راپۆرتی/ ئارۆ سامان
لە دوای ساڵی 2014 ەوە كێشەی دواكەوتنی مووچە، پاشەکەوت و لێبڕین، بە بیانووی قەیرانی دارایی و نەناردنی پارە لە بەغداوە، كاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و دواجار كۆمەڵگە دروستکردووە، لەبەرئەوەی لاوازبوونی ئابووری فەرمانبەران واتا لاوازبوونی بازاڕ و ئابووری گشتی. پسپۆڕانی بواری دەروونی هۆشداری دەدەن و پێیانوایە قۆناغەكە كاریگەریی گەورەی دەروونی بە دوای خۆیدا هێناوە.
تێکچوونی پلانی خەرجکردن
نەوزاد محەمەد شارەزا لە بواری ئابووری بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەشێكی زۆری كۆمەڵگە مووچەخۆرن، كەواتا ژیانی زۆرێك لە هاووڵاتیان پەیوەستە بە مووچەوە، بەرپرسیارێتی دابینكردنی مووچەش لە ئەستۆی حكومەتە، كاتێك گرفت بۆ مووچە دروست دەبێت بە دڵنیاییەوە دۆخی ژیانی مووچەخۆر تێكدەچێت، لەبەرئەوەی پلانی خەرجكردنی تێکدەچێت.
وتیشی: ئەم تێكچوونە سەرەڕای كاریگەریی لەسەر مووچەخۆران، كاریگەریی لەسەر تەواوی كۆمەڵگە هەیە و دۆخەکە سەردەكێشێت بۆ چەندین قەیران، لە ناویاندا قەیرانی دەروونی دەركەوتەیەكی سەرەكییە.
نەوزاد محەمەد دەڵێت: كاریگەریی نەبوونی مووچە یاخود دواكەوتنی دەبێتە هۆی فراوانبوونی مەودای ناڕەزاییەكان و سەرهەڵدانی بایكۆت و توندوتیژی، جۆرەها هەڵوێستی جیاواز دژ بە حكومەت، ئەوەش ئاكامێکی باشی نابێت و ناكرێت بە ئاسانی سەیر بكرێت، لەبەرئەوەی دەرگای هەموو ئەگەرەكان واڵا دەبن.
وازهێنانی خوێندکاران
دڵشاد ستار شارەزای پەروەردەیی لە سنووری گەرمیان سەرەڕای نیگەرانییەكانی دەڵێت: ژیانی ئابووری مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵی 2014 ەوە تائێستا ئۆقرەی بەخۆیەوە نەبینیوە، دۆخەكە ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت، پێویستە رێگە لە دروستبوونی كێشە مەترسیدارە دەروونییەكان بگرین.
وتیشی: نەدانی مووچە، بایكۆتی خوێندن، لاوازبوونی ژیانی ئابووری مامۆستا، كاریگەریی خراپی لەسەر خوێندكاران جێهێشتووە، بیرمان نەچێت تاكە سەرچاوەی بژێوی ژیانی مامۆستا مووچەیە، دەكرێت زۆر بە گەورەتر بیر لەوە بكرێتەوە كە نەدانی مووچە واتا هەژاركردنی مامۆستا.
ئەو شارەزایەی پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد: ژمارەیەك خوێندكار وازیان لە خوێندن هێناوە و پەنایان بردووەتە بەر كاری تر بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، هەندێكیان لە هێزە ئەمنییەكان خۆیان دامەزراندووە هەڵبەت بە ناچاری.
تەواونەکردنی پرۆگرامی خوێندن
قادر ئیسماعیل مامۆستا و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە سنووری پەروەردەی گەرمیان بۆ كوردستانی نوێ وتی: بایكۆت كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئاستی فێربوون و فێركردنی سەرجەم فێرخوازان هەیە، لەبەرئەوەی زیاتر لە 10 ساڵە هیچ قۆناغێك پڕۆگرامی خوێندنی تەواو نەكردووە، هەروەها سەدان خوێندکار لە خوێندن شكستیان هێناوە بەهۆی بایكۆتەوە.
وتیشی: پێموایە بایكۆت پلانێكی نەخشە داڕێژڕاوە دژی تاكی كورد بۆئەوەی نەخوێندەواری بڵاوببێتەوە، بە دەگمەن خێزان هەیە كاریگەریی خراپی بایكۆتی لەسەر نەبێت.
کاریگەرییە دەروونییەکان
د.حسێن ئیسماعیل پسپۆڕی دەروونناسی و مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان بۆ كوردستانی نوێ وتی: كاریگەرییە دەروونییەكانی دواكەوتنی مووچە لەسەر فەرمانبەران دەتوانین لە چەند خاڵێكدا كۆبكەینەوە.
یەکەم: تاك تووشی بێزاری دەكات، بێزار دەبێت لە خۆی و كۆمەڵگە و لە دەوروبەرەکەی دوور دەکەوێتەوە.
دووەم: وادەكات تاك متمانەی بەخۆی نەمێنێت، بە تایبەت ئەگەر باوك بێت، یاخود كەسێك كە گەورەی ماڵ بێت، هەستێكی پێدەدرێت ناتوانێت سەرپەرشتی ماڵ بكات.
سێیەم: نالەباریی دۆخەکە پاڵ بە تاكەوە دەنێت بیر لە رەفتار و كاری خراپ بكاتەوە، كە نەگونجێت لەگەڵ دابونەریت و یاسای كۆمەڵگەدا، بۆئەوەی بتوانێت تەنانەت بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت لایەنی دەروونی خۆی ئاسوودە بكات.
داڕمانی ئیرادە
وتیشی: دواکەوتن و پێنەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا وادەكات بەردەوام مووچەخۆر لە حاڵەتی توڕەبووندا بێت و بەردەوام نیگەران بێت، مووچەخۆر لەبەرئەوەی چینێكی گەورە و فراوانی ناو كۆمەڵگەن، خراپی دۆخیان كاریگەریی لەسەر هەمووان دەبێت.
كاتی ئەوە هاتووە حكومەت و لایەنە سیاسییەكان بە شێوەیەكی زۆر جدی بڕواننە چارەسەركردنی كێشەی دواكەوتنی مووچە، لەبەرئەوەی بەردەوام بوونی ئەم دۆخە جومگە سەرەكییەكانی كۆمەڵگە پەك دەخات و ئیرادەی كۆمەڵگە بەرەو داڕمان دەبات.
زانا مەجید چالاكوان دەڵێت: لاوازبوون و لەكاركەوتنی هەر جومگەیەكی كۆمەڵگە مەترسی هەیە، كاتێك هەژاری دروست دەبێت و حكومەت ئەركی خۆی جێبەجێ ناكات، ئیرادە و دابونەریت و بەها باڵاکانی کۆمەڵگە دەکەوێتە مەترسییەوە، پێویستە لەسەر هەمووان هەوڵبدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.