ئا: هێدی گەڵاڵی
هەردوو بازاڕی نیشتمان و داونتاون، دوو بازاڕی گەورەن، شوێنەكەیان دەكەوێتە نزیك قەڵای هەولێر، ماوەی بیست ساڵە كاری تێدا دەكرێت، تائێستا بەشێكیان تەواونەكراوە،
ئەمەش لەكاتێكدا زۆربەی هەرە زۆری دوكانەكانیان فرۆشراوە، كەچی نەیانتوانیوە بەكاریبهێنن و وەك شوێنێك بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان سوودی لێوەربگرن.
ئەحمەد ساڵح، یەكێكە لە خاوەن دوكانەکانی ژێرزەمینەكەی بازاڕی نیشتمان لەبارەی گرفتی ئەوان لەو بازاڕە بۆ كوردستانی نوێ وتی: لەم بەشەی ژێر زەمینی بازاڕی نیشتماندا لە كۆی 30دوكان تەنیا من دوكانم كردۆتەوە، زۆربەیان بەهۆی كرێی زۆر و بێ بازاڕییەوە دوكانەكانیان داخستووە.
وتیشی: ماوەی پێنچ ساڵە ئەو دوكانەم بە30هەزار دۆلار كڕیوە، مانگانەش 200دۆلار كرێ بە خاوەن كۆمپانیا دەدەین، داواكارین كرێی دوكانەكانمان بۆ كەم بكەنەوە، هەرچەندە دوو ساڵ دەبێت من كرێی دوكانم نەداوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی بازاڕم نییە، بۆیە خەریكە دوكانەكەم دابخەم، جگە لەوەی كرێی دوكانەكان گرانە، مانگانەش پارەی خزمەتگوزاریی و كارەباشمان لێوەردەگرن.
شوان كارەباچی، یەكێكی تر، بوو لەو خاوەن دوكانانەی بازاڕی نیشتمان بێزاری خۆی دەربڕی و پێیی وتین: جگە لەوەی كە بازاڕمان سستە، شوێنێكی زۆر بێ خزمەتە و بەهۆیەوە خۆڵ و خاشاكێكی زۆری لێ كۆبۆتەوە، هەر ئەمەش وایكردووە خەڵك و كڕیاران روو لەو بەشەی بازاڕەكە نەكەن و وەك چۆڵەوانی بێتە پێش چاو.
پێشیوابوو: هەر باڵەخانەیەك بە مەبەستی بازاڕی هاوچەرخ بكرێتەوە، پێویستە لەلایەن خاوەنەكەی گرنگی زیاتری پێبدرێت، لەرووی خزمەتگواری و ریكلامكردن بۆ راكێشانی سەرنجی كڕیاران، بە پێچەوانەوە خۆی زەرەرمەند دەبێت، لە هەولێریش چەندین شوێنی لەو جۆرەمان بینیوە داخراون.
جەنگی كەمال، یەكێكی ترە لە خاوەن دوكانەكان باسی كێشەی خۆی بۆ كردین و رایگەیاند: حەوت بۆ هەشت ساڵ پێش ئێستا، بانگەشەیان بۆ فرۆشتنی دوكانەكانی داونتاون كرد، ئێمەش بەو ئامانجەی شوێنێك بۆ كاسبی دابین بكەین، دوكانێكم بە 5 هەزار دۆلار كڕی، دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، هیوامان هەبوو كارەكانی تەواوكردنی ئەو دوكانانە كۆتایی بێت، بەڵام تائێستا هیچی بۆ نەكراوە.
وتیشی:هەرچەندە نەمتوانیوە دوكانەكە بەكاربهێنم، چونكە چواردەورەكەی داخراوە و هیچ سیمایەكی بازاڕی پێوە دیارنییە، لەهەمانكاتدا مانگانە كرێمان لەسەر حساب دەكەن، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتێكی هەبێت، ئێستاش هەركاتێك داوای چارەسەر لە خاوەنی بازاڕەكە دەكەین، پێمان رادەگەیەنێت، كە دوكاندارەکان خۆیان هۆكاری بێ بازاڕی و ئاوەدان نەكردنەوەی بازاڕەكەن.
باسی لەوەشكرد: ئێستا هەست دەكەم پارەكەم بە فیڕۆ چووە و جارێكی تر دەستم ناكەوێتەوە، چونكە كەس ئامادە نییە دوكانەكەم لێ بكڕێتەوە، لەبەرئەوەی داهاتی نییە، فێڵ لەو خەڵكە كراوە، چونكە بەگوێرەی ئەو بانگەشەیەی بۆ دەكرا، كەچی نەبوو بەو بازاڕەی ئێمە چاوەڕوانمان دەكرد.
جێگەی ئاماژەیە بە مەبەستی وەرگرتنی لێدوانی خاوەنی بازاڕەكە و كۆمپانیای پەیوەندار بەو گرفتانە، دوای چاوەڕوانییەكی زۆر لە پرسگەكەیان، یەكێك لە كارگێڕانی كۆمپانیاكەم بینی، ئەو نەیشاردەوە كە ناتوانێت لێدوان و قسە لەبارەی كێشەكانی نێوان كۆمپانیاكە و دوكاندارە كرێچییەكانیان بكات، تەنها بەڕەزامەندی لایەنی پەیوەندار نەبێت.
پێشیراگەیاندین ئەوانیش گلەییان لە خاوەن دوكانەكان هەیە، بەهۆی ئەوەی گرێبەستەكانیان تازە ناكەنەوە، دوكاندار هەیە لە ساڵی 2018 وە نەهاتووە گرێبەست تازە بكاتەوە، چونكە ئەوان بە فەرمیی كرێچی كۆمپانیاكەمانن، پێویستە لەڕووی یاساییەوە پابەندبوونی خۆیان دووپات بكەنەوە.