حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ سبەی شەممە راگەیاند، کە سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ کۆبوونەوەکە بانگهێشتکردووە، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری دەڵێن بەشداری ناکەین.
موسەنا ئەمین، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران لە فراکسیۆنى یەکگرتوو راگەیاند، بەشدارى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران ناکەن، بەهۆى ئەوەى بۆچوونمان وایە ئەم کۆبوونەوانە هیچ سودێکیان نییە و ئەوە حکومەتى هەرێمە بەردەوام کێشەى نوێ لەگەڵ بەغداد دروستدەکات و هیچ بەرپرسیاریەتییەک هەڵناگرێت.
گوتیشى ئێمە ئۆپۆزسیۆنین و بەشدارى ئەو کۆبوونەوانە ناکەین کە بۆ وێنەگرتنە.
لایخۆشیەوە سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراق راگەیاند، بەشدارى کۆبوونەوەکە ناکەن، گوتى زۆر هۆکاریان بۆ بەشدارینەکردن هەیە، بەڵام ئامادەنەبوو هۆکارەکان ئاشکرابکات و گوتى، لەداهاتوو ئاشکرایان دەکەین.