هەڤاڵان سەرنووسەر و جێگرانی سەرنووسەر و سکرتاریەتی نووسین و ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ.
بەبۆنەی یادی ٣٣ ساڵەی دەرچواندنی ڕۆژنامەکەتان پیرۆزباییەکی گەرمتان لێدەکەین، ئومێدەوارین هەمیشە لە سەرکەوتن و بەرەوپێشچووندا بن.
کوردستانی نوێ وەک یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانە و مینبەرێکی پڕ لەشانازی دوای راپەڕینی مەزنی گەلەکەمان هاتەناو مەیدانی خەبات، نمونەیەکی جوانی لە کاری رۆژنامەوانی بە لەبەرچاوگرتنی پڕنسیپەکانی کاری رۆژنامەوانی و ئیتیکی راگەیاندن پێشکەش کردووە، خوێندنگەیەکی پێگەیاندنی کادرو ڕۆژنامەنووسان بووە، بەتایبەتی پێگەیاندنی چەندین کچ و ژنی لیهاتوو لە بواری رۆژنامەگەریدا، کە ئەمڕۆ جێی دەستیان لە بوارەکەدا زۆر دیارە.
بەدرێژایی دەرچونی ئەم رۆژنامە ئازیزە هەمیشە گرنگی داوە بە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، جەختی لەسەر کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن کردۆتەوە، شانبەشانی ئەوەش هەوڵی داوە هۆشیارییەکی فراوان لەرووی رۆشنبیری و ئەدەبی و مەعریفی و فکریەوە بڵاوبکاتەوە و رۆڵی کارا بگێڕێت لەبنیادنانی کۆمەڵگەی کوردیدا.
بۆ ساڵی نوێ تەمەنیشی هیوامان وایە لەسەر هەمان ڕێچکەی خۆتان بەردەوام بن و هەمیشە بەرەو تازەگەری و نوێبوونەوە هەنگاو بنێن و سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی خەڵک بن.
بڵێسە جەبار فەرمان
لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران
٢٠٢٥/١/١١