هونەرمەند نەبیل دارا یەكێكە لە هونەرمەندانی شێوەكاریی كەركوك، ساڵی 1968 لەو شارە لە دایكبووە، لە تەمەنی هەرزەكارییەوە ئارەزووی هونەری وێنەكێشانی هەبووە بەتایبەتی بواری كلاسیكی، لەهەمان كاتیشدا خولیای ئۆتۆمبێلە كلاسیكیەكانە كە مۆدیلەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ چل و شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردوو پێشتریش پێنج لەو ئۆتۆمبێلانەی هەبوو كە بریتیبوون لە جۆرەكانی (فۆرد سوپەر دیلوكس مۆدێل 1948 و بیكاب شۆفرلێت مۆدێل 1964، دوو مارسیدس مۆدێلەكانی 1961 و 1963 و لاندلۆڤەر مۆدێل 1970).
هونەرمەند نەبیل دارا بە دوالاپەڕەی وت: ئەو ئۆتۆمبێلە كلاسیكییانەی كە ئێستا لام ماون بریتین، لە دوو ئۆتۆمبیل (فۆرد سوپەر دیلوكس 1948، لاندرۆڤەر دیفیندر 1970) كە زۆر پاك و خاوێنن و گرنگییان پێدەدەم، چونكە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی زێڕین.
وتی: ئـــەم ئۆتۆمبـــــێلانە وەك تابلۆ جوانەكانی، هەمیشە لەپێش چاوییدان، خەڵك كاتێك ئۆتۆمبێلە كلاسیكییەكانی دەبینن دڵخۆش دەبن، چونكە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی كۆن و هەندێكجاریش وێنەیان لەگەڵ دەگرن، چونكە ئەم ئۆتۆمبێلانە جیاوازییەكی زۆریان لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكانی ئەم سەردەمە هەیە.
هونەرمەند نەبیل دارا وتیشی: ئامانج لە كۆكردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە كۆنانە، پاراستنیانە لە نەمان و جاروباریش بەشداری لە پێشانگەی هاوبەشی ئۆتۆمبێلە كلاسیكییەكان دەكات كە لە كەركوك و كوردستان سازدەكرێت.
نەبیل دارا ئاماژەی بەوەشكرد كە بەڕێوەبردنی ئۆتۆمبێلە كلاسیكییەكان گرانبەهایە بەهۆی نەبوونی پارچەی یەدەگ، ئەگەر هەر پارچەیەكیش لەو یەدەكانە بدۆزرێتەوە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەبێت و كرێی هاوردەكردنیشیان پارەیەكی زۆری تێدەچێت، پێشنیاریشی كرد كە گروپێك بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلە كلاسیكییەكان لەكەركوك پێكبهێنرێت تاكو زیاتر گرنگی بەم كەلتورە بدرێت .
لــــەكۆتــــــــــاییدا هونەرمەند نەبیل دارا هیوای خواست ئەم میراتییە بۆ نەوەكانی داهاتوو بـــــــــە واقیع بهێڵرێتەوە و لـــە نەمان بپارێزرێن.
رزگار شوانی