بەگوێرەی داتاكانی وێبسایتی شەفافیەت، داهاتی ساڵی 2024 ی سلێمانی بەراورد بە داهاتی ساڵی 2023، بڕی 310 ملیار دینار كەمی كردووە.
بەهۆی پشووەكانی ساڵی نوێوە، كە بەبڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25-12-2024 دەستیپێكردو هەتا 5-1-2025 بەردەوام بوو، بەپێی داتاكانی وێبسایتی شەفافیەت داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی لەڕۆژی 28-12-2024 تاوەكو 3-1-2025 سفرە.
بەپێی داتاكانی وێبسایتی شەفافییەت، داهاتی ساڵی 2024ی سلێمانی كە لەڕێژەی تۆماری گەنجینەكانی پارێزگاكەوە وەرگیراوە، كەمتر لە یەک ترلیۆن دینارە و بەراورد بە ساڵی 2023 داهاتی سلێمانی كەمی كردووە كە زیاتر لە 1 ترلیۆن دینار بووە.
هەر بەپێی ئەو داتایانەی كە سایتی شەفافیەت بڵاوی كردوونەتەوە، داهاتی ساڵی 2024ی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین كە لە (گەنجینەی 1، گەنجینەی 2، گەنجینەی چەمچەماڵ، گەنجینەی گەرمیان، گەنجینەی هەڵەبجە، گەنجینەی راپەڕین)، كۆكراونەتەوە بریتییە لە 897 ملیار و 403 ملیۆن و 982 هەزار و 809 دینار، كە بەشێوەی نەختینە رێژەی 84٪ و چەك 11٪ و مقاسەش 5٪ بووە.
ئەمەش لەكاتێكدایە داهاتی ساڵی 2023ی سلێمانی بریتی بووە لە 1 ترلیۆن و 173 ملیار و 618 ملیۆن و 353 هەزار و 315 دینار، كەبەو پێیەش بەراورد بە ساڵی 2024 داهاتەكە بە بڕی 310 ملیار دینار زیاتر بووە.
سایتی شەفافیەت رۆژانە داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین بڵاودەكاتەوە، هاوكات داهاتی كۆكراوەی هەفتانە و مانگانە و ساڵانەش دەخاتەڕوو.