سەردار نۆڕێ
(1)
هەناسەی تەنیاییت-
هەڵمی حەسرەتن،
دەبنە پیاوێک لە هەور!
(2)
بۆ زوهرەی رووت دێ،
زمانم بە پەیژەی-
بڕبڕەی پشتتدا !
(3)
هیمالایای راکشاویت،
زمانم شاخەوانیی
لوتکەی ئێڤەرستە.
(4)
لووتم هەڵکەنە
لە هەرکوێی بیخە پشت گوێت،
دەگەمە ترۆپکی ئۆخژن!
(5)
لە سەرما لێوت دەلەرزێ،
بەو بیانووەوە دێم-
بە لێو رایدەگرم.
(6)
بەیار و تاکی،
چش، کاری منیش-
گوایە جووتکردنە!
(7)
وەک دوو چاخۆرین،
چپە دوومان قوم قوم چا-
بە قەندی ماچەوە!
(8)
چی دەبێ گەر
لە جێی ملپێچەکەت-
باڵەکانم بن؟!
(9)
تەنافبازە زمانم،
بەستنەوەی مەمکانت-
بە تەنافی خەیاڵی!
(10)
لێگەڕێ بمرم،
با بیانووی دیدارت هەبێ
بێیتە دیار گۆڕم.
(11)
بێڕادە خۆشمدەوێی،
لە پەرستگەی دڵما-
هاوسێی دایکم و خودای!
(12)
ئۆخەی، هەڵهاتنی مانگ،
لە کەل نا-
ئێخەی عزییە رەشەکەت!
(13)
دەبن بە تەرزە،
دەگەنە بەر ئاهی ساردت-
فرمێسکەکانت!
(14)
دەم ناکەمەوە،
سەدەفێکم-
لە هەناومایە جوانێ.
(15)
چەند زمان شیرینی
خۆزگە زمانیشم-
ئەوەی بۆ دەسەلمێ.
(16)
کەروێشکێ ترسنۆکە-
سەرم،
بینێ نێو ئەوانی خۆت!
(17)
ئاخۆ کاممان-
زۆرتری دەخۆینەوە،
کە لیکمان تێکەڵ دەبن؟!
(18)
کوێستانییت، گەرمیانییم،
سەرینێ بەسە-
تا شار شەوانیش رۆشن بێ!
(19)
با جیهان رقی لێم بێ-
ئاسایییە،
لەبری گشتی خۆشتدەوێم!
(20)
ئەک بێمە دەورتا-
بۆ رێی دوور ببڕم؟
تۆ رەش بپۆشە!