وەفدێكی یەكێتی، بەشداریی لە كۆنفرانسی ژنانی سۆسیال ئەنتەرناسیۆناڵ (SI)دا كرد و لە وتارێكیشدا بەناوی (ی.ن.ك)ەوە «داوا لە هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا لە پشتیوانی و هاوكاریكردنی كورد بەردەوام بن».
لە كۆنفرانسەكەدا، كە لە شاری رەبات لە مەغریب بە ئامادەبوونی Pedro Sanches سكرتێری SI و سەرۆكی حكومەتی ئیسپانیا و ئەندامانی ئەنجومەنەكە و نوێنەرانی 196 حزب لە 116 وڵاتەوە رێكخرا، وتاری یەكێتی لەلایەن تارینا سەركەوت لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، پێشكەشكرا و باسی لە ئازایەتیی پێشمەرگە كرد كە چۆن قارەمانانە رووبەڕووی تیرۆریستان وەستاوەتەوە و تێكیان شكاندوون.
لەبارەی كۆنفرانسەكە و ناوەڕۆكی وتارەكەی یەكێتی، فریال عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی ی.ن.ك پێیڕاگەیاندین: رۆژی 20-22/12 كۆنفرانسی ژنانی سۆسیال ئەنتەرناسیۆناڵ لە مەغریب بەڕێوەچوو، وەفدی یەكێتی-ش (بەندە، تارینا سەركەوت، چرۆ سابیر لە پەیوەندییەكانی دەرەوە)، بەشداربووین.
لە وتارەكەدا، خاتوو تارینا، تیشكی خستەسەر هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لەسەر عیراق و هەرێم و ناوچەكە، ئاماژەشی كرد بە ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە چۆن قارەمانانە شەڕی تیرۆریستانیان كرد و هەر لەسەر دەستی پێشمەرگەش، داعش تێكشكێنرا و وەك كوردیش شەهید و قوربانی زۆری بەخشی و تووشی ناڕەحەتیی زۆر بووەوە. وتیشی: لە وتارەكەی یەكێتیدا، داوا لە هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا لە پشتیوانی و هاوكاریكردنی كورد و پێشمەرگە بەردەوامبن، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كە گۆڕانكاریی زۆر هاتووەتە پێشەوە و ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت ئەگەر هەمووان بە وریاییەوە مامەڵە نەكەن ئەوا مەترسیی تیرۆر جگەلەوەی لە ناوچەكەدا بڵاودەبێتەوە، بۆ سەر هەموو جیهان تەشەنەدەسەنێت، بۆیە وەك كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داواكاریی ئەوەمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بەوریاییەوە چاودێریی بارودۆخەكە بكەن و نەهێڵن تیرۆریستان و گروپەكانیان سەرهەڵبدەنەوە.
فریال عەبدوڵڵا، ئەوەشی خستەڕوو «وتارەكەی یەكێتی، جێگەی رەزامەندیی بەشداربووانی كۆنفرانسەكە بوو، هەروەك سوپاسگوزاربوون و ستایشی كورد و هێزی پێشمەرگەیان كرد، كە لەجیاتی هەموو جیهان، شەڕی تیرۆر و تاریكپەرستانیان كرد و لەوپێناوەشدا خوێنیان رشت و هەزاران شەهید و برینداریان بەخشی.
باسی لەوەشكرد كە لەكۆنفرانسەكەدا نوێنەری حزب و لایەنە بەشدارەكان، وتاریان پێشكەشكرد و جەختیانكردەوە لەسەر ئاشتی و یەكسانی و دادپەروەری و بەشداریی ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا، هەروەها قسە لەسەر بارودۆخی وڵاتان و ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت لە نموونەی سوریا و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، پاراستنی ژینگە و چەند پرسێكی دیكە، كرا.