غەریب عەلی سەلیم*
پارێزگای سلێمانی بەهۆی گونجاویی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە دەتوانێت ببێتە خاوەن بنەماییەکی گرنگی گەشتیاریی لە ناوچەکانی دەوروبەری خۆیدا، چونکە شوێنەکەی بۆتە خاڵی بەستنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەک و هەرێمی کوردستان لە لایەکی ترەوە، کە پێگەیەکی بازرگانی و ئابووریی و کەلتوری گرنگی هەیە، بەهۆی بوونی چەندین مەرزی نێودەڵەتییەوە، لە لایەکیتر هاتنی گەشتیارانی بە تایبەت لە ئێران و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان ئاسانتر کردووە، هەروەها فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گەیشتنی گەشتیارانی بیانی و وڵاتانی تری دراوسێی هەرێمی کوردستان و عیراقی ئاسانکردووە.
بنەما سروشتییەکان
پارێزگای سلێمانی یەکێکە لەو شارە گەشتیارییانەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق جێی سەرنجی گەشتیارانە، ژمارەیەکی زۆر لەو گەشتیارانەی بۆ پشوودان و بەسەربردنی کاتەکانیان دەیانەوێ گەشت بکەن، شاری سلێمانی هەڵدەبژێرن، لەبەر ئەوەی پشووی سەری ساڵی نوێیە و بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە بۆنەی سەری ساڵدا سلێمانی بژاردەیەکی گونجاوە، ئەویش بەهۆی جیاوازیی دیمەنی سروشتی و گۆڕانکاری کەش و هەوا و بارینی بەفر لە بەشی زۆری ناوچە شاخاوییەکانەوە، لە پارێزگای سلێمانی چەندین ناوچەی گەشتیاریی زستانە هەن، کە لە وەرزی زستاندا گەشتیار سەردانیان دەكەن بۆ چالاکییە گەشتیارییەکان، لەوانە ئەزمڕ و گۆیژە و سیوەیل و پێنجوێن ..هتد.
ئاهەنگ و چالاکییەکان
جگە لە بنەما سروشتییەکانی گەشتیاریی، پارێزگاکەش گۆڕانکاریی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە پێشکەوتنی خزمەتگوزارییەکانی ھۆتێل و مۆتێل و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان بۆ حەوانەوەی گەشتیاران، هاوکات چێشتخانە و رێستورانت و کافتریا بەر لەھەر بۆنەیەکی ساڵ کە جموجۆڵی گەشتیاری خێراتر دەکات، هەروەها ساڵانە لە پایتەختی رۆشنبیری چەندین فێستیڤاڵ و بۆنە و جەژنی نەتەوەیی سازدەکرێت، لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژ و نالی و دامەزراندنی شاری سلێمانی، کردنەوەی پێشەنگای گەشتیاریی نێودەوڵەتیی کە بەهاوبەشی ژووری بازرگانی سلێمانی و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و دامەزراوە گەشتیارییەکانی شارەکە رێکدەخرێت و چەندین وڵات تیایدا بەشداریی دەکەن، جگە لەوەی بە بۆنەی ساڵی نوێوە چەندین چالاکیی هونەری و ئەدەبی و فۆلکلۆری و ئیشی دەست و گۆرانی و جلوبەرگی کوردی و خواردن دروستکردن و چەندین یاری و سەرگەرمیی تر نمایش دەکرێن، شوێنە گشتییەکان و شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە دەڕازێنرێنەوە و سەرنجی زۆرترین ژمارەی گەشتیاران رادەکێشێت بە تایبەتی گەشتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق و ئێران و وڵاتانی بیانی. ئەمەش هۆکارێکی گرنگە لە هێنانی گەشتیاران بۆ شاری سلێمانی و بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
رەخساندنی هەلی کار
ساڵانە بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێوە زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگای سلێمانی دەكەن، كە زۆرترینیان هاووڵاتییانی ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عیراقن و بەشێكیشان خەڵكی ئێران و وڵاتانی دەوروبەرن، بە تایبەتی بۆ ئەو ناوچانە دەچن كە لە وەرزی زستاندا بەفر تیایاندا دەبارێت. بۆیە ئەنجامدانی فێستیڤاڵی سەری ساڵی نوێ جگە لەوەی پێشوازییە لە ساڵی نوێ و جەژن و خۆشییە لای خەڵک، لە هەمان کاتدا چەندین هەلی کاری نوێ بۆ گەنجانی شارەکە دەڕەخسێنت و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ خاوەنی کار و پرۆژە بچووکەکان تا بتوانن زۆرترین کاڵا بفرۆشن و ببنە خاوەنی داهاتی خۆیان، لەوانە هۆتێل، مۆتێل، چێشتخانەکان، چایخانە و گۆشتفرۆش و دوکاندار و کاسبکاران کاڵا و خزمەتگوزارییەکان پشکەش بەگەشتیاران دەکەن، بۆیە داهاتی گەشتیاریی زۆر گرنگە، چونکە دەچێتە ناو بازاڕی کار و هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، جووڵەیەکی زۆر لە بازاڕدا دروست دەکات و هەنگاوێکی باشە بۆ بوژانەوەی ئابووریی شاری سلێمانی، متمانەی ئەوەش دروست دەکات لای هاونیشتمانیان، کە ئابووریی هەرێمی کوردستان توانای ئەوەی هەیە دووبارە خۆی بدۆزێتەوە.
ئاستەنگەکان
بەهۆی زۆربوونی ژمارەی گەشتیارانەوە لە کاتی سەری ساڵی نوێدا بەردەوام خواست لەسەر خزمەتگوزارییەکان زۆر دەبێت، بەڵام خزمەتگوزارییەکان لە ئاست حەز و ئارەزووی گەشتیاردا نییە، گەشتیار رووبەرووی چەند کێشەیەک دەبێتەوە، لەوانە:
-1 خراپیی رێگاوبان: ئەوەی تێبینی دەکرێت شوێنە گەشتیارییەکان بە پێی پێویست رێگاوبانی بۆ نەچووە بە تایبەتی ناوچە شاخاوییەکان، یان ئەو رێگاوبانەی هەیە کۆنە و بە پێی پێویست کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ نەکراوە، یان هەندێک رێگای سەرەکی تا ئێستا یەک سایدە و لە بۆنەکاندا گوشاری زۆری دەکەوێتە سەر و رێگاکە دەگیرێت، بۆیە لە کاتی گەشتکردندا گەشتیاران زەحمەتی زۆر دەبینین، ئەمەش هاووڵاتییان و گەشتیاران بێزار دەکات و ئارەزووی گەشتکردن لە دەست دەدات.
-2 نەبوونی وەبەرهێنان: هاوکارینەکردنی حکومەت لە تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ بواری وەبەرهێنانی گەشتوگوزار، بە مەبەستی ئامادەکردنی دەستی كاری گەشتیاری و جێبەجێکردنی پرۆژەی گەشتیاری و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاریی زیاتر لە سەرجەم یەکە کارگێڕییەکاندا.
-3 کەمیی خزمەتگوزاریی گەشتوگوزاری زستانە وەک: هۆتێل، چێشتخانە، کافتریا و شوێنی مانەوە و حەوانەوە، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، ئەمەش وا دەکات گەشتیار کەمتر بێتە ناوچەکە و سەرەنجام دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی گەشتیاری.
-4 نرخ و کوالێتی خزمەتگوزاری: یەکێکی تر لەو کێشانە بەرزیی نرخە بە بەراورد بەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە گەشتیار دەکرێت، هەندێک شوێنی گەشتیاری بە رادەیەک نرخی خواردن و کەلەپەلەکانیان گران کردووە، کە هەمان خزمەتگوزاری لە وڵاتانی دەوروبەر زۆر هەرزانترە، لەبەرامبەر ئەم گرانکردنەدا کوالێتی خزمەتگوزارییەکانیان زۆر نزمە.
-5 پیسبوونی ناوچە گەشتیارییەکان: ساڵانە بەهۆی هاتنی سەری ساڵی نوێوە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل، گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتوگوزارییەکان پارێزگای سلێمانی دەگوازێتەوە و رۆڵی کاریگەر و نەرێنی دەبینێ لە پیسکردنی ژینگەدا، ئەویش بەهۆی سووتانی بەنزین و دەردانی پاشماوە زیانبەخشەکانەوە، هەروەها بەهۆی فڕێدان و جێهێشتنی پاشماوەی پلاستیکی و شووشەوە لە لایەن گەشتیارانەوە، بە تایبەتی گەشتیارانی دەرەوەی شارەکانی هەرێم و ناوەڕاست و باشووری عیراق، کە رۆشنبیریی گەشتیارییان لە ئاستی پێویستدا نییە، دوای تەواوبوونی گەشتەکەیان شوێنەکەیان خاوێن ناکەنەوە و پاشماوەی زۆر لە دوای خۆیان بەجێدەهێڵن.
* خوێندکاری دکتۆرا لە بواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزار / زانکۆی سلێمانی