كەرتی گواستنەوەی گشتی، پێویستیی بە پێداچوونەوەیە

10:33 - 2025-01-09
ئابووری
81 جار خوێندراوەتەوە
پاسەکان پێویستییان بە نوێکردنەوەیە

ئەرشەد تەحسین 

شۆفێران، مافی خۆیانە دوای ئەوەی خۆیان و تەمەنیان بۆ كارەكەیان تەرخانكرد، هێندەی ئەركەكەیان مافیان بۆ دابین بكرێت، لە بوارەكانی بیمەی پیشەیی و تەندروستی و مەترسی و قەرەبووكردنەوەی هەر زیانێك كە تووشیان دەبێت

 لەگەڵ كرانەوە بەردەوامەكانی جیهان بە رووی گۆڕانكارییەكانی ژیاندا، زۆربەی هەرە زۆری بوارەكانی ژیان گۆڕانكارییان بەسەرداهاتووە و لە شێوازی كۆن و چەقبەستوو دەرچوون و بەرەو شێوازی نوێ و سەردەمییانە هەنگاویان ناوە، بەڵام كەرتی گواستنەوەی گشتی لە شارەكانی هەرێمی کوردستاندا كە پاسی تێدا بەکار دەهێنرێت، سەرباری ئەوەی گشتی نییە خاوەندارێتیی بۆ تاکەکەس دەگەڕێتەوە، هێشتا خۆی لە شێواز و قۆناغی سەرەتایی دەرباز نەكردووە.
ئەگەر بە شێوەیەكی سەرپێیی گوزەرێك بە گەراجی پاسەكانی ناوشاردا بكەین كە هاووڵاتییان لە سەنتەری شارەوە دەگوازنەوە بۆ گەڕەكەكان و بە پێچەوانەشەوە، ئەوا دەبینین بەشێكی پاسەكان هێندە كۆن و بێكەڵك و ماندوون مەرجەكانی توندوتۆڵییان تێدا نییە و نیشتۆك و شوێنی دانیشتن و ناوەوەی ئۆتۆمبێلەكەش سەرنشین تووشی ئازاری قاچ و پشت دەبێت، بۆیە كاتی هاتووە لایەنی پەیوەندیدار بیر لە میكانیزمێك بكاتەوە بۆ گۆڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە و هێنانی پاسی نوێ.

جیاوازی نرخی گواستنەوە لە نێوان هێڵەكاندا
لە هێڵی گەڕەكەكاندا جیاوازییەكی زۆر بەدی دەكرێت لە رووی نرخەوە، بە شێوەیەك لە كاتی دانانی نرخی هێڵەكاندا رەچاوی دوور و نزیكی گەڕەكەكان نەكراوە لە سەنتەری شارەوە، هەندێك گەڕەك دوورن و نرخی گواستنەوەیان هەمان نرخی گەڕەكە نزیكەكانە، ئەمەش جۆرێک لە نادادپەروەریی تێدایە، چونكە هاتوچۆ لە گەڕەكە دوورەكانەوە کات و سووتەمەنی زیاتری پێویستە، لەبەر ئەوە جێی خۆیەتی پێوەرێكی تایبەت دابنرێت بۆ دیاریكردنی نرخی گواستنەوە.

شێوازی وەرگرتنی كرێ
زۆر كات لە كاتی وەرگرتنی كرێی گواستنەوەدا سەرنشینان تووشی حاڵەتی نەخوازراو دەبن، ئەویش بەهۆی ئەوەی كەسێك یان شێوازێكی دیاریكراو نییە بۆ وەرگرتنی كرێی گواستنەوە و گەیاندنی بە شۆفێرەكە، بەڵكو بە شێوەی دەستاودەست لە نیشتۆكی دوواوە دەڕوات و دەگات بەشۆفێر، ئەمەش بۆ تەواوی سەرنشینان ناخۆشە و ئەركێكی ناپێویستە دەكەوێتە سەر شانیان، یان رەنگە هەندێك جار كاكی شۆفێر هاواری لێ بەرز ببێتەوە و بڵێت: پارەی نەفەرێك نەدراوە، بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتانە درووست نەبن، وا باشترە كەسێك تەرخان بکرێت، یان میكانیزمی پارەدان بە شێوەی بلیت دیاری بكرێت. بەداخەوە زۆر كات بەرچاو دەكەوێت هەندێك لە شۆفێران بە شێوەیەك مامەڵە دەكەن وەك ئەوەی بە زۆر و بێگار ئەو كارەیان پێکرابێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاری سەرنشینان و زۆر كاتیش هەڵچوون و پێكداپرژان، بۆ ئەوەی ئەو دۆخانە روو نەدەن پێویستە شۆفێران لەسەر ئەوە رابهێنرێن، کە وەك پیشەوەرێك مامەڵە بكەن و ئیتیکی پیشەیی خۆیان بپارێزن.

دابینكردنی بیمە بۆ شۆفێران
شۆفێران وەك هەر چینێكی دیکەی كۆمەڵگە بە دوای پەیداكردنی بژێوی ژیانیانەوەن و لە پێناو دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆیان و خانەوادەكانیان ئەوكارە دەكەن، مافی خۆیانە دوای ئەوەی خۆیان و تەمەنیان بۆ كارەكەیان تەرخانكرد هێندەی ئەركەكەیان مافیان بۆ دابین بكرێت، لە بوارەكانی بیمەی پیشەیی و تەندروستی و مەترسی و قەرەبووكردنەوەی هەر زیانێك كە تووشیان بێت، لە هەمووشی گرنگتر كارێك بكرێت هەموو كات پاس ئامادەبێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان، واتە بەشەو و بە رۆژ، چونكە ئەمە سەرباری بەخشینی دیمەنێكی سەردەمییانە بەشار، هۆكارێكی باشیشە بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەكان و یارمەتیدەرە بۆ دۆخی دارایی هاووڵاتییانیش.

بابەتە پەیوەندیدارەکان