دڕکە رێگەی رێگا

12:20 - 2025-01-09
ئەدەب و هونەر
51 جار خوێندراوەتەوە

سەلام سەعید 


ورد ورد هەنگاوەکانت بنێ
لەسەرخۆ لەم دەرگا پڕ نائومێدییە بدە؟
ئەم ماڵە پڕیەتی لە تارمایی،
لە وێنەی تەڵخ
لە ئاوێنەی شکاو 
لە سکاڵای بێ لێپێچینەوە.
ئاگاداربە پەنجەرەکانی ئەم ماڵە 
هەموویان داخراون،
پەردەکانیان رەشە و
رۆشنایی پێیان نامۆیە.
هەموو چیرۆکەکانی ئەم ماڵە
بێ متاڵان .. خوێنەریان کەمە،
ئەگەر دەرگایان لێ وڵاکردی،
هیچ پرسیارێ مەکە،
ئەم ماڵە، وەڵامی هیچ پرسیارێکی غەریبە ناداتەوە.
هاوڕێ بیرتە یەک پرسیارم ئاڕاستە کردیت
پەنجەرەی وەڵامت لێ داخستم؟!
سەراسیمە مام لە بێ دەنگیت،
بەڵام لە رووخسارتا سەد وەڵام و سەد وێنەم دی؟ 
سڵاو هاوڕێ ..
درەنگ کەوتی، پێ دەچێ 
بەم دڕکە رێگەی رێگایە و
بە پێی پەتی رەت بووبیت.
ئێمە ئەگەر مێژووی پڕ هەڵەمووت نەبووایە 
ئەم هەموو سەرسمی کەوتنە نە دەهاتنە رێمان
ئەگەر ئەم هەموو حەماقەتە نەبووایە
ئەم ماڵە پڕ لە چیرۆکی ترسناك نە دەبوو.
ئەم هەموو گالیسکەی دودڵییە
بە نرکە نرکی رێگا نە دەپسان،
ئەم وەستای گالیسکانەیش
نە دەبوونە لێبوک و
ئەم جوانووە رەسەنانەیش
بە رەوتی بەرغە رێیان نە دەکرد.
ئەم هەموو سکاڵایانەش، متاڵا دەکران
لەم مار و پەیژەی حروفی هیجایەش
رزگارمان دەبوو.
پشتە کۆڵەیەك خەم لەکۆڵمانا دەما و
دەمانکردە تێشووی
کورتە رێگای دەرباز بوون،
بە هێمنیی ئاوێزانی ترۆپك دەبووین.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان