کوردستانی نوێ ، چەند لایەنێکی گرنگ بەسەردەکاتەوە..

پــــانــــۆرامــــای گــــەشــــتــــێــــکــــی مــــیــــدیــــایی بــــۆ شــــاری خــــانــــەقــــیــــن

12:50 - 2024-12-23
دووتوێ
251 جار خوێندراوەتەوە
سەردانی وەفدەکە بۆ مەڵبەندی هەشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

راپۆرتی: کوردستانی نوێ- گەشتنامە


لە گەشتەکەی تیمی کوردستانی نوێدا بۆ گەرمەسێر، یەکەم وێستگەمان مەڵبەندی رێخکستنی خانەقین بوو، لەوێ سەرەڕای پێشوازییەکی گەرمەسێرییانەی پڕ لە میهرەبانی لەلایەن هەڤاڵ شێرکۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەند و کارگێڕان و ئەندامان وکادرانی  مەڵبەندەکەوە، لەگەڵ هەندێک لە رۆژنامەنووسانی هاوپیشەمان و نووسەران و رووناکبیرانی شارەکە کۆبووینەوە و گوێبیستی راپۆرتێکی زارەکیی هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند بووین سەبارەت بە گوڕدانەوەیەک بە رشتی میدیایی شارەکە و لاکردنەوەی میدیای یەکێتی چ لە بەرهەم و داهێنانی گەنجان و رووناکبیرانی گەرمەسێر بە گشتی و خانەقین بە تایبەتی، لەو رووەشەوە بڕیار درا رۆژنامەی (خانەقی) وەک دووتوێیەکی (دوو هەفتە جارێک) لە کوردستانی نوێ-وە بڵاوبکرێتەوە، ئەوەش بە هیممەتی رۆژنامەنووسانی سنوورەکە و نووسەرانی هاوکاری پێشووی رۆژنامەی (خانەقی) و واش بەباش زانرا کە دووتوێکە بە شێوەزاری کەلهوڕی بێت چ وەک گرنگیدانێک بەوەی ئەو شێوەزارە بەزیندوویی بهێڵرێتەوە و گەشەی پێبدرێت وەک زمانێکی لۆکاڵی، چ بۆئەوەی زۆرترین نووسەر و رووناکبیری سنوورەکە ببنە هاوکار و بەرهەمە هزریی و سیاسی و هونەریی و ئەدەبییەکانیانی بۆ بنێرن.
هەروەک خۆیان لەنزیکەوە ببنە پاڵپشت و پشتیوانێک بۆ خستنەڕووی چالاکییە هونەرییەکانی هونەرمەندانی سنوورەکە و ناساندنیان بە سەرتاسەری کوردستان.
لەو دیدارەدا چەند رۆژنامەنووسێکی گەنج و بەتوانای سنوورەکە بیروڕای خۆیان خستەڕوو سەبارەت بە هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەیان لە کاری میدیایی، کە بەشێکی پەیوەست بوو بە لایەنی ماددییەوە و بەشێکیشی پەیوەست بوو بە کەمتەرخەمیی میدیا کوردییەکان و بەتایبەتی میدیاکانی یەکێتی لە سنوورەکە و روونیانکردەوە کە میدیای لایەنە عەرەبییەکان نوێنەرایەتی و پەیامنێری نزیکەی (27) کەناڵ لە سنوورەکەدا هەیە.
بەشێکی دیکەی گرفتەکانیان پەیوەست بوو بە بۆردی راگەیاندنەوە کە رادیۆیان لەناو مەڵبەنددا هەیە، بەڵام لە رووی ستۆدیۆ و پێداویستییەوە کەموکورتییان هەیە و کارمەندەکانی رادیۆکەش بەبێ مووچە و خۆبەخشابە کار دەکەن، بۆیە داواکاربوون لایان لێبکرێتەوە.
لەبارەی کەناڵی تەلەفزیۆنیشەوە رایانگەیاند کە کەناڵێکی لۆکاڵییان هەبووە و هێشتاش ئامێر و کەرەستەکانی ماون، بەڵام بە بڕیارێک راگیراوە و کارمەند و بێژەرەکانیشیان مووچەیان نەماوە.
لە روونکردنەوەیەکیشدا سەبارەت بە داواکاریی و سەرنج و پێشنیازەکانیان د. عەدالەت عەبدوڵڵا سەرنووسەری کوردستانی نوێ رایگەیاند: وەک دووتوێی خانەقی بە شێوەزاری کەلهوڕی، کوردستانی نوێ دەتوانێت وەک کوردستانی نوێی بادینان و هەولێر دوو هەفتەجارێک بە قەبارەی چوار لاپەڕە دیزاین و چاپی بکات بەو مەرجەی ئەوان خۆیان لە خانەقینەوە بابەتەکانی لە هەموو ژانەرەکانی هەواڵ و راپۆرت و وتار و دیدار و رووماڵکردنی چالاکییە ئەدەبی و هونەرییەکانی سنوورەکەدا ئامادە بکەن و لەبارەی رادیۆ و تەلەفزیۆنەکە و گرفتەکانی دیکەشیانەوە بەڵینی پێدان کە داواکارییەکەیان بباتە کۆبوونەوەی بۆردی راگەیاندن و کۆبوونەوەی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری تا ئەوانیش بەگوێرەی توانای دارایی بەردەستی خۆیان هاوکاربن لە چارەسەرکردنی لایەنی میدیایی لە سنوورەکە.

قایمقامی خانەقین


مۆزەخانەکەی خانەقین و هەوڵێکی تاکەکەسی

لە درێژەی سەردانەکەی تیمی کوردستانی نوێ -دا کە ئەجێندای دیدار و کۆبوونەوەکان لەلایەن هەڤاڵان عەباس عەبدولڕەزاق (عەباسی ڤیدیۆ)و کاک عەباس ئەرکەوازی-ەوە ئامادەکاریی بۆکرابوو و کاک عەباسی ڤیدیۆ بۆ خۆیشی هاوسەفەری گەشتەکەمان بوو، سەردانی مۆزەخانەی خانەقینمان کرد، کە هەوڵێکی تاکەکەسییە و لەلایەن (ماجید شالیار)ەوە بە پشتیوانیی هەڤاڵی کۆچکردوو مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر دروستکراوە و دامەزرێنراوە. ئەم مۆزەخانەیە بەبێ هیچ قسە و باس و تێکستێک دیمەنی کەرەستە کەلەپوورییەکانی و وێنە هەڵواسراوەکانی و پەیکەری کەسایەتییە مێژووییەکانی شارەکە، هەموو مێژووی خانەقینت بۆ دەگێڕنەوە.

ئیدارەی نوێی شارەکە
لەدوای دیدار و گفتوگۆکانی مەڵبەند، ئەوەمان هەست پێکرد کە یەکێتی لەلایەکەوە هێشتا ئەو حزبەیە کە هەموو هاووڵاتیانی شارەکە بڕوایان بە رۆڵ و کاریگەرییەکەی هەیە و جمەی دێت لە سەردانکاران، لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی سنوورەکە و سەرکردە خانەقینییەکانی یەکێتی هەمیشە دڵیان لایەتی و بە رۆیشتن بە رێگاکەی سەرۆکی نەمر سەرۆک مام جەلالدا، هێشتا سوورن لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکە، بۆیە ئەگەرچی بەسەرپێوە سڵاوێکمان لێکرد لەبەر سەرقاڵی، د. خەسرەو گوڵ محەمەد نوێنەری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیمان بینی کە جگە لەو گەشتە مەیدانییەی چەند رۆژێک بوو لە خانەقین و جەلەولا و سەعدیە و ناوچەکانی دیکە کردبووی، هێشتا لە بارەگای مەڵبەندیش سەرقاڵی دیدار و چارەسەرکردنی گرفتی هاووڵاتیانی شارەکە بوو، چونکە وەک بینیمان کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکەدا بوو، بۆیە ئیتر لەوێوە چووین بۆ دووەم وێستگەی گەشتەکەمان.

 

یەکێتی لەلایەکەوە هێشتا ئەو حزبەیە کە هەموو هاووڵاتیانی شارەکە بڕوایان بە رۆڵ و کاریگەرییەکەی هەیە و جمەی دێت لە سەردانکاران، لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی سنوورەکە و سەرکردە خانەقینییەکانی یەکێتی هەمیشە دڵیان لایەتی و بە رۆیشتن بە رێگاکەی سەرۆکی نەمر سەرۆک مام جەلالدا، هێشتا سوورن لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکە

قایمقامێکی خاکەڕا و بڕیاردەری مەیدانی
وێستگەی دووەمی سەردانەکەمان جگەلەوەی بۆ پیرۆزبایی بوو لە ئەندازیار جواد فەیزوڵڵا محەمەد کە بەم دواییانە لەسەر پشکی یەکێتی بووە بە قایمقامی خانەقین، ئەوەی ئێمە وەک رۆژنامەنووس بینیمان لەو پیاوە کەسایەتییەکی خاکەڕا و دڵسۆز بۆ هاووڵاتیان، بەوپێیەی لەکاتی میواندارییەکەیدا خۆی لە راییکردنی داواکاری و مامەڵەی هاووڵاتیان غافڵ نەکرد و هەردوو ئەرکەکەی پێکەوە رادەپەڕاند و داواکارییەکمان بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ کەناڵەکانی یەکێتی و بەتایبەتی کوردستانی نوێ ئاراستە کرد، دەستبەجێ لە رێگەی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانەوە هاتە دەست و رەزامەندیی نیشاندا و فەرمانی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەکە دەرکرد کە هاوکار و هاوئاهەنگ بن.

لە خزمەت لەیلا قاسم و کەسایەتییەکانی خانەقیندا
وێستگەی سێیەمی گەشتەکەمان سەردانی مۆزەخانەی کەلتوریی خانەقین بوو کە بە ئەرک و ماندووبوونی تاکەکەسیی (ماجید شالیار) رووناکبیری شارەکە دامەزراوە، ئەم مۆزەخانەیە لە چوونە ژوورەوە بەبێ دەنگی مێژووی هەموو خانەقینمان لە 100 ساڵی رابردوودا لە رێگەی وێنەکان و پەیکەرەکانەوە لەلا بەرجەستە بوو، هەر لەوێ لە خزمەت شەهید لەیلا قاسم و هونەرمەند خوداداد عەلی و رەشید باجەلان و مامۆستا مەلا سەید حەکیم و چەندین کەسایەتیی دیکەی شارەکەدا هەڵوێستەیەکمان کرد.

 


 

نەریتی میواندۆستیی گەرمەسێر
سەرەڕای سەرقاڵیی ستافی مەڵبەند و بەرپرسانی بەشەکان بە کۆبوونەوە و کاری حزبیی خۆیانەوە، بەڵام نەریتی میواندۆستی و ماریفەتی گەرمەسێرییانەیان فەرامۆش نەکردبوو، بۆیە بۆ خوانی نیوەڕۆ لە میوانخانە ژەمێکی خانەقینییانەیان ئامادەکردبوو.

 


کۆبوونەوە لەگەڵ میدیاکارانی یەکێتی لە خانەقین

 

وەفاداریی و بەسەرکردنەوە 
پاش پشوویەکی کورتی نیوەڕۆ، درێژەمان بە گەشت و چالاکییەکەمان دا و سەردانی نووسەر و رۆژنامەنووسی دێرینی شارەکە و هاوکاری پێشوومان لە مەکتەبی راگەیاندن و رۆژنامەی (الاتحاد) مامۆستا ئیبراهیم باجەلان-مان کرد وەک وەفایەک بۆ هەڤاڵێکی دێرینمان، کە سەرەڕای نەخۆشی و هەڵکشانی تەمەنیش بە بینینمان گوڕو تینی بۆ گەڕایەوە و گەشایەوە.

 

بەسەرکردنەوەی رادیۆی دەنگی خانەقین

 

گەشتێک بۆ کەناری ئەڵوەن
بەرلە دەستپێکردنی دیدارێکی هەمەلایەنە لەگەڵ رووناکبیرانی شارەکە، سەردانێکی کەنار و کۆرنیشی ئەڵوەنمان کرد، کە بەداخەوە وەک پێویست گرنگیی پێنەدراوە و وەک سیمایەکی کەلتوریی و ناسنامەی شارەکە، بەڵام هێشتا دیمەنە کەلەپورییەکەی خۆی لەدەست نەداوە و بە ئاوڕدانەوەیەکی دڵسۆزانەی هەمەلایەنی بەرپرسانی شارەکە، دەشێت ببێتەوە بە شوێنێکی گەشتیاریی گرنگ و سەرچاوەیەکی داهاتیش بۆ شارەکە.

 

 

کۆڕێک سەبارەت بە شێوەزاری کەلهوڕی و بەکارهێنانی لە میدیادا

 

 
ماڵی رووناکبیریی شەهید سەلام دوا وێستگەی گەشتەکە
ئێوارەی هەمان رۆژ و لە دوا وێستگەی گەشتەکەماندا سەردانی ماڵی رووناکبیریی شەهید سەلام- مان کرد و لەوێ سەرەڕای ئەوەی بە دیداری کۆمەڵێک رووناکبیر و رۆژنامەنووس و چالاکوانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی لە شارەکە ئاشنابووین، هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆڕێک بۆ د.عەدالەت عەبدوڵڵا سەرنووسەری کوردستانی نوێ سازکرابوو سەبارەت بە رۆڵی زمانی ستاندارد و گرنگیدان بە شێوەزاری لۆکاڵی کە تێیدا پێویستیی نووسین و بڵاوکردنەوە بە شێوەزارە لۆکاڵییەکان وەک هەوڵێک بۆ پاراستنیان لە کاڵبوونەوە و لەناوچوون تەئکیدی لەسەر کرایەوە و بابەتی کۆڕەکەش گفتوگۆیەکی گەرمی لەنێوان کۆڕگێڕ و ئامادەبوواندا هێنایە کایەوە.

 

رووناکبیرانی خانەقین لە هۆڵی رووناکبیری شەهید سەلام

 


ماوەتەوە بڵێین:

 ئەوەی کە لەم گەشتەماندا ماوەتەوە بیڵێین، ئەوەیە کە راگەیاندنی (ی.ن.ك) و بە دیاریکراویش کوردستانی نوێ لەسەر راسپاردەی سەرۆکی یەکێتی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری و بە باوەڕی پیشەییانەی سەرنووسەری کوردستانی نوێ و ستافەکەشی، رۆژنامەی خەڵکە، بۆیە هەموو شێوازەکانی رووماڵ و بەسەرکردنەوە و خزمەتگوزارییەکی میدیایی پێشکەش دەکات.

بەسەرکردنەوەی رۆژنامەنووسی دێرین مامۆستا ئیبراهیم باجەلان

دیمەنێکی ناو شاری خانەقین

بابەتە پەیوەندیدارەکان