تەها عەبدوڵڵا
تیمێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی
كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، ناوچەكانی داقوق و حەفتەغار لە باشووری كەركوك بەسەردەكەنەوە
و لەگەڵ جووتیاران و خاوەن زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنوورەكە كۆبوونەوە و لەمیانەی دیدارەكانیشیاندا
لەگەڵ فەرماندەی سوپای عیراق لەو سنوورە، داوایانكرد بە یەكسانی مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی
ناوچەكە بكرێت و دەستتێوەردان لە كاروبارەكانیان نەكەن، تا ئەو كاتەی لە نوێنەران
دەنگ لەسەر یاسای گەڕانەوەی موڵكی گشتی دەدرێت.
مەلا كەریم شوكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك پاڵپشتییەك لە جووتیارانی سنوورەكە، وەك ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی سەردانی سنووری داقوق و حەفتەغاری باشووری شاری كەركوكمان كرد و گوێمان لە داواكارییەكانیان گرت، كە بەهۆی كێشەی زەویوزار تووشی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە.
وتیشی: لە كۆبوونەوەشمان لەگەڵ فەرماندەی سوپای عیراق لە سنوورەكە، نیگەرانیی خۆمان پێڕاگەیاندن لەوەی بەشێك لە سوپا جیاوازی لەنێوان جووتیاراندا دەكەن و پاڵپشتی پێكهاتەیەكی دیاریكراو دژی پێكهاتەكانی تر دەكەن، لەوڕووەشەوە تەئكیدمان كردەوە هەر كارێكی لەو جۆرە دووبارەببێتەوە، وەك پەرلەمانتاران هەڵوێستمان دەبێت.
باسی لەوەشكرد كە ئەوەشیان بە سوپای عیراق راگەیاندووە نابێت دەستتێوەردان لە زەوی كشتوكاڵیی خەڵكی سنوورەكەدا بكرێت، تا ئەوكاتەی یاسای گەڕانەوەی موڵكی گشتی لە نوێنەران یەكلانەكرێتەوە، لەوبارەیەشەوە فەرماندەی سوپا لە سنوورەكە تەئكیدیكردەوە، «لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكەن كە بەناوی سوپاوە كاری نایاساییان بەرامبەر جووتیاران كردووە».