خەسرەو گورون
دوای راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991- ی گەلەكەمان، وەرزشی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بە تایبەتی، متبوون و خامۆشییەكی گەورە باڵی بەسەردا كێشا، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ، تا دەهات ئاهێك بە بەر وەرزشدا دەهاتەوە، تیپە میللییەكان دەستیان كردەوە بە خۆ رێكخستن و پاشانیش یانەكانیش بە هەمان شێوە خۆیان رێکخستەوە.
ساڵی 1992 لە سلێمانی، بۆ یەكەمین جار دوای راپەڕین، خولێكی بەرفراوان بۆ یانەكانی ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری كرایەوە، یانەكانی (سلێمانی، سیروان، هەڵەبجە، دوكان، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و رانیە) بەشدارییان تیادا كرد.
یارییەكانیشی لە یاریگای سلێمانی ئەوسا (مەلعەبەكە) بە سیستمی چوونە دەرەوە بە دوو دۆڕاندن، بەڕێوە دەبرا، مانگی تەموزی ساڵی 1992 خولەکە دەستیپێكرد، ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی، دوو یارییمان لە خولەكەدا كرد، هەردوو یارییەكەشمان بردەوە بەمشێوەیە:
*سلێمانی 3 × 0 یانەی هەڵەبجە.
*سلێمانی 6 × 1 دوكان.
ئەم خولە لەبەر ئەو كێشە و نائارامی و ئاژاوەیەی لە یاریی نێوان سیروان و چەمچەماڵدا رویاندا، تەواو نەكرا و راگیرا، ئەو یارییە 1-1 یەكسان بوون، پاشان بە پەنالتی تیپی یانەی چەمچەماڵ یارییەكەی بردەوە، ئیتر ئەو كێشە و نائارامییە درووستبوو، بۆیە بڕیار درا خولەكە رابگیرێت.
ئێمە وەك یانەی سلێمانی، لە هەردوو یارییەكەدا ئەم یاریزانانە یارییان كرد:
*گۆڵپارێز: سیروان محەمەد (عەبۆل) و رزگار عەلی.
*بەرگریكاران: فەرەیدون ساڵح (نێرە)، خەسرەو گورون، شەهید هەرسین رەسوڵ، هادی كەریم، تەنیا حەسەن تەنیا، كاژاو كەمال.
*ناوەند: ئامانجی سەید برایم(كاپتن)، ئاسۆ رەشید، ئالان قادر، سەڵاحی شێخ ئەمین.
هێرشبەر:حەمەی كەریم و بەختیار رەشید.
ئەم یاریزانانەش یەدەك بوون و بەشداریی یارییەكانیشیان دەكرد: رەئوف رەحیم میرە، عەتا ساڵح، فازیلی چوارباخ، ئەو گۆڵانەشی كە تیپەكمان لەو دوو یارییەدا كردیان، ئەم یاریزانانە تۆماریانكردن:
*سەڵاحی شێخ ئەمین – 2 گۆڵ.
*خەسرەو گورون – 2 گۆڵ.
*بەختیار رەشید – 2 گۆڵ.
*ئالان قادر- 2 گۆڵ.
*ئامانجی سەید برایم – 1 گۆڵ.
راهێنەری تیپەكەشمان حەمە بچكۆل بوو، ئازاد مسەتەفا -ش یاریدەدەری بوو، بەڕێوبەری ئیداریی تیپەكەشمان مامۆستا ئازاد وەهاب بوو، یاریی یەكەممان لەگەڵ هەڵەبجە تیمێكی ناوبژیوانی بەڕێوەیانبرد كە بریتی بوون لە: خوالێخۆشبوو مامۆستا حەمە سەعید نادر و ئامانج كەمال و رەفیق ئیسماعیل، دووەم یارییشمان رەفیق ئیسماعیل و عەبدوڵڵا دیلان و خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل بەڕێوەیان برد.