دیمەن عەبدوڵڵا
لەم رۆمانەدا، گومان و ژن و مەی پانتاییەکی زۆری داگیرکردووە، گومان لە بوون و نەبوون، لە توانا و هێز
سەرەتا بۆ شیکردنەوەی هەرتێکستێک دوو شێواز زیاتر بەکارهاتووە، یەکەم لەڕێگەی نووسەر خۆیەوە واتا ژیانی نووسەر، کە ئەم رێگایە کاتی خۆی رێبازی سۆشیالیزم پشتی بە ئەم پڕۆسێسە دەبەست، وەک باختین. دووەم لە رێگەی تێکستەکانەوە، ئەم رێگەیەش لە دوای جەنگی جیهانی بەکارهات، کە بونیادگەرەکان پشتیان بەم پڕۆسێسە دەبەست، وەک تۆدۆرۆڤ. ئەگەر لەو روانگەیەوە بڕوانینە رۆمانەکەی مامۆستا شێرزاد حەسەن هەم خودی نووسەر دەناسین هەم تێکستیش، کەواتە دەتوانین چەند کۆدێک و گرێیەک لە رۆمانەکەدا بکەینەوە.
لە رۆمانی(دواشەوی دابەزینی عیسا)ی شێرزاد حەسەندا، زۆر شت تێدەگەین هەریەکەمان دەتوانین لە چەندین گۆشەنیگای جیاوازەوە لە سەری بدوێن، چ لە راونگەی کۆمەڵایەتی، فکری، فەلسەفی، ئاینی هتد... لەم رۆمانەدا، گومان و ژن و مەی پانتاییەکی زۆری داگیرکردووە، گومان لە بوون و نەبوون، لە توانا و هێز. لەگەڵ ئەوەشدا، شکۆی مرۆڤایەتی لە کوێدایە مرۆڤ قیمەتی چییە بڕوای متمانەی مرۆڤەکان تا چ ئاستێکە. لەکاتێکدا دەبینین، هیچ شتێک وەک گومان مرۆڤ وێران ناکات، وەک کاراکتەری سەرەکی گومان لە خاچی دەدات و عیساش بێ بڕوایی مرۆڤەکان جارێکی دیکە لە خاچی دەدەنەوە. لێرەدا مردوو زیندوو دەنێژن، سەردەمێکە لە نێوان بوون و نەبوون جیاوازی نییە، سەردەمی بێ باکی و دڵڕەقەکانە و دروستکرنی چیرۆکە نەبیندراو و نەبیستراوەکانە. مرۆڤ کاتێک دەگاتە کەماڵ، لە ژینگەیەکی پڕ نائارامی و فەوزا و پۆپۆلیزم، هەر رۆژێکی وەک حەشر بەڕێ دەکات. بەڕادەیەک سروشت، لە دەست زیندوو، مردوو ماندوو دەبێت.
ژن
ئەم رۆمانە ئێمەی خستە تێڕامان و خەیاڵەوە، کە ژیانی ئێستا لە سەردەمی پۆپۆلیزم چۆن گوزەر دەکات، مرۆڤ چۆن نرخ بۆ شتەکان دادەنێت. بۆ نموونە، نرخ و رۆڵی ژن لە دوو هەزار ساڵ چۆن بووە و لە ئێستادا چۆنە. لەگەڵ هەموو ئەم گۆڕانکارییانەی، راستە تەواوی سێکتەرەکانی ژیانی گرتەوە، بەڵام ژن وەک خۆی مایەوە و هەر ژن دەکوژرێت و بەردباران دەکرێت. بە واتایەکی دیکە لەلای زۆربەی نەتەوەکان بەتایبەتی کورد، ژن زیاتر مێ دەکرێت و پیاو زیاتر نێر دەکرێت، بەڵام دوو هەزار ساڵ تێپەڕی زەمەن گۆڕا دەبینین عەقڵ لە جێگەی خۆیەتی بەرامبەر بە ژن. هەردەم تراژیدیای ژن و قوربانی ژن دەبینرێت، بەناوی شەرەف و ناموس دەکوژرێن و لە مافەکانیان بێبەش دەکرێن. بۆ نموونە، نووسەر هەر خۆی لە دوتوێی رۆمانەکەیدا دەڵێت: (پیاوەکان ئاگرەکانی جەنگەکان هەڵدەگیرسێنن و ژنەکان لەو ئاگرەدا دەسووتێن و لە پرسە ئەبەدییەکاندا شیوەن دەگێڕن!) ئەگەر سەرنج بدەین زۆر بەڕوونی دۆخی ژنان دەخاتە بەر دیدەمان بەدەست پیاوسالاری، کە چۆن ژن وەک کۆیلە و چەوساوە سەیرکراوە. لە رۆمانەکەدا، کە لە رێگەی مریەم ئازار و ئەشکەنجەی ژن دەگوازێتەوە، کە ژن لە نێو هەموو نەتەوەکاندا بە رێژەیەکی کەم و زۆر، رووبەڕووی ئەم کارەساتانە دەبنەوە. ئەمانە چەندین پرسی سەرسوڕهێنەرن، کە وروژاون لە رۆمانەکەدا و نووسەر خستوویەتییە بەردەم، هەریەک لە خوێنەرانی و چەندین پرسی جۆراوجۆری دیکەش.
مەی یان شەراب
مەی یان شەراب رەمزی چییە لە رۆمانەکەدا و دەلالەت لە چی دۆخێک دەکات؟ مەی لە نێو هەموو نەتەوەیەکدا رێگەیەک بووە، بۆئەوەی مرۆڤەکان هەندێک لە بارگرانی سەرشانی خۆیان کەم بکەنەوە، یاخود لە ئازار و ناڕەحەتییەکانی خۆیان لەبیر بکەن، پەنایان بۆ مەی بردووە. لە رۆمانەکەدا، دەلالەتە لەم سەردەم و کۆمەڵگای کوردییە، کە هەمووی بێدەنگە لە بەرامبەر هەق و ئەرکەکانیان یان دەکرێت بڵێین بێ ئاگاو مەستن بەرامبەر بە مافەکانیان، بۆ نموونە کاراکتەری سەرەکی بە عیسا دەڵێت:(حەزدەکەم تۆش پێکێکم لەگەڵ هەڵبدەیت، ناکرێت من مەست و تۆ هۆشیار بیت. ئەمشەو هەموو دنیا بە یادی تۆوە شەراب و عارەق و بیرە و ڤۆدگا و کۆنیاک شەمپانی و جن و دەیان جۆر لە رۆحی میوە و ئاوێتە بە کحوول دەخۆنەوە.) هەموومان دەزانین مەی جۆرێک لە بێهۆشی دێنێتە ئاراوە، ئاماژەیە نەک لە ئێستا بۆ داهاتووش، میللەت مەست و سەرخۆش و بێ ئاگایە لە هەموو گۆڕانکارییەکان. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، جۆرێکە لە کۆتایی دونیا، چونکە میللەتی بێ هۆش میللەتێکی بێ دیالۆگە، کە سەرچاوەی شارستانییەتی هەر میللەتێک، دیالۆگە، بەڵام لە رۆمانەکەدا میللەتێک نیشاندەدات لەوپەڕی بێ ئاگایدا دەژین، کە هەمیشە چاوەڕێی فریاد ڕەسن.
ئەو رەمزانەی، کە رۆماننووس بەکاریهێناوە جۆرێک لە نەرمی و رەقی دەبینرێن، کە ئەمەش هەر لە پێناو بێ ئاگایی و ئاگایی میللەتێکە نازانێت دەرئەنجامی چییە بۆچی دەژیت. بۆ نموونە،(ئاخۆ بەکامیان کۆتایی بێت ئەم دنیایە: بەفر یان ئاگر یان ئاو یان هەرسێکیان؟) لە رۆمانەکەدا رەمزی ئاو بەکارهاتووە، کە نەرمە و لەهەمانکاتدا رەمزی ئاگر، کە زبرە یان هێزە و بەفر دیسان نەرمە، هەروەک چۆن ئاگر دەتوانێت بەفر بکات بە ئاو، ئاواش ئاو دەتوانێت ئاگر بکات بە رەژوو، بەڵام کۆتایی دونیا هەر کامێکیان بێت، لەوە زیاتر نییە برا گۆشتی برا دەخوات، خوشک چاڵ بۆ خوشک هەڵدەکەنێت، بەڵێ ئەوە نە ئاوە و نە ئاگر و نە بەفر. کەواتە نەبوونی خۆشەویستی، مرۆڤدۆستی، کە پەیامی عیسایە کۆتایی دونیایە.