بێ سڵەمینەوە، لەخۆدوان و رووهەڵماڵین لە مێژووی مۆرکراو

11:49 - 2024-12-26
ئەدەب و هونەر
158 جار خوێندراوەتەوە

بەختیار حەمەسوور
2 - 2

ئەگەر بمەوێ قسەیەک لەسەر گرێ (پلۆت) لەم چیرۆکەدا بکەم، کە بە توندیی بە «گێڕانەوە»وە بەستراوە، ئەوا دەتوانم بڵێم ئەم چیرۆکە لە رووی گرێوە، گرێ ساز ناکات، بە واتایەکی تر گرێ دروست ناکات لەپێناو گرێدا، بەڵکو گرێ دەکاتەوە، بەردەوام گرێ دەکاتەوە. لە رەوتی جووڵەی زەمەندا گرێکان لەپێشمان دەکرێنەوە، ئەمە روویدا، پاشان رووداوێکی تر روویدا، پاش ئەوەش رووداوێکی تر روویدا و... لە یەک بە دوای یەکی ئەو رووداوانەدا گرێیەک بەو چەشنە دروست ناکرێت کە ببێتە شاگرێ و روودانی رووداوەکان پێیەوە ببەسترێت، بەڵکو رووداوەکان خۆیان گرێسازکەر و گرێ هەڵوەشێنەوەی خۆیانن، هەریەک لەو رووداوانە دەکرێت رووداوی سەرەکیی بن، بە واتایەکی تر لۆژیکێک نییە ئەم رووداوانە رێک بخات و پێمان بڵێت: ئەم رووداوە روویدا بۆیە ئەو رووداوەی دی روویدا و هەر بۆیە رووداوی تریش روویدا... بەڵکو خودی زەمەن و قەبارەکەیەتی رووداوەکان هەڵدەسووڕێنن. رەنگە لە خوێندنەوەیەکدا ئەمە بۆ خودی کەسێتی چیرۆکەکە بگەڕێتەوە کە مەجیدە، ژیانی مەجید و خەسڵەتی ئەو بەرجەستەکەرەوەی کەسێتییەکی بەرەڵڵا و بێباکە، ئەو کاتەش کە دەیەوێت بیانوویەک (گرێیەک) دروست بکات، تەماشا دەکەین لە بەرانبەر داوایەکی سادە و ساکاردایە، نەک بۆ گەیشتن بە پێگە و پلە، نەبوونی گرێ لەم چیرۆکەدا، لە دوو دەلالەتەوە دێت: یەکەم: بۆ سروشتی سایکۆلۆژیی مەجید دەگەڕێتەوە، کە کەسێتییەکی سادە و ئاسانە و دوورە لە هەر ئاڵۆزییەک. دووەم:  بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مەجید و ژیانەکەی روون وشووشەیی ببینین.
کەسێتی مەجید لەو کەسێتییانەیە کە هەموو مەرجەکانی شێتی و شێتۆکەیی تێدا دابینە، بەڵام نەک شێتی و شێتۆکەییەک بێ ئاگابێت لەوەی لە دەوروبەری روو دەدات، ئاگادارە تا ئاستی شایەتیدان، مەجید لەو کەسانەیە زەینڕوون، قووڵ و بنبڕانە دەبینن، گەرچی هەڵەشەن، بەڵام ئەوە دەڵێن کە زەینیان درکی پێ دەکات و لەبەر چاویانە، قسەی دڵ و زاریان یەکە. ئەم کەسێتییە لە لیستی ئەو دەگمانانەیە موجامەلە نازانن، خۆگونجێن نین لەگەڵ دۆخ و حاڵەتە پڕ لە هەڵبەز و دابەزەکاندا، خەونی خۆیان هەیە، رەنگە خەونەکەیان بچووک و ناشەرعیش بێت ـ وەک لای مەجید دەیخوێنینەوە ـ بەڵام ئەوەندەیان لە ژیان داوایە، شەڕی گەورەشیان هەر بۆ ئەوەیە. لەگەڵ ئەوەدا مەجید لەناو کۆیەک لە کردار و پەرچەکردار و قسەی نابەجێ و لاداندا دەژی و دژ بە رەوشتی کۆمەڵگە و نەریت و ئایین بیر دەکاتەوە و دەدوێت، بەڵام بۆ ساتێکیش ناتوانین رقمان لێی بێت و حوکمی کەسێکی لادەر و بێ ئەخلاق بەسەریدا بسەپێنین، بۆ؟ چونکە مەجید یەکڕووە، خۆیەتی، دوورە لە نمایش و ماسکپۆشین، ئەمەیە وایکردووە هاودڵی بین و خۆشمان بووێت. ئەو نوێنەری ئەو کەسانەیە بێ نوێنەر و کەمینەن و لە ئەمڕۆشدا لە کەمییان داوە، بیرخەرەوەی پرەنسیپ و ئەخلاقێکە کە دەبێت بە زەڕەبین بۆی بگەڕێیت. داڕشتنی کەسێتی مەجید لەم پێگەیەوە، جیا لە داڕشتنە هونەرییەکەی، راستگۆیانەیە، لەگەڵ خۆی، راستگۆیەک کە شکانی کەرامەتیش لە بەردەم ئەویتردا نایخاتە هەڵەت و خەرەندەوە.
ئەگەر (حیکایەتی مەجید خانەوەگ) لە رێڕەوی مامەڵەکردن لەگەڵ مێژوودا هەڵبسەنگێنین، ئاوا دەتوانین جۆری هەڵسوکەوتی ئەم چیرۆکە لەگەڵ مێژووییەکی بەقەبارەدا ئاوا بخوێنینەوە:(حیکایەتی مەجید خانەوەگ) کاری بە مێژووی فەرمیی و نووسراو و ددانپێدانراوی دەربارەوە نییە، ئەو لە رووگەی خۆی و ژیانییەوە تەماشای ئەو مێژووە دەکات، مێژوویەک نییە تەرخان بۆ سەروەریی و نووسینەوەی پاڵەوانبازیی، بەڵکو بەقەد ئەوەی مێژووی شکست و پۆخڵەوات نیشانگر دەکات، شۆڕش دەخاتە ناو ئەو چوارچێوەی پیرۆزییەکانی لێ داماڵراوە، دیوێکی تری ئەو خەباتە، کە تاکو ئێستاش بە ناوی جیا و لە لایەن کەسی جیاوە، پێمان دەفرۆشرێتەوە و کراوە بە ماڵ و بارێکی قورس بەسەر ویژدان و ژیانی هەر رۆژەمانەوە. مەجید بانگەشەی پووچەڵبوونی ئەو شۆڕشە رادەگەیەنێت، پێت دەڵێت لەپەنا ئەو پێ فرۆشتنەوە و شانازییەی وا دەسەڵات بە شۆڕشەوە دەیکات و وزەی ئەرێنی لێوەردەگرێ، ئەمدیوە دزێوانەیشی هەبووە و ئەو مێژووەش کە بۆی ئامادەکراوە و نووسراوەتەوە و رۆژانەیش لە یادەوەریی و کتێبەکاندا دەگوترێنەوە مێژوویەکی ساختەیە، ساختە بەو واتایەی کە منی نەدیو گرتووە، ئەو زەلکاوە نابینێت و خۆی لێ دەبوێرێ کە من دیومە. ئەمە گرفتی بەرچاوی بەشێک لە گێڕانەوەی کوردییە (بە چیرۆک و رۆمانەوە)، تێیدا مامەڵەیەکی وەستاو و بە ئەمانەت لەگەڵ مێژوودا دەکات (مێژوو لە هەر زەمەن و شوێنێکدا بێت)، واتە هەمان مێژووی مۆرکراو دەنووسێتەوە کە بیستراو و زانراوە، دەروازەیەکی تر بەسەر ئەو مێژووە فەرمییەدا ناکاتەوە کە چەسپیوە، ئەم چیرۆکە لە زمانی کەسێکی شێتۆکەوە مێژوویەک قاو دەدات و دەگێڕێتەوە، کە درزێک دەخاتە ئەو مێژووە باوەی لەبەردەستدایە، مێژوویەک کە لە خزمەتی دەسەڵاتدایە و بە پیتی درشت، بۆ بەرژەوەندیی کەسان و لایەنانێک نووسراوەتەوە. 
* کلیلدان، فەرهەنگی ئەدەب و رەخنە، عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی و د. عەلی تاهیر بەرزنجی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی 2024.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان