راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
بەپێی ئامارێکی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها لە شاری هەولێر 105 چیشتخانەی تایبەت بە ئامادەکردنی خواردنی سوریی هەیە
هودا مەجید خەڵكی شاری هەولێرە، بە وتەی خۆی هەفتانە بۆ خواردنی ژەمێكی بەتام روو لەو خواردنگانە دەکات کە خواردنی سوریی ئامادە دەکەن و وتی: راستە ئێمەی خەڵكی هەرێمی كوردستان خواردنی بەتام و بە چێژمان هەیە، بەڵام ئەو خواردنگانەی وڵاتی سوریا كە لێرە كراونەتەوە خواردنی زۆر تایبەت ئامادە دەكەن كە تام و چێژی لەگەڵ خواردنەكانی ئێمە جیاوازە، ئەویش بەهۆی تێكردنی چەند جۆرێک بەهارات كە ئێمە بەكاریان ناهێنین.
کەلتوور ئەو بیروباوەڕ و شوێنەوار و سیفاتە هاوبەشانە لەخۆ دەگرێت کە تایبەتمەندیی کۆمەڵە مرۆڤێکن لەوانە: زمان، دابونەریت، هونەر، ئایین، هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و خواردن.
خواردنە باوەکانی هەر کۆمەڵگەیەک رەنگدانەوەی مێژووی کەلتووریی، جوگرافیا و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو گەلەیە کە لەو کۆمەڵگەیەدا دەژین، بێگومان خەڵکی سوریاش خاوەنی خواردنی تایبەت بە خۆیانن، کە تام و چێژی جیاوازە لە خواردنی هەر کۆمەڵگەیەکی دیکە.
تام و چێژی تایبەت
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا جەنگی ناوخۆیی وڵاتی سوریا بووە هۆی ئەوەی سەدان هەزار ئاوارەی ئەو وڵاتە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و لەگەڵ خۆیان چەندین جۆرە نەریت و خواردن بهێننە هەرێم، یەكێك لەو تایبەتمەندییانە هێنانی خواردنی شام - ە كە ئەویش لە رێگەی كردنەوەی دەیان چێشتخانەی تایبەت لە شاری هەولێر و شارەكانی دیکەی هەرێمی كوردستان و تەنانەت عیراقیش، كە بە وتەی بەشێك لە خەڵكی شارەكە بەهۆی تام و چێژە جیاوازەكانی خواردنەكانیانەوە داواكارییەكی زۆریان لەسەرە.
وڵات سەیدۆ خەڵکی شاری عەفرینی خۆرئاوای کوردستانە و شەش ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەژی، كارمەندی چێشتخانەیەکی تایبەت بە خواردنی شامە لە هەولێر دەڵێت: پێشتر لە شاری عەفرین چێشتخانەمان هەبوو، ئێستاش كە لێرە نیشتەجێ بووین چێشتخانەمان كردەوە، بینیمان خەڵكی ئێرەش حەزیان بە خواردنی ئێمەیە.
وتیشی: خورادنەکانمان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بۆ نموونە لەفەی مریشك بە نان دروست دەكەین و بەهاراتی جیاواز بەکاردەهێنین بۆ گۆڕینی تامەکەی.
خواردنی جیاواز
بەپێی ئامارێکی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها لە شاری هەولێر 105 چیشتخانەی تایبەت بە ئامادەکردنی خواردنی سوریی هەن.
محەمەد عومەر خاوەنی چێشتخانەیەکی سورییە لە گەڕەكی هەڤاڵانی شاری هەولێر وتی: چوار ساڵ لەمەوبەر لە شاری كۆبانێی خۆرئاوای کوردستانەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووم، لە هەولێر جێگیر بووم و خواردنگەیەکی تایبەتم دانا و خواستێکی زۆری لەسەرە.
وتیشی: خواردنەكانمان زۆربەیان سوورین و بەشێكیشی توركین، جیاوازی خواردنەكانمان لەگەڵ هی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، ئێمە بەهاراتی جۆری زەعتەر زۆر بەكاردەهێنین كە سوودێكی زۆریشی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ.
بە وتەی خاوەنی ئەو چێشتخانانەی خواردنی سوریی لە هەرێم دروست دەکەن، چەند جۆرێکی جیاواز خواردن ئامادە دەکەن کە خواستی زۆری لەسەرە وەک، كولێرە بەزەعتەر، كولێرەی عەكاوی، مەناقیش و چەند خواردنێكی دیکە.
زیرەك بیكۆ بۆ کوردستانی نوێ : لەگەڵ ئەوەی هەر چێشتخانەیەک تایبەتمەندی و سەردانکەری خۆی هەیە، بەڵام زۆربوونی خواردنگەی سوری لە هەرێم، كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی بازاڕی چێشتخانە كوردییەكان هەبووە
کاریگەرییان لەسەر خواردنگە کوردییەکان
هۆكارێكی سەرەکی بازاڕ گەرمی ئەو خواردنگە سورییانە بۆ بوونی ئاوارەیەکی زۆری ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر دەگەڕێتەوە، كە حەزیان بە خواردنی وڵاتی خۆیانە و سەردانی چێشتخانەکان دەکەن.
زیرەك بیكۆ سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێستا نزیكەی 80 چێشتخانەی بچووكی میللی وڵاتی سوریا لە شاری هەولێر هەیە، لەگەڵ نزیكەی 25 چێشتخانەی گەشتوگوزاری سوری، كە زۆربەیان خواردنی خێرا دروست دەكەن و بەناوبانگیشن، كە پێنج دانەیان براندن.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەی هەر چێشتخانەیەک تایبەتمەندی و سەردانکەری خۆی هەیە، بەڵام زۆربوونی خواردنگەی سوریی لە هەرێم، تاڕادەیەك كاریگەریی لەسەر كەمبوونی بازاڕی چێشتخانە كوردییەكان هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، خواردنگەکانی تایبەت بە خواردنی سوریا زۆربەیان خواردنی خۆرئاوایین، بەڵام هەندێك خواردنیشیان هەیە تایبەت بە خۆیان وەک عەرایس و شاورمەی ساج و شتی دیکە.