گفتوگۆ : رێناس زەنگەنە
حارس محەمەد -ی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عیراق دەڵێت؛ ئاستی ئێستای یاریزانانی هەڵبژادەکانی وڵاتانی کەنداو و ڕاهێنەرەکانیان، ناگەنە ئاستی جارانی خولەکانی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان.
ئەو یاریزانە دێرینەی عیراق، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا بۆ ستادیۆم وتی: ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان، ئاستی بەربەرەکانێی یاریزانان زۆر بەهێز بوو، چەندان ئەستێرەی دیار هەڵکەوتن، کە ئەستەمە نموونەیان دووبارە ببێتەوە، لەوانە جاسم یەعقوب لە کوەیت و حسێن سەعید لە عیراق و ماجید عەبدوڵڵا لە سعودیە.
هەروەها وتی؛ لەم ساڵانەی دواییدا ڕاهێنەرەکان ئەوەیان بەلاوە گرنگە هەرچـــۆنێک بـــووە هەڵبــــژاردەکانیان نەدۆڕێن، بۆیە بەشێکیان تەنها بە یەک هێرشبەر یاری دەکەن، بەڵام جاران، هەڵبژاردەی وا هەبوو لەیەک کاتدا بە سێ هێرشبەر یاری دەکرد.
ستادیۆم لە حارس محەمەدی پرسی؛ ئایا چ چێژێک لە بەردەوام بوونی ئەم خوولەدا هەیە، بەراورد بە خولەکانی ئاسیا و وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا و پاڵاوتنەکانی مۆندیال؟، حارس محەمەد پێی وتین:
خولی جامی وڵاتانی کەنداو، بووەتە بەشێک لە کەلتوری وڵاتانی ئەم ناوچەیە، هەرگیز دەستبەرداری ئەم خولە نابن، هەر جارەش لە وڵاتێک بەڕێوە دەچێت، وەک بۆنەیەکی تایبەت، زۆربەی یاریزانە دێرینەکان و راگەیاندکاران و کەسایەتییە وەرزشییەکان لەو وڵاتەی میوانداریی دەکات بەیەکتر شاد دەبنەوە، ئەمەش هەلێکی باشە بۆ یەکتربینین و گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی جارانیان، من وەک خۆم پەیوەندیم لەگەڵ دەیان یاریزانی وڵاتانی کەنداو هەیە.
هەروەها وتی؛ رەنگە زیاتر لە پێنج هەزار یاریزان تا ئێستا بەشداریان لەم خولانەدا کردبێت، ئەمە خۆی بۆ خۆی مێژوو و یادەوەرییە، من بۆ خۆم، ساڵانی 1979 و 1984 و 1988 سێ جار جامی کەنداوم لەگەڵ هەڵبژاردەی عیراق بەرزکردۆتەوە و پاڵەوانی ئەو سێ خولە بووین، ساڵی 1982 –یش لە شەشەمین خولدا، هەڵبژاردەی عیراق نزیک بوو ببێتە پاڵەوان، من بە باشترین یاریزانی ئەو خولە دەستنیشان کرام، بەڵام بە بڕیارێکی سیاسی حکومەتی ئەوسای عیراق، کشاینەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردەی کوەیت بوو.
سەبارەت بە پاداشتی بردنەوەی ئەو سێ جامەی کەنداو کە چۆن پاداشتی یاریزانەکان کراوە، حارس محەمەد وتی: ساڵی 1979 بە تەلەفزیۆنێکی رەنگــــاوڕەنگ پاداشــــت کراین، لە هەردوو خولی حەوتـــەم و نۆیــەمیشدا، 1984 و 1988 هەریەکەو بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بەرازیلی پاداشت کراین.
دوا پرســــیــــــــاری ستــادیۆم لــــە یاریزانی دێرین حارس محـــەمەد، ئــــــــەوەبــــــــــــوو؛ بیـــرەوەریت لەگــــــەڵ جامی کەنداو چییە؟، ئەویش وتی؛
مـــن بیـــــرەوەریـــی زۆرم هەیە، لە زۆربەی گەشتەکانماندا، لەگەڵ حســـێن سەعید لەیەک ژوور دەبووین، بەڵام زیاتر بیری یاریزانە کۆچکــردووەکان دەکەم، کــــــە پێکەوە هاوبەشی سەرکەوتنەکان بووین، لەوانە خوالێخۆشبووان ناتق هاشم و نازم شاکر و عەلی حسێن و ئەحمەد رازی، هەروەها راهێنەری بەئەزموون و بەتوانا عەمو بابا کە تاکە راهێنەرە سێ جار جامی کەنداوی بەرزکردۆتەوە.