خەسرەو گورون
ساڵی 1992 ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی، لە وەرزی 1992-1993 دا، بەشداریی خولی جامی یانەكانی عیراقمان كرد، بەڵام یەك یارییمان كرد و یارییەكەمان دۆڕاند و لە خولەكە كراینە دەرەوە.
وەك هەموو لایەك دەزانن، خولی جامی هەر وڵاتێك بە پاڵاوتن سەرجەم یانەكانی ئەو وڵاتە بە پلە جیاجیاكانییەوە بەشداریی تیادا دەكەن و سیستمی یارییەكانی تا یاریی كۆتایی، كرانە دەرەوەیە بە یەك دۆڕاندن.
ئێمە ئەو وەرزە لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا بەشداربووین، لە یەكەم جەولەی یارییەكانماندا بە قورعە كەوتینە بەرامبەر یانەی ناسرییە، یارییەكەشمان رۆژی 3/9/1992 لە یاریگای یانەی عومال لە بەغدا کرد، سەعات 4 -ی عەسر فیكەی دەستپێكی بۆ لێدرا، سەمیر مهەننا ناوبژیوانی یارییەكە بوو، هەردوو یاریدەدەرەكەشی لە بەغدا بوون، لەم وەرزەوە ئەو یاسا نوێیەی بواری ناوبژیوانیش جێبەجێكرا كە كاتێك بە قاچ تۆپ بۆ گۆڵپارێز دەگێڕدرێتەوە، گۆڵپارێز ناتوانێت بەدەست بیگرێت تەنیا بەسەر و سنگ نەبێت.
لەم یارییەدا مامۆستا ئازاد وەهاب بەڕێوەبەری تیپی یانەی سلێمانی بوو، ئازاد مستەفا راهێنەر و منیش (خەسرەو گورون) یاریدەدەری بووم، سەرەنجامیش ئێمە یارییەكەمان دۆڕاند و لە خولەكە كراینە دەرەوە.
پێكهاتەی تیپەكەشمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز – رزگار عەلی.
*بەرگری – هاد كەریم، خەسرەو گورون – كاپتن، نەوزاد مستەفا، شەهید هەرسین رەسوڵ.
*ناوەند – خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، ئاسۆ رەشید، كاژاو كەمال، جەعفەر تۆفیق.
*هێرشبەر – سەڵاحی شێخ ئەمین و تایەری دەربەندیخان.
دوو گۆڕانكارییش لە تیپەكەدا كرا، ئالان قادر چووە شوێنی جەعفەر و كامەرانی دەربەندیخانیش چووە شوێنی كاژاو، رزگار رەئوفی گۆڵپارێزیش تەنیا یەدەكمان بوو.
ئێمە توانیمان لە خولەکی 32دا لە رێگەی سەڵاحەوە گۆڵێك بكەین و 1 - 0 پێشكەوتین، بەڵام تیپی ناسرییە توانیان لە خولەکەكانی 49 و 76 دا دوو گۆڵ بكەن و بەوەش یارییەكەیان بردەوە و گەیشتە قۆناغی دواتری خولەكە.