بەهۆی قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆ و شەڕوو ئاڵۆزی ژمارەیەک پەیڕەوکاری هیندۆسی کە بەنیاز بوون بچنە پەرستگایەک بۆ پاڕانەوە، 6 کەس کیانیان لە دەستداو 40 کەسی دیکەش برینداربوون.
درەنگانی شەوی رابردوو بە هەزاران هیندۆس لە بەردەم پەرستگای تیروپاتی لە ناوچەی ئەندەرپرادیش لە باشووری هیندستان زیاتر لە 15 کاتژمێر نۆرەیان گرت تاوەکو بتوانن سەردانی پەرستگاکە بکەن.
نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان پاش رووداوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نیگەرانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: رووداوەکە بە ئازاربوو، سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانییان کرد.
ئەمە لە کاتێدایە بڕیارە لە 15ی ئەم مانگە رێوڕەسمەکانی ئاهەنگی کومبامێلا دەستپێبکات، کە فێستیڤاڵێکی ئاینیی شەش هەفتەیی هیندۆسەکانە و پێشبینیدەکرێت گەورەترین کۆبوونەوەی ئایینی بێت لە مێژووی هیندۆسەکاندا، بەگوێرەی رێکخەرانی ڤیستیڤاڵەکە پێشبینی ئامادەبوونی 400 ملیۆن شوێنکەوتوو دەکرێت.
مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا لە کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەی ئاینیی هیندۆسەکاندا گرژیی و ئالۆزی روویدا و 121 کەس کوژران.