بەسەرهاتی بردنە ژوورەوەی کامێرای وێنەگرتن و رادیۆ بۆ ناو زیندانی بەعس لە هەولێر

12:12 - 2024-12-25
دووتوێ
174 جار خوێندراوەتەوە
وێنەکانی ناو زیندانی هەولێر لەسەردەمی بەعسدا

ئا: ئیمان فەرهاد


لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، ئەوكاتەی بەعس لەوپەڕی بەهێزیدا بوو و فشارێكی زۆری لەسەر خەڵكی كوردستان دروستكرد بوو. زیندانەكان پڕبوون لە كەسوكاری پێشمەرگە، لەوكاتانە كوڕانی شارەكە بەبێ سڵكردنەوە لە هیچ ترس و تۆقاندنێك، هەواڵ و زانیارییان لەناو زیندانەكانەوە دەهێنایە دەرەوە و باس و خواسی شاریشان بە زیندانان دەگەیاند، هەربەوەش نەوەستان، رادیۆ و کامێرای وێنەگرتنیان بردە ناو زیندان، بۆئەوەی ئاگاداری گۆڕانكارییەكان بن و زیندانییان وێنەی خۆیان بۆ كەسوكاریان بنێرنەوە.
د.عەبدولواحید ئیدریس پێشمەرگەی دێرین، لەوكاتە بەردەوام سەردانی زیندانییەكانی دەكرد و خزم و هاوڕێكانی بەسەردەكرەوە و هەر ئەو بەو كارە هەڵساوە، رادیۆ و کامێرای بردۆتە ناو زیندان، لەبارەی ئەو رووداوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، ژمارەیەك هاوڕێ و كەسوكاری پێشمەرگە لە هەولێر لەلایەن رژێمی بەعس دەستگیر كرابوون، هەرچەندە خۆیان لە رێكخستنی نهێنی بوون، بەڵام زیندانیكردنیان پەیوەندیی بە كەسوكارەكانیانەوە هەبوو كە پێشمەرگە بوون، هەركاتێك بۆم دەگونجا لەو رۆژانەی رێگاپێدراو بوو، سەردانم دەكردن و ئەوان هەواڵی زیندان ومنیش هەواڵی شار و شاخم پێ رادەگەیاندن.
وتیشی: لەكاتی سەردانەكانم جگە لە پێدوایستی خۆیان، رادیۆیەكی بچووك و کامێراكەی خۆم بۆ بردنە ناو زیندان، کامێراكەم لە ناو خواردن حەشاردا و گەیاندمە دەستی هاوڕێكانم لەناو زیندان، بەو کامێرایە فیلمێكی 36وێنەییان پێ تۆمار كرد، دوای پازدە رۆژ لە سەردانێكی تر، كامێراكەم لێوەرگرتنەوە و دواتر فیلمەكەم چاپ كرد و وێنەكانم دابە خانەوادەكانیان.
د.عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشكرد: ئامانجم لە بردنە ژوورەوەی کامێرا بۆ ناو زیندانی بەعس لەوكاتانەدا، دەرخستنی بەشێكی بچووكی ژیانی كولەمەرگی كەسوكاری پێشمەرگە بوو، هەرچەندە  ئەگەر ئاشكرا بوایە رادیۆ و کامێرام بردووە بۆ زیندان، مەرگ و سێدارەی بەدواوە بوو، بەڵام ئێستاش لێی پەشیمان نیم و مایەی سەربەرزیمە.
كاتێك کامێراكە گەیشتە زیندان، لە لایەن فوئاد هەمەوەند كە یەكێك بوو لە زیندانیانی سیاسی ئەوكاتە، وەرگیرا و ئەویش لەگەڵ هاوڕێكانی بەكاریانهێنا. لەوبارەیەوە  فوئاد هەمەوەند بەم جۆرە باس لە بەسەرهاتەكە دەكات و دەڵێت: د. عبدلواحید كە بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ بەبەردەوامی سەردانی ئێمەی دەكرد لە زیندان، گوێی بە مەترسییەكان نەدەدا، كە دەكرا ببێتە هۆی گیرانی ئەویش و دووچاری زیندان و ئەشكەنجە بێتەوە، دكتۆر زووتر رادیۆیەكی بچووكی بۆ هێنابووم، كاتێك لە زیندانی سەرای هەولێر بووین، رۆژانە هەواڵ و چالاكی پێشمەرگەم لە رادیۆكە دەبیست و لەناو زیندانەكە بڵاوم دەكردەوە. 
وتیشی: لە یەكێك سەردانەكانی بۆ زیندانی، دكتۆر باسی لەوەكرد كە دەتوانێت كامێرا بێنێتە ژوورەوە ئەگەر ئێمە بمانەوێ، منیش بەلامەوە شتێكی باش بوو، بەڵام لەلای من ژیانی ئەو گرنگتر بوو، دەمویست زیاتر لەوە دڵنییابم، كە هێنانی كامێراكە هیچ كێشەیەك بۆ دكتۆر دروست ناكات.  
ئاماژەی بەوەشكرد: لەبیرم نەماوە چ مانگێكی ساڵ 1986بوو، لە یەكێك لە سەردانییەكاندا دكتۆر كامێراكەی بۆ هێنام، هەرچەندە ئێمە هەموومان كەسوكاری پێشمەرگە بووین، كەچی ترسمان هەبوو نەوەك بەرپرسانی زیندانەكە پێی بزانن و ئاشكرابین، بەڵام خۆشبەختانە وێنەی زۆرمان بە كامێراكە تۆماركرد و دواتر لەسەردانێكی تریدا، كامێراكەم دایەوە دەست دكتۆر.
پێشیوابوو: ئەو وێنانەی بەو کامێرایە گیراون، ئێستا بوونەتە یادگارییەكی جوان و جێگەی شانازی و چەندین چیرۆك و بەسەرهات بەبیر زیندانیان و كەسوكارەكان دەهێنێتەوە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان