دیداری: كوردستانی نوێ
هەموو هەوڵ و توانای خۆمان دەخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو جۆرە حوكمڕانییەی لە هەرێمدا پیادە دەكرێت و ئەو جۆرە فەرامۆشكردنەی بۆ داخوازی و خواستی خەڵك كراوە تاوەكو ئێستا، كۆتایی پێبهێنین
ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، سەرجەم لایەنەكانی هەرێم تێیدا بەشدارن، دوای ساڵانێك هیچ لایەنێكی سیاسیی زۆرینە پێكناهێنێت تێیدا، تا تاك لایەنانە بڕیارەكانی خۆی بسەپێنێت، شلێر غەفور ژاژڵەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیداری كوردستانی نوێ لەگەڵیدا، وردەكاری كارەكانی ئەمجارەی پەرلەمان باس دەكات و ئاشكرای دەكات خولێكی جیاواز دەبێت و یەكێتیش پابەندی بەڵێنەكان دەبێت كە بە خەڵكی هەرێم و هەوادارانی خۆشی داوە بۆ راستكردنەوەی رێرەوی دەسەڵات.
بە دواداچوون بۆ كێشە و داواكارییەكان دەكرێت
شلێر غەفور ژاژڵەیی لە لێدوانێكیدا بۆ ستۆدیۆی دیجیتاڵ میدیای كوردستانی نوێی وتی: ئومید دەكەین پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات كۆبوونەوەكانی خۆی دەستپێبكات، بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت بە دواداچوون بۆ كێشە و داواكارییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكات.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی جەختی لەوەش كردەوە و وتی: ئەم پەرلەمانە بە دڵنیاییەوە جیاواز دەبێت لەخولەكانی تری پەرلەمانی كوردستان، بە حوكمی ئەوەی ئەمجارە سەرجەم لایەنەكان توانیویانە كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن.
هیچ لایەنێك زۆرینە نییە
ئاماژەی بەوەشكرد كە «زۆرینەیەكی وا نییە لە پەرلەمانی كوردستان كە بتوانێت، تەحەكوم بەسەر پەرلەماندا بكات و هەروەها تەحەكوم بەو بڕیارانەوە بكات كە دەدرێت لەناو پەرلەماندا، یان بتوانێت بڕیاری تاك لایەنە لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی بكاتەوە، لەبەر ئەوەی هیچ لایەنێك نییە زۆرینەیەكی وای هێنابێت، بتوانێت بە تەنها ئەو بڕیارە بدات و بە تاكڕەوی بتوانێت رای خۆی بسەپێنێت.
ئەم خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت
شلێر غەفور ژاژڵەیی روونیشیكردەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ لایەنێك زۆرینە نییە، ئەمجارە پەرلەمان جیاواز دەبێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی خەڵك و ئەوە دایە، كە ماف و داواكارییەكانی خەڵك بەدی بێت، ئێمەش وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو بەڵێنانەی كە داومانە بەخەڵكی و هەوادارانی خۆشمان، كار ئەكەین بۆ جێبەجێكردنی و لە ئاستی بەڵێنەكانی خۆشماندا دەبین، دوپاتیشیكردەوە وتی: هەموو هەوڵ و توانای خۆشمان دەخەینە كار بۆ ئەوەی بتوانین، ئەو جۆرە حوكمڕانییەی لە هەرێمدا پیادە دەكرێت و ئەو جۆرە فەرامۆشكردنەی بۆ داخوازی و خواستی خەڵك كراوە تاوەكو ئێستا كۆتایی پێبهێنین و بتوانین سەردەمێكی نوێ لە كاری پەرلەمانی و لە حوكمڕانی بەدی بێت، لە پێناو بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا..