مەدحەت کاکەیی باس لەنوێترین پرۆژە و خەونە هونەرییەکانی دەکات

11:57 - 2024-12-26
ئەدەب و هونەر
137 جار خوێندراوەتەوە

     ئامادەکردنی: نەرمین عوسمان محەمەد

 سەبارەت بە دواین کار و پڕۆژەکانی خۆی، هونەرمەند 
مەدحەت کاکەیی بەمجۆرە بۆ ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ دوا:
نوێترین پێشانگەم لە ساڵی 2022 دا بوو، کە پێشانگەیەکی تایبەت بوو لە گەلەریی(ڤاری) لە ستۆکهۆڵم. لەدوای ئەوە لە مانگی 2024/5دا پێشانگەیەکم کردەوە بە هەڵبژاردن بوو لە نێوان 49 گەلەرییدا، گەلەرییەکی بەناوبانگ منی پێشکەش کرد لە پێشانگایەکدا کە زۆر ناسراوە و ساڵی جارێک دەکرێتەوە و بۆ ماوەی (3-4) رۆژ، پێشانگەکە لە جۆری بازرگانییەکی هونەرییە، بە واتای ئەوەی نمایشە وەکو شێوە هونەرییەکەی، بەڵام ستایلەکەی بازرگانییەکی رەهایە تەنها بۆ فرۆشتنە. بێگومان رەخنەگرەکانیشی تێدا بانگهێشت دەکرێت، لەشەوی یەکەمیدا تایبەتە تەنها بۆ هاتووچۆکەرانی گەلەرییەکان و رەخنەگران وتابلۆ کۆکەرەوەکان و لەرۆژی دووهەم و سێهەمدا دەبێت بە پێشانگەیەکی گشتی. پێشانگەی داهاتووم لە ئۆپسالا/ سالا لە 3-18 و بۆ4/12ی ساڵی 2025 دەبێت، لە مۆزەخانەی (ئیڤان ئیگێلی) کە پێشانگەیەکی تایبەتە و لە ساڵی 2021 ەوە داواکاریم پێشکەش بەو مۆزەخانەیە کردووە و لەم دوایانەدا وەڵامم دراوەتەوە کە ئەو مۆزەخانەیە هی کەسێکی سویدیی موتەسەویفە، کاتێ بووە بە ئیسلام چووە بۆ میسر و فێری زمانی عەرەبیی بووە بەنووسین و خوێندنەوەوە و هونەرمەندێکی خاوەن تایبەتمەندێتی خۆیەتی، دواجار ئەم پیاوە نابیست دەبێت و شەمەندەفەرێک لەناوشاردا دەیشێلێت، لە ساڵی1914دا، لەبەرئەوە حەزم دەکرد لەوێ ئەو پێشانگەیە بکەمەوە چونکە من لە رۆژهەڵاتەوە چووم بۆ رۆژئاوا و ئەو بە پێچەوانەی منەوە لە رۆژئاواوە چووە بۆ رۆژهەڵات. لە ساڵی 2026 دا بە نیازم لە گەلەریی «‌هەممەر» کە یەکێکە لە گەلەرییە زۆر بەناوبانگەکانی شاری یۆتۆبۆری لە مانگی2 دا پێشانگەیەک بکەمەوە هەروەها هەندێك سەفەرم هەیە بۆ وڵاتانی دیکەی وەکو یابان و فەرەنسا و تونس، ئەم گەشتانەش هەموویان پرۆژەیان لەخۆی گرتووە، ئەمەی پێشوو بە گشتیی بریتی بوو لە پلان و پڕۆژەکانم لە دەروەی کوردستان بەڵام ئەوەی بەلامەوە گرنگە، پرۆژەکەی کوردستانمە کە نزیکە لە کۆتایی. ئەم پڕۆژەیەم لە گەڕەکی سابونکەرانە، خەونم بوو مۆزەخانەیەکی تایبەت لەسەر گیرفانی خۆم دروست بکەم بەڵام بە پێشنیاری برادەرێک و هەوڵی قایمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار، بە سوپاسەوە یەکێک لە ماڵە مێژووییە کڕدراوەکانیان پێدام، خۆم پێشبینی ئەو هەموو تێچوونەی نۆژەن کردنەوەکەیم نەدەکرد و لە ئێستادا هەندێک برادەر بەڵێنیان پێداوم کە مۆزەخانەکەم دەستی بە چالاکییەکانی کرد هاوکاریم بکەن.
 ئەمە سەبارەت بە بابەتە هونەرییەکان، بابەتێکی دیکە هەیە حەزدەکەم باسی بکەم ئەویش ئەوەیە بتەوێت و نەتەوێت شاری سلێمانی، رۆشنبیر و ئەدیبێکی زۆری تێدایە و جەماوەر و دەستەبژێرێکی زیاتری لێیە بەبەراورد بە شاری کەرکوک و فراونتریشە، لەبەرئەوە حەزدەکەم چۆن لە ئێستادا «هیوا فاوندەیشن» پشتگیریی گەلەریی «ئێستا» دەکات، لە داهاتوودا ئەگەر یەکێک بەو شێوەیە بێتە پێشەوە بۆ پشتگیریی مۆزەخانەکەی من تاوەکو بتوانین بۆ نموونە ساڵی دووجار یان سێ جار هونەرمەند لەدەرەوەی وڵات بهێنین و پێشانگەی بۆ بکەینەوە بۆ سود وەرگرتنی ئەو گەنجانەی کە لێرەن و خەونەکەی خۆشم بهێنمە دی بە کردنەوەی پێشانگە بۆ ئەو گەنجانەی لێرە بێزار بوون، حەز دەکەم پێشبڕكێیەک بهێنمەئاراوە لەنێوان ئەو گەنجانەدا کە خوێندن تەواو دەکەن و لەماڵەوە دادەنیشن، مەرج نییە تەنها لە بواری وێنە کێشاندا بێت بەڵکو دەکرێت لەو مۆزەخانەیەدا ئەندازیارێک پێشانگەیەک بکاتەوە یاخو دەکرێت کۆڕێکی ئەدەبیی یان مۆسیقی تێدا ساز بکرێت، بەو واتایەی ئەو مۆزەخانەیە ببێتە جێگایەکی کەلتوریی.                                   

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان