سەرۆك كۆمار: بە توندی سەركۆنەی پێشێلكردنی سەروەریی عیراق و شەهیدكردن و برینداركردنی هاووڵاتیانی سڤیل دەكەم
د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، رایگەیاند: بەتوندی سەركۆنەی پێشێلكردنی سەروەریی عیراق و شەهیدكردن و برینداركردنی هاووڵاتیانی سڤیل دەكەم لە سنووری دهۆك لەلایەن توركیاوە، دووبارەبوونەوەی هێرشەكان پەرەسەندنێكی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و چیتر مایەی قبووڵكردن نییە و پێویستە توركیا رێز لە سەروەری و دراوسێیەتیی عیراق بگرێت و لەژێر هیچ پاساوێكدا هێرشی لەوجۆرە دووبارە نەكاتەوە، كە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.
راگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە
تۆپبارانكردنی هاوینەهەواری پەرەخێ لە سنووری دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن هێزەكانی توركیاوە، بە توندی شەرمەزار دەكەین، كە بە داخەوە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی گەشتیار. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین.
لە ماوەی رابردوودا، هەرێمی كوردستان چەندینجار لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراق، كراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانمان كەوتووە. پێویستە حكومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەشێوەیەكی كاراتر، هەوڵی رێگریكردن لە دووبارە بوونەوە و كۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.
پێكدادانی هێزەكانی توركیا و چەكدارانی پەكەكەش لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم، بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆ سەر هاووڵاتییانمان، بۆیە جارێكی دیكەش داوا دەكەین، هەرێمی كوردستان، لە كێشە و ململانێ ناوچەییەكان دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر هاووڵاتییانی بێتاوان، نەبنە قوربانی.
ئەنجومەنی وەزیرانی
هەرێمی كوردستان
20ی تەمموزی 2022
دوێنێ، توركیا تۆپبارانی هاوینەهەواری گوندی پەرەخێ-ی لە زاخۆ كرد و بەو هۆیەوە ژمارەیەك گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاندووە: بەهۆی بۆردومانەكەوە، هەشت گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستدا، 26 كەسی دیكەش بریندار بوون و تەندروستیی ژمارەیەك لە بریندارەكان ناجێگیرە.
پەیامی سەرۆكی هەرێم
لەوبارەیەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا رایگەیاند: زۆر بە توندی سەركۆنەی تاوانی بۆمبارانكردنی سنووری زاخۆ دەكەین كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەك هاووڵاتی و گەشتیاری سڤیلی ناوچە جیاكانی عیراق و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكەیان.
راگەیەنراوی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایگەیاندووە: ناكرێت عیراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی كێشە و ناكۆكییە ئیقلیمییەكان، خەڵكەكەشی بە خوێن باجەكەی بدەن، راشیگەیاند: پێویستە حكومەتی عیراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر و لیكۆڵینەوە لە تۆپبارانكردنەكەی سنووری زاخۆ بكات و گیانی هاووڵاتییەكانی بپارێزێت.
راگەیەنراوی سەرۆك وەزیران
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش لە پەیامێكدا رایگەیاندووە: هێزەكانی توركیا سەرلەنوێ و بە ئاشكرا سەروەریی خاكی عیراق و ژیانی هاووڵاتیان و ئاسایشی عیراقیان پێشێلكردووە.
راشیگەیاندووە: ئەم دەستدرێژییەی توركیا دەیسەلمێنێت كە بەردەوام داواكارییەكانی عیراقی پشتگوێخستووە بۆ راگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانی بۆ سەر خاكی عیراق و گیانی عیراقییەكان، جەختیشیكردۆتەوە «عیراق مافی خۆیەتی وەڵامی ئەم دەستدرێژییانە بداتەوە، هەروەها هەموو رێكارێكی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی گەلەكەی».
پەیامی موقتەدا سەدر
لای خۆیەوە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە پەیامێكیدا بە توندی ئیدانەی تۆپبارانەكەی توركیای كردووە و چەند پێشنیازێكیشی خستۆتەڕوو وەك دەربڕینی ناڕەزایی.
لە پەیامەكەدا هاتووە: نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا كەمبكرێتەوە، فڕۆكەخانە و دەروازە زەمینییەكانی نێوان عیراق و توركیا دابخرێت. هەروەها لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەزووترین كات سكاڵای رەسمی لە دژی توركیا تۆمار بكرێت، رێكەوتننامەی ئەمنیی لەگەڵدا هەڵبوەشێنرێتەوە.
كاردانەوەكان
لەلایەكی دیكەوە، هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە «بە توندی ئیدانەی ئەو پێشێلكارییانە دەكەین كە توركیا بەردەوام ئاسمان و خاكی عیراق پێشێل دەكات و هەرێمی كوردستان دەكاتە ئامانج».
وەفدێكی باڵای عیراق سەردانی شوێنی رووداوەكە دەكات
هەردوێنێ، سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاریدا وەفدێكی باڵای عیراق سەردانی شوێنی رووداوەكە لە زاخۆ بكات.
وەزارەتی دەرەوەی عیراقیش لەوبارەیەوە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: ئەم هێرشە، بە ئامانجگرتنی ئاسایشی عیراق و سەقامگیریی گەلەكەیەتی و لە ئەنجومەنی ئاسایش وەڵامی دەستدرێژییەكەی توركیا دەدەینەوە.
هەرلەوبارەیەوە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات. لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەڵمەتی ئیمزا كۆكردنەوە بۆ یاداشتێك دەستیپێكرد، كە ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە و داوای دانیشتنی بە پەلەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن.