئەم قۆناغەش (سەیفی قازی، شەوقی، مەلا مارفی کۆکەیی)ن، کە هێمنی شاعیر سەیفی قازی وەک مامۆستای شاعیرانی موکریان دادەنێت. پاش باسکردنی تایبەتمەندیی شیعرەکانی ئەم قۆناغە، توێژەر ئاوڕ لە شیعری نوێی باشووری کوردستان و قوتابخانەی شیعری گۆران دەداتەوە، کە گۆران وەک قوتابخانە ناودەبات، بە جۆرێک کە کاریگەریی لەسەر چەند گروپ و قوتابخانەی ئەدەبی هەبووە، وەک (کەرکوک – کفری) و (روانگە) و (قوتابخانەی هەولێر)، ئەم گروپانە لەگەڵ کاریگەریی بە قوتابخانەی گۆران، هەوڵی خۆدابڕانیشیان دەدا، لەبەرئەوە زۆرێک لە توێژەران، گروپی روانگە بەسەرەتای ئەدەبی هاوچەرخ ناو دەبەن. هەرچی سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستانە، وێڕای کاریگەریی ئەمانە، بەڵام راستەوخۆ ئەدەبی فارسی کاریگەریی لەسەری هەبووە، لەبەرئەوە توێژەر باسی شیعری هاوچەرخی فارسی وەک شیعری نیما، شاملو و فروغ بەتایبەت دەکات. هاوکات شیعری رۆژهەڵاتی کوردستان تا 2014 چەندین رەوتی بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێک ئەم قۆناغانە دیاری دەکەن:
یەکەم: رەوتی یەکەم، 1960 تا شۆڕشی گەلان 1979، کە سوارەی ئێلخانیزادە توانی ئایدیای مۆدێرنیزم بێنێتە ناو شیعرەوە.
دووەم: رەوتی دووەم، لە 1980 تا ناوەڕاستی نەوەدەکان، ژیلای حوسێنی و جەلال مەلەکشا لە دەنگە دیارەکانی ئەم قۆناغەن.
سێیەم: رەوتی سێیەم، لە 1990 بۆ 1998 کە بەیاننامەی داکاری بەناوی نۆ کەسەوە تیا بڵاوکراوەتەوە، شیعری (چرکانە)ش فۆرمێکی پێشنیارکراوبوو لەم بەیاننامەیەدا.
چوارەم: رەوتی چوارەم، لە کۆتایی نەوەدەکان تا ئێستا، شیعری پێوەر و شاعیرانی جیاوازنووس لەلایەن فەرزاد میر ئەحمەدی ناوی لێنراوە و مانیفێستی بۆ نووسراوە، با نموونەیەک لە شیعری ساڵح سووزەنی بهێنینەوە:
زمان
حەزەکانم
لە جامێکی لێو باریکی ئەفسانەیی...
ئازارەکانم
حەزترین بوون
لەناو باریکە ئاسمانی ژینی ژێری...
هەر لە ماوەی ئەم رەوتەی چوارەمدا دوو شێوازی شیعری دەرکەوتن، کە شیعری (شێتی) یونس رەزایی و ئانارشیزمی زمانی ساڵح سووزەنییە. هاوکات غەزەلنووسی فۆرمێکی شیعری زاڵ و باوەو لە رۆژهەڵاتی کوردستان، مۆرک و مێژووی تایبەتی خۆی هەیە.
2
بەشی دووەم، (خاسییەت و تایبەتمەندییە شیعرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان)، ئەم بەشە لە سێ تەوەردا زمان، وێنە و ئاوازی شیعری شیعرەکانیان دەخاتەڕوو. توێژەر پێیوایە زمانی شیعریی بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، بەجۆرێک بۆ هەندێک قۆناغ و شاعیر، خودی زمان و لادانی زمانی بووەتە ناسنامەی شیعرییەت، لەوانە ئەنارشیزمی زمانی سووزەنی و شێتی رەزایی. لەلادانی زماندا چەند دیاردەی وەک، دووبارەکردنەوە، سووکردن یان لابردنی دەنگ و پیت، لێکردنەوە، لەئاستی وشەشدا بەکارهێنانی وشەی کۆن و بیانی و داهێنانی وشەی نوێ و لە ئاستی رستەسازیشدا تێکدانی بنیاتی پێکهاتەی رستە و لابردنی کەرەستەی بنەڕەتی، بۆ نموونە لە شیعری (سکاڵا)دا، جەماڵ نەجاڕی، کردار لا دەبات:
ئای سەیرکەن، سەیر
ئەم هەرێمە کپە و مات و هاوار؟
بێدەنگی خەون و تارمایی ئەشق/ تێکەڵ
هاوکات بە لوتکەکردن و سوودوەرگرتن لە زمان و ئەدەبی فۆلکلۆر و میللیش لە تایبەتمەندییەکانی زمانی شیعری ئەم قۆناغەن، بۆ نموونە هەژان بابامیری لەقاڵبی چوارینەدا پەندێک تێهەڵکێش دەکات:
مەڕۆ، مەڕۆ، جیهان بۆشە
بەوادەیەکم مەفرۆشە
دوێنێ پیاوێکی پیر ئەیوت،
دەنگی دەهۆڵ لە دوور خۆشە!
سەبارەت بە وێنەی شیعری، شاعیرانی مۆدێرن و پۆستمۆدێرن، بایەخێکی زۆریان پێدەدا کە وشە و وێنەیان ئاوێتەی یەکتر کرد و چەندین شێواز و جۆری وێنەیان لە وێنەی هەستی و واتایی، وەستا و جوڵاو داهێناوە، یونس رەزایی دۆزەخ بە دایک دەچوێنێت:
دۆزەخ هەی دایکە میهرەبانەکەم
(هەڵبەت تکایە هەرگیز من مەدرکێنە بۆ فێنکایی)
شیعری نوێ بەناوی جۆری شیعری (ئازاد، سپی، پێوەر و چرکانە...هتد)، دەستکاری بنیاتی شیعر و لەناویشیدا ئاوازی شیعریان کردووە، لەبری کێش و سەروا گرنگی بە ریتم و ئیقاعی مۆسیقی لە جوانیکاری ئاوازی شیعردا دەدەن، هەرچەند بە بڕگەکردنی وشەکان زۆرجار هەمان کێشی فۆلکلۆرمان دەست دەکەوێتەوە. ئاوازی شیعر پێکدێت لە دەرەوە، ناوەوە و لایەکان(سەروا)، کە توێژەر لەم پۆلێنەدا چەندین نموونەی شیعریی دەهێنێتەوە.
3
بەشی سێیەم، (ناسنامەی نەتەوەیی لە شیعری رۆژهەڵاتی کوردستاندا)، ئەم بەشەش لە سێ تەوەری ئایدۆلۆژیا و کێشەی ناسنامە و بزوتنەوەی شیعری فیمینیستی دەخاتەڕوو. بەشێک لە شاعیرانی رۆژهەڵاتی کوردستان شیعرەکانیان لە خزمەتی ئایدۆلۆژیای حیزبێک و بزوتنەوەیەکی سیاسیدا نووسیوە، سوهەیلا قادری دەنوسێت:
لە دارگوێزی چیاکانەوە فێربووم
خۆڕاگر و بەغیرەت بم...
کانیاوەکانی کوردستان دەرسیان دادام
کە قەتاوقەت وشک نەبم
دیموکراتیش فێری کردم
وشەی کوردم
قەت و هەرگیز لەبیر نەکەم
شیعری سیاسی و پاپەندبوون لە تەنیشت شیعری ئایدۆلۆژی و نەتەوەیی بە چڕی لەناو شاعیرانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێت. جەلال مەلەکشا دەنووسێت:
چل ساڵە من
تەرمی خۆمم لەکۆڵ ناوە
دەیگێڕم و ئەشک ئەڕێژم
رێگەی دووری تەمەن ئەبڕم
بستێ خاکم دەستناکەوێ
ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی
تیابنێژم
هاوکات رەمز و چەڤەنگ، رۆڵێکی گرنگی لە شیعرییەتی شیعری شاعیراندا بینیوە، چونکە هۆکارێک بووە تا شاعیران خۆیان لە واتای راستەوخۆ و کورتکردنەوە و فشاری دەسەڵات بپارێزن، بۆ نموونە عەلی لەیلاخ (با) وەک رەمزی تاکی کورد دەچوێنێت:
با...
گەمژە نییە، کە بێ نیشتمانە!
نیشتمانی بەتاڵ لە خۆی، بە پوشێک ناوێ
دواتر توێژەر باسی ناسنامە و زمان دەکات و پێیوایە شاعیرانی کوردی رۆژهەڵاتیش وەک پارچەکانی تر پرسی ناسنامە هەوێنی چەندین شیعرییانە، لەبەرئەوە زۆرجار پەنایان بۆ داب و نەریت و پەندەکان بردووە تا ناسنامەی نەتەوەیی بپارێزن، ئەمە جگە لە تەوزیفکرنی ئەنفال و هەڵەبجە. لە کۆتا تەوەردا ئاوڕ لە پەیوەندیی شیعر و بزوتنەوەی فیمینیستی دەداتەوە و پێیوایە دەرکەوتنی ئەم بزوتنەوەیە بۆ کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە، چونکە میناخانم هاوسەری قازی، یەکێتی ژنانی کوردستانی دامەزراند، بەڵام لە پاش (2000)ەوە ئەم بزوتنەوەیە چالاکی و روانگەی نوێی وەرگرت، چونکە خەباتی ژنانی رۆژهەڵات دوو ئاستی لەخۆدەگرت، جارێک بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و ئازادی سیاسی، جارێکی تریش بەهۆی ژنێتی، واتە فۆرمی چەوساندنەوە تەنیا لە ژنێتیدا خۆی نەدەبینیەوە. هەرچی شاعیرانی ژنە لە رۆژهەڵاتدا مەستوورەی ئەردەڵانی یەکەم شاعیرە، لە نوێشدا ژیلا حوسێنی پێشەنگی شیعری نوێیە، بەڵام لە ئێستادا دەیان شاعیری ژنمان هەیە، کە رۆڵی چالاک دەبینن لە رووناکردنەوەی خۆیان و دنیابینیاندا، بۆ نموونە شوعلە بەگیزادە دەنوسێت:
لەو ساتەوە بینینم دەستی بە چاوم
کردووە
گلێنەم ئاوپڕژێنی دنیا دەکا
بەقەڵەمێکی باریکەڵەوە
یاخی ئەتڵەسی جیهان
وەک دەڵێن
ئێستا شیعر بووە بە نیشتمان
یاخود هەڵاڵە سوهرابی روو لە ژنان دەکات و وشیاریان دەکاتەوە:
ئێرە سەرەتای مێژوو نییە و
تۆش...ژنی ئەم سەردەمە نیت...
بەهەشت لەژێر پێتدا نییە.
لە کۆتاییدا نموونەی شیعری ئیرۆتیک دەهێنێتەوە و ئەنجامی نامەکەی بە دە خاڵ دەخاتەڕوو، کە گرنگترینیان، شیعری رۆژهەڵات هاوچەشنی پارچەکانی دیکەی کوردستانە، شیعری نوێ و هاوچەرخ لەژێر کاریگەریی راستەوخۆی شیعری فارسیدا بووە، ئەدەبی فۆلکلۆر و میللی رووبەرێکی بەرینی شیعری رۆژهەڵات پێکدێنێت، ئەدەبی ژنان هاوشانی ئەدەبی پیاوان چ بە تاک یان گروپ هەنگاوی ناوە. شاعیرانی هاوچەرخ و نوێ خۆیان بە درێژەپێدەری شاعیرانی کلاسیک و نیوکلاسیک دەبینن، بۆیە نەیانهێشتووە غەزەل و چوارینە بمرێت، ئەگەرچی فۆرمی نوێیان بە غەزەل و تەنانەت کێشی عەرووزیش داوە، شاعیرانی ئەم قۆناغە هەوڵیانداوە زمانێکی کوردی پەتی بەکار بێنن.