ئەرسەلان مەحمود
هێمن موکریانی، ئەو شاعیرە مەزنەی لە تاراوگە ئەم شیعرەی نووسیی، نەیدەزانی رۆژێک دێت هونەرمەندێکی تاراوگەنشینی وەک (پێشەوا)، وشەکانی دەکات بە پەیکەرێکی زیندوو کە سنوورەکانی نێوان وشە و وێنەکان تێکبشکێنێ
لە ناو هەموو ئەو بێباکی و بێدەنگییە جیهانییەدا کە باڵی بەسەر مێژووی نەتەوەی کورددا کێشاوە،(پێشەوا مەحمود) دەنگە نوێ و هاوچەرخەکەی هونەری شێوەکاریی، وەک هاوارێکی بێدەنگ، داهێنەرانە هاتووەتەوە گۆ، ئەمجارەیان لە رێگەی خەتی دەستییەوە ئەو ئازارەی لە ناخی هەموو کوردێکدا هەیە، دەکات بە تابلۆ، بە وێنەیەکی زیندوو. لە رووی تەکنیکییەوە، (پێشەوا) توانیویەتی بە شێوازێکی زۆر سەرنجڕاکێش کۆنتڕۆڵی جووڵەی دەست و مرەکەب بکات. ئەو لە رێگەی گۆڕینی گۆشەی قەڵەم و گوشاری دەستەوە، دینامیکییەتێکی تایبەتی بە خەت بەخشیوە، ئەمە وای کردووە هەر وشەیەک، سەرەڕای پابەندبوون بە یاساکانی خۆشنووسییەوە، خاوەن کەسایەتی و دەربڕینی تایبەت بە خۆی بێت.
مرۆڤ کاتێک سەیری (ناڵەی جودایی) دەکات، بە تەنها هەر تابلۆیەک نابینێت، بهڵكو چیرۆکی نیشتمانێک دەبینێت چەند پارچە کراو و داگیر کراوە، نەتەوەیەک دەبینێت ستەملێکراوە، ئەم کارە نوێیە هونەرییەی "پێشەوا" رەنگدانەوەی هەمان ئەو واقیع و هەمان ئەو حەقیقەتەیە. لە رووی کۆمپۆزیسیۆنەوە، پێشەوا بە هۆشیارییەوە بۆشایی و پڕیی بەکارهێناوە، بۆشاییە سپییەکان لە نێوان وشەکاندا تەنها بۆشایی نین، بێدەنگییەکی قورس و رامانێکی قووڵن، ئەم دیالۆگەی نێوان بۆشایی و نووسین، وەک میتافۆرێکە بۆ پەیوەندیی نێوان بێدەنگی و هاوار، نێوان نەبوون و بوون. ببینە چۆن وشەکان بەسەر کاغەزەکەدا رژاون، چۆن بوون بە جۆگەلەی فرمێسکی دایکانی کورد، بەسەر رووپەڕی سپیدا دەڕژێن و هەر دڵۆپێکیان چیرۆکی ئازارێک دەگێڕێنەوە. لێرەدا هونەرمەند توانیویەتی ریتمێکی شاعیرانە بە جووڵەی خەتەکان ببەخشێت، کە هەر وشەیەک وەک نۆتەیەکی مۆسیقیی بەشێک لە سیمفۆنیای ئازارەکان پێکدەهێنێت. هەروەها گرنگە ئاماژە بە تەکنیکی بەکارهێنانی مرەکەب بکەین، پێشەوا لە رێگەی کۆنتڕۆڵکردنی چڕی مرەکەب و شێوازی وشک کردنەوەیەوە، توانیویەتی تۆنی جیاواز بەرهەم بهێنێت، ئەم جیاوازییە لە تۆندا وادەکات هەندێک وشە، وەک هاوار و هەندێکی دی وەک بەرگریی و بەرەنگاربوونەوە دژ بە داگیرکاریی و ستەمکاریی دەربکەون، ئەمەش قووڵایی زیاتر بە کارەکە دەبەخشێت.
هێمن موکریانی، ئەو شاعیرە مەزنەی لە تاراوگە ئەم شیعرەی نووسیی، نەیدەزانی رۆژێک دێت هونەرمەندێکی تاراوگەنشینی وەک (پێشەوا مەحمود)، وشەکانی دەکات بە پەیکەرێکی زیندوو کە سنوورەکانی نێوان وشە و وێنەکان تێکبشکێنێ و وشەکان تەنها وشە نەمێنن، بەڵکو ببنە هێما بۆ هەموو ئەو بەربەستانەی دەمانەوێت تێکیان بشکێنین. سەیرکە، وشەکانی ناو تابلۆکە لەسەرەوە ورد دەردەکەون، وەک چۆن دەسەڵاتە داگیرکەرەکان لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ هەوڵیانداوە کورد بچووک بکەنەوە، بەڵام هەر چەند بەرەو خوارەوە بێیت، وشەکان گەورەتر دەبنەوە، بەهێزتر دەبن، وەک چۆن ویستی ئازادیی لە ناخی هەر کوردێکدا رۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبێت، ئەمە تەنها کارێکی هونەریی نییە، بەڵکو مانیفێستۆیەکە بۆ مانەوە و بەرخۆدان.
(پێشەوا) لەم کارەیدا مەرەکەب ناکات بە ئامرازی نووسین، بەڵکو دەیکات بە چەکێک دژی لەبیرچوونەوە، هەر پیتێک لەم کارەدا هاوارێکە دژی ئەو بێباکی و بێدەنگییە جیهانییەی دەیەوێت ئەم پەراوێزگیرییە وەک ئەبەدییەتێک بەسەر کورددا بسەپێنن، ئەم هونەرمەندە لە رێگەی هونەرییەوە پەیامی نەمریمان پێ دەڵێت: (ئێمە لێرەین و دەمێنین)، کارەکە 150 ×700 سانتیمەترە وەک قەبارە، چوارچێوەی کارە هونەرییەکەی (پێشەوا) تەنها پێوانەی فیزیکیی نییە، پێوانەی قووڵایی ئازارێکە کە نەوە دوای نەوە لەگەڵماندا ژیاوە، کاغەزی سپی، وەک نیشتمانێکی پاک و بێگەرد و خەتی رەشیش, وەک ئەو برینانەی لەسەر جەستەی نیشتمان دروست کراون، بەدیدەکرێن. لێرەدا هەر وەک برایەکی (پێشەوا) نا، وەک نووسەرێکیش شانازیی بەوەوە دەکەم وەک هونەرمەندێک توانیویەتی زمانێکی نوێ بۆ گێڕانەوەی دیرۆکی نەتەوەکەمان بدۆزێتەوە، زمانێک کە لە خەت و رەنگ و هەست پێکهاتووە، زمانێک کە سنوورەکان دەبەزێنێت و دەگاتە ناخی هەموو ئەوانەی تامی تاڵی جودایی و تاراوگەیان چەشتووە. ئەم کارە هونەرییە نموونەیەکی بەرزە لە یەکگرتنی فۆرم و ناوەڕۆک، ههرلهبهر ئهوهشه(پێشەوا) توانیویەتی لە رێگەی بەکاربردنی تەکنیکی پێشکەوتووی خۆشنووسی و تێگەیشتنی قووڵ لە هونەری هاوچەرخ، پردێک لە نێوان نەریتی دێرین و دەربڕینی مۆدێرندا دروستبکات، ئەمە کارەکەی بەتەواوی کردووەتە بەڵگەنامەیەکی هونەریی گرنگ و ناوازە کە هەم لە رووی جوانیناسییەوە زۆر سەرنجڕاکێشە و هەم پەیامێکی قووڵی مرۆیی و نەتەوەیی لەخۆیدا هەڵگرتووە. ههروهك پێشهوا له تێكستی نمایشهكهدا دهڵێـت: «هێمنی موکریانی خۆی پارچەیەکە لە جوانیی، هەرچی لەدامێنیەوە دەکەوێتە خوارەوە وەک ئەو دڵۆپانە وان کە باران تەڕی دەکات. دڵخۆشیی من تەنها ئەوەیە کە بتوانم چەند دێڕێک لە دڵە دەربەدەرەکەی مامۆستا هێمن بنوسمەوە».
لە کۆتایدا شایەنی ئاماژە پێدانە کە تابلۆی خۆشنوسیی (ناڵهی جودایی)، له شاری مارسیلیا له فهڕهنسا وهك كارێكی (كالیگرافی)ی لە نۆڤهمبهری 2024دا نمایشكرا.