سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت، نوێترین بەرهەمی داستان بەرزان

12:31 - 2025-01-02
ئەدەب و هونەر
47 جار خوێندراوەتەوە

یادداشتەڕۆمانی (سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت) نوێترین کتێبی شاعیر و نووسەر (داستان بەرزان)ە کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێی (٢٠٢٥) بڵاوبێتەوە، کتێبەکە لەلایەن (زاری)یەوە دیزاین کراوە و (ناوەندی یاسەمین) چاپی دەکات.
سەبارەت بە کتێبە نوێیەکەی (داستان بەرزان) وتی: یادداشتەڕۆمانی (سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت) وەک بەشێکی تر لە زنجیرەی یادداشتەڕۆمانەکانی (١٩٨٧ کتێبی برینی من - بەرلین کتێبی پەناهەندەیی من) کارم تێدا کردووە و دەبێتە کۆتا بەشی ئەو زنجیرەیە، هەرچەندە خوێنەر دەتوانێت سەربەخۆ هەر کام لە بەشەکان بخوێنێتەوە، بەڵام کاتێک هەرسێکیان دەخوێنیتەوە بۆی دەردەکەوێت پەیوەندییەکی بابەتی و هێڵێکی سەرەکی چیرۆک و تەکنیک و شێوەی گێڕانەوە هەر سێکیان پێکەوە گرێ دەدات، ئەوەی لەم بەشەدا بۆم گرنگ بووە تەواوکردنی سەرجەم ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانەبووە کە مەبەستم بووە لە میانی ئەم زنجیرەیەدا کاریان لەسەر بکەم، هەڵبەت بە تەکنیک و شێوازێک کە بۆ ئەم شێوە کارکردنە بەشیاوم زانیوە.
شایەنی باسە لە  ساڵانی پێشوودا هەر دوو بەشەکەی ئەم زنجیرە یادداشتەڕۆمانەی (داستان بەرزان) لە دوو کتێبی جیادا بڵاوبوونەتەوە و ئەم کتێبە دەبێتە سێیەم و کۆتا بەشی ئەو زنجیرەیە کە نووسەر لە ساڵی (٢٠١٨) دەستی بە نووسینی کردووە و لە ساڵی (٢٠٢٥) دا دوایین بەشی بڵاودەکاتەوە.

کتێبە چاپکراوەکانی دیکەی داستان بەرزان لە نێوان ساڵانی (٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٣)

١- تۆم هەبێت/ شیعر/ یانەى قەڵەم.
٢- بووم بە ژێر ڕۆژە خێراکانى مۆدێرنەوە/ شیعر/ یانەى قەڵەم.
 ٣- خودێکى پەرتبوو/ شیعر/ خانەى ڕۆنان.
٤- کتێبی شانۆ/ وتاری شانۆیی/ تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک.
٥- ئەستێرەکان برینى مرۆڤن/ شیعر/ خانەى ڕۆنان.
٦- ١٩٨٧ کتێبی برینى من/ یادداشتەڕۆمان/ خانەى ڕۆنان.
٧- لە نەخۆشییەک دەترسم نامەوێت ناوى لەم کتێبەدا هەبێت/ شیعر/ناوەندى یاسەمین.
٨- دەروازەیەک بۆ دراماتۆرگی/ تیۆری شانۆیی/ گروپی شانۆی گۆدۆ.
٩- تێرمیناڵ/ چیرۆک/ ناوەندەى یاسەمین.
١٠- کۆڤید/19 تەوەر/ دەزگاى میدیایی ژیان.
١١- بەرلین کتێبی پەناهەندەیی من/ یادداشتەڕۆمان/ ناوەندەى یاسەمین.
١٢- فرۆشراو وەرناگیرێتەوە/ شیعر/ ناوەندەى یاسەمین.
١٣- باڵندەیەک هەبوو... دڵی نەبوو/ ڕۆمان/ ناوەندەى یاسەمین.
١٤- من ئۆرژیناڵم/ شیعر/ ناوەندی یاسەمین.
١٥- شاعیرەکان دڵستەمدیدەن/ شیعر/ دەزگای نووسیار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان