ئەدەب و هونەر، قۆناغێكی لەبیرنەكراوی ژیانم

12:05 - 2025-01-09
ئەدەب و هونەر
79 جار خوێندراوەتەوە

شیرین.ك


رۆژنامەی كوردستانی نوێ كە لە سەرەتای دەرچوونیدا هەشت لاپەڕە بوو، لاپەڕە شەشی تەرخانكردبوو بۆ ئەدەب و هونەر، لەو لاپەڕەیەدا بۆ یەكەمجار لەژیانمدا شیعرێكم بڵاوكردەوە بەناوی سەفەر لە 9 /2 /1992 دا، لەساڵانی پێش راپەڕیندا بەتەنیا هەر چیرۆكم بڵاودەكردەوە، لە نیوەی هەشتاكانیشەوە هیچم بڵاونەدەكردەوە بۆئەوەی لە بەڵای بەعس بەدوور بم، بەڵام بوونی رۆژنامەیەكی كوردیی رۆژانە كە هاتنە دی خەونی لەمێژینەم بوو، ئەو ئازایەتییەی پێ بەخشیم كە ئیتر كاتی ئەوە هاتووە شیعریش بڵاوبكەمەوە، بەوجۆرە بەردەوام  لەو  تاقە لاپەڕەیەدا شیعر و كورتە چیرۆك و كورتیلە چیرۆكم بڵاودەكردەوە و تەنانەت بۆ یەكەمجار لەژیانیشمدا گۆشەیەكم لەو لاپەڕەیەدا كردەوە بەناوی (بروسكە)، كە هەر سەد وشە یان كەمتردەبوو، بەناوی (هاوڕاز)ەوە كە ناوێكی خوازراو بوو، ئەوەش نموونەیەك لە گۆشەكەم: (بەرەبەیان خەو خۆش دەبێ، بەڵام ناچارم لەخەو هەستم چونكە لەشكری كار و پرسیار لەبەر دەروازەی پێڵوەكانما چاوەڕوانن، ئۆف-ی ناڕەزایی و وەڕسیی ناكەم، بە تیشكی خۆر چاوم دەشۆم و بێ پەشیمانیی جێگەی خەوتن جێ دەهێڵم، چونكە دەزانم بەیانییەك دێت بەخەبەر نایەم و هەڵناستم، دەنووم بۆ هەتا هەتایە دەنووم، خۆر هەڵدێ و تیشكەكانی لە پێڵو و قژم نادا، خۆڵێكی شێدار دام دەپۆشێ، دەبا هەستم، دەبا تیشكی خۆری هیچ بەیانییەكم لەكیس نەچێ)، كەچی  هەر زوو گۆشەكەیان پێ داخستم، ئێشتاش نەمزانی بۆ؟ ئەو سەردەمە كەسانی تریش هەبوون بەناوی خوازراوەوە گۆشەیان دەكردەوە، کەواتە هۆکاری داخستنی گۆشەکەم ئەوە نەبوو کە بە ناوی خوازراو دەمنووسیی.
دوای 31ی ئاب كە بۆ چەند مانگێك رۆژنامەی كوردستانی نوێ وەستا، لە 4ی كانوونی دووەمی ساڵی 1997 دا یەكەم ژمارەی لەشاری سلێمانی دەرچوو، تا ماوەیەك دیسانەوە (ئەدەب و هونەر) بووەوە بە یەك لاپەڕە، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم  (پاشكۆی ئەدەب و هونەر) بە چوار لاپەڕەوە بەردەوام بوو، تا 31 / 3 / 2000 كە بوو بە هەشت لاپەڕە. چیرۆكی چۆنێتی دەرچوونی ئەو هەشت لاپەڕەیە لە گۆشەكەمدا (بەنیازی ئاوڕدانەوە)  بەدرێژیی باسم كردووە، ئەو چیرۆكەی تیایدا كارەكتەری سەرەکیی بووم، هەوڵ و كۆششێكی زۆرمدا تا سەری گرت و شەڕی یار و نەیارانیشم كرد. هەوڵی سەرەكیم بۆ ئەوە بوو پاشكۆكە بە دوور بگرم لە سیاسەت و حزبایەتی و تەنیا بۆ ئەدەب و هونەر بێت، لەو پێناوەشدا شەڕی زۆرم كردبوو، بۆیە لەیەكێك لە یادەكانی كوردستانی نوێدا، دیاری محەمەد  لەو پاشكۆیەدا كە بە بۆنەی یادەكەوە دەرچووبوو  وێنەی كاریكاتێریی ئەندامانی رۆژنامەكەی كردبوو،  وێنەكەی ئەدەب و هونەر ئەوە بوو من لەناو سەنگەرێكدا بووم و شەڕە تفەنگم دەكرد.
بۆ ماوەی دوازدە ساڵ لێپرسراوی ئەو پاشكۆیە بووم، بە یارمەتیی و هەوڵ و ماندوو بوونی هەموو ئەو خوشك و برایانەی لەماوەی ئەو دوازدە ساڵەدا لەئەدەب و هونەر كاریان كرد، ئەو پاشكۆیە بەردەوام بوو، توانی زۆربەی ئەدیب و هونەرمەندەكان لەخۆی كۆبكاتەوە،  ئێمە لەو پاشكۆیەدا یەك خێزان بووین، ئەوە نهێنیی جوانی و سەركەوتنی ئیشەكەمان بوو. بەردەوام بووم  لە ئەدەب و هونەر تا لە ساڵی 2009 بووم بە سكرتێری نووسین و  قۆناغێكی نوێی كاری رۆژنامەوانیم دەستپێكرد تا كۆتاییەكانی ساڵی 2014/2/2.
لەكۆتاییدا ئەوەی دەمەوێت بەنەوەی تازەی رۆژنامەنووسانی رۆژنامەكەی بڵێم ئەوەیە:  نەوەكەی ئێمە بە پراكتیكیی رۆژانە فێری كاری رۆژنامەنووسیی دەبووین، بەڵام بەپشت بەستن بەو باكگراوندە رۆشنبیرییەی هەمانبوو، بەردەوامیش بووین لە دەوەڵەمەنكردن و پەرەپێدانی ئەو باكگراوندە، بە خوێندنەوەی زیاتر و زیاتر، ئێمە هیچمان رۆژنامەنووسیی ئەكادیمی نەبووین، لە سفرەوە دەستمان پێكرد، ئەوانەی ئەزموونێكی رۆژنامەنووسییان هەبوو، لەپەنجەكانی یەك دەست تێپەڕی نەدەكرد، نەوەی ئێمە هێشتا وەكو خەباتكردن و كوردایەتیی كاری رۆژنامەوانیمان دەكرد، چونكە سەر بەو نەوەیە بووین كە دەرچوونی رۆژنامەیەكی رۆژانەی كوردیی، هاتنەدیی خەونی منداڵی و لاویمان بوو.  هیوادارم ئێوەی نەوە نوێیەكان  و  ئەكادیمیستەكان بتوانن رۆژنامەكە رابگرن و نەهێڵن بكەوێت.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان