راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
رێبوار سەعید هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە بە مەبەستی بینینی وڵاتان گەشتی بۆ چەند وڵاتێك كردووە و دەڵێت: چەند ساڵێك لەمەوبەر سەردانی ئێرانم كرد هەركاتێك بچوومایە بۆ شوێنێكی مێژوویی دەبوایە چەند هێندە زیاتر پارەی چوونە ژوورەوە بدەم، کە زیاتر بوو لە هاووڵاتیانی وڵاتەکە، لە گەشتێكی دیکەشم بۆ ئێران بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی، نرخی بینینی نەخۆش لە کلینیکی پزیشکەکە بۆ کەسانی دەرەوەی وڵاتەکە سێ ئەوەندە زیاترە لە هاووڵاتیانی ئاسایی، كاتێكیش پرسیارم لە سكرتێری پزیشکەکە كرد کە بۆچی وەهایە؟ وتی ئەمە یاسای وڵاتی ئێمەیە و ناچارم ئەو بڕە پارەیەت لێ وەربگرم.
كاتێك هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عیراق گەشت بۆ وڵاتان دەکەن و لەوێ سەردانی دامەزراوەیەكی مێژوویی، گەشتیاریی یاخود تەندروستی دەكەن بەهۆی ئەوەی لەو وڵاتە خەڵكی بیانین، بۆیە تێچوو یان بلیتی چوونە ژوورەوەیان لە خەڵكی ئەو وڵاتە زیاترە، بەمەش تێچوویەكی زیاتر لەسەر گەشتیارانی هەرێم و عیراق دەكەوێت، ئەمە لە کاتێکدایە كاتێك گەشتیاری وڵاتانی تر دێنە هەرێمی كوردستان و عیراق ئەو نرخە جیاواز و زۆرە بۆ ئەوان بوونی نییە، بۆیە گەشتیاران دەپرسن بۆچی حكومەتی هەرێم و عیراق كار لەسەر ئەوە ناكەن ئەو جیاوازی نرخە لەسەر هاووڵاتیانمان لە وڵاتان نەمێنێت.
جیاوازییەکە لە وڵاتان
كاوە حەسەن هاووڵاتییەكی دیکەی شاری هەولێرە بە هەمانشێوە باسی لە جیاوازیی نرخ لە وڵاتان کرد بۆ گەشتیاران و وتی: دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ گەشت سەردانی میسرم كرد كاتێك ویستم سەردانی مۆزەخانەی نیشتمانی میسر لە شاری قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتە بكەم كارمەندی بلیت فرۆشتنەکە وتی: لەبەرئەوەی تۆ خەڵكی میسر نیت دەبێت پارەی زیاتر بدەیت، لەگەڵ ئەوەشدا تۆزێك داشكاندنیان بۆ كردم وتیان بەهۆی ئەوەی خەڵكی وڵاتێكی عەرەبیت، بۆیە نرخی چوونەژوورەوەت لە خەڵكی ئەوروپا و ئەمریكا كەمترە، بەڵام لەگەڵ ئەو داشکاندنەشدا نرخەكەی چەند قاتی نرخی هاووڵاتییەکی میسر بوو.
وتیشی: ئەوەی لە هەرێمی کوردستان تێبینی دەکەم، هیچ جیاوازییەکی نرخ نییە لە نێوان هاووڵاتیان و گەشتیاران لە کاتی سەردانکردنی شوێنە گەشتیاریی و مێژووییەکاندا، یاخود سەردانکردنی پزیشکدا.
لە هەرێمی كوردستان تائێستا هیچ یاسا و رێنماییەك نییە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سەردانکردنی شوێنە گەشتیاری و مێژویی و ئاینییەکان بۆ گەشتیاران، بەڵكو هەمان ئەو بڕە پارەیە دەدەن کە هەر هاووڵاتییەکی هەرێم دەیدات بۆ سەردانکردن.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ کوردستانی نوێ :
لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بیر لەوە كراوەتەوە جیاوازیی بكەین لە نرخی خزمەتگوزاریی گەشتیاریی لەنێوان هاووڵاتیانی خۆمان و گەشتیارانی بیانیدا، ئەو كارە پێویستی بە رێنمایی وەزارەتەکان یاخود یاسایە کە لە پەرلەمانەوە دەربچێت
دۆخەکە لە هەرێم چۆنە؟
ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو جیاوازیی نرخە لە زۆرێک وڵاتاندا هەیە كە بە یاسا رێكیان خستووە، بۆیە ئێمە ناتوانین وڵاتێكی تر پابەند بكەین بە بەدابەزاندنی نرخی سەردانکردنی شوێنەکانیان بۆ هاووڵاتیانمان.
وتیشی: لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەو بابەتە وەك ژوورەكانی بازرگانی بیر لەوە كراوەتەوە كە ئێمەش بتوانین لێرە جیاوازی بكەین لە نرخی خزمەتگوزاری گەشتیاریی لەنێوان هاووڵاتیانی خۆمان و گەشتیارانی بیانیدا، ئەو كارە پێویستی بە رێنمایی وەزارەتەکان یاخود یاسایە لە پەرلەمانەوە دەربچێت.
سوودی ئەو جیاوازی نرخە لە وڵاتان بۆ گەشتیارانی بیانی ئەوەیە، گرنگی بە هاووڵاتیانی خۆیان دەدەن، هەروەها كەرتی گەشتیاریی پێناسەیەكی ئابووری بۆ كراوە، كاتێك گەشتیارێك دەچێتە وڵاتێك دەبێت دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سوود لەو گەشتیارە وەربگرن بەوەی زۆرترین خەرجی بكەن و لە رێگەی ئەو کەرتەوە داهات کۆبکەنەوە، بۆیە تێچووی خەرجی بۆ گەشتیارێك جۆرێكە، بەڵام بۆ هاووڵاتیانی خۆیان جۆرێكی دیکەیە، تەنانەت لە هەندێك شوێنی گشتیی وەك مۆزەخانە لە هەندێك لە وڵاتان چوونە ژوورەوە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان بە خۆڕاییە، بەڵام بۆ گەشتیاری بیانی بە پارەیە.
پلان هەیە بۆ پەیڕەوکردن
ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت: نیازمان هەیە لە داهاتوودا شتێكی لەو بابەتە پەیڕەو بكەین کە نرخ بۆ گەشتیارانی بیانی جیاواز بێت لەگەڵ هاووڵاتیان، بە تایبەت لە مۆزەخانەکاندا لەبەرئەوەی یەكێكە لەو شوێنانەی سەرنجی ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیارانی لەسەرە، ئێمە جگە لە بابەتی پارە وەرگرتن بۆ بلیتی چوونەژوورەوە، بەهۆی ئەوەی كارمەندانی حكومی لەوێ دەوام دەكەن، كێشەی ئەوەمان هەیە رۆژانی پشوو مۆزەخانەكان داخراون و هەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین.
وتیشی: زیادکردنی نرخی چوونەژوورەوە بۆ گەشتیاران، هەنگاوێكی باش دەبێت بۆئەوەی ئەو پارەیەی وەردەگیرێت لە خزمەتی ئەو شوێنە و چاککردن و پێشخستنی ژێرخانی ئەو شوێنەدا خەرج بكرێتەوە، لە هەمانکاتدا نرخ بەو شێوەیە بەرز ناكەینەوە كە گەشتیار نەتوانێت پارەكەی بدات، رێکارەکە لە هەموو وڵاتان وەهایە و كارێك نییە بە گەشتیاران نامۆ بێت.
سەیرکردنی کەرتی گەشتیاریی وەک سەرچاوەیەکی داهات وادەکات ئەو کەرتە لە وڵاتدا زیاتر بەرەوپێش بچێت.