کوردستانی نوێ لە دید و بۆچوونی نووسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەندانی پێکهاتەکانی تری کەرکوکەوە

10:51 - 2025-01-12
ڕاپۆرت
47 جار خوێندراوەتەوە

کەرکوک - ڕزگار شوانی

  کوردستانی نوێ  لە ماوەی ئەو تەمەنە پڕ شکۆدارەیدا توانیویەتی خزمەتی زۆری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و کەرکوک بە تایبەتی بکات

رۆژنامەی کوردستانی نوێ، 33 ساڵە بەشکۆوە بەردەوامە لە خزمەتکردنی رەوتی رۆژنامەوانی لە کوردستاندا و لە ماوەی ئەو تەمەنە پڕ شکۆدارەیدا توانیویەتی خزمەتی ئێجگار زۆری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و کەرکوک بە تایبەتی بکات و رێچکەی سیاسەتی دەستەگوڵەکەی رەوانشاد مام جەلال بگرێتەبەر، بێگومان کوردستانی نوێ بە لاپەڕە رەنگینەکانی رۆژانە باوەشی بۆ  خوێنەران بەهەموو چین وتوێژەکان کردۆتەوە، لە ساڵیادی دەرچوونیشیدا رۆژنامەکە چاوی بە ژمارەیەکی بەرچاو کەسایەتی و نووسەر و رۆژنامەنوس و هونەرمەندان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە کەوتووە لە شارە دێرینەکەی کەرکوک و راوبۆچوونی خۆیان دەربارەی ئەم رۆژنامەیە خستۆتەڕوو .
نووسەرو رۆژنامەنووس، مەروان ئیبراهیم ئەلعانی، سەرۆکی لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنوسانی عیراق لە نەتەوەی عەرەب بە کوردستانی نوێی وت: بە بۆنەی 33هەمین ساڵیادی دەرچوونی کوردستانی نوێ، بە ناوی خێزانی رۆژنامەنووسانی کەرکوکەوە جوانترین و گەرمترین  پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و ستافی رۆژنامەکە دەکەم و هیوای پێشکەوتنی زیاتری  بۆ دەخوازم، لە بەدواداچوونم بۆ لاپەڕە هەمەجۆر و رەنگاوڕەنگەکانی رۆژنامەکە، بۆم دەرکەوتووە ئەم رۆژنامەیە پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە رووی چاپ و دەرهێنان و بەرهەمی رۆژنامەگەری و بایەخدانی جددی بەپرەنسیپی پێکەوەژیان و ئاشتی مەدەنی، لە رێگەی وتار و لێکۆڵینەوە رۆژنامەوانییەکانەوە، کە بە نووسەر و رۆژنامەنووسەکانیەوە پەیوەستە بە کەرکوک، رۆژنامەکە رۆڵی سەرەکیشی هەبووە لە بایەخدان بە نووسەران و رۆژنامەنووسان و هونەرمەندانی کەرکوک لە رێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵیاندا.
جارێکی تر  به بۆنەی دامەزراندنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ-وە هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازم.
پاڵپشتی لە پێکهاتەکانی کەرکوک
لای خۆیەوە رۆژنامەنوس، دکتۆر عەلی ئەلعەزاوی، لە نەتەوەی عەرەب بە کوردستانی نوێی راگەیاند: کوردستانی نوێ، توانیویەتی لە ئاستی ئەو رۆژنامانەدا بێت، کە بەردەوامن لە بڵاوبوونەوە و رۆژنامەکەش رۆڵی هەیە لە پاڵپشتیکردنی پێکهاتەکانی کەرکوک، ئەلعەزاوی ئەوەشی خستەڕوو وتی: رۆژنامەکە کە رۆژانە بە زمانی کوردی دەردەچێت، رۆڵی گرنگی هەبووە لە باوەشگرتن بە نووسەران و رۆژنامەنووسانی سەرجەم نەتەوەکان و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە واقیعی پێکهاتەکانی کەرکوک و گرنگیدان بە  کەلتوور و مێژوویی کەرکوک.
جەختی لەوەش کردەوەو وتی: کوردستانی نوێ رۆژنامەیەکی گرنگە و پشتیوانی لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە کردووە و کاری بۆ پتەوکردنی رێبازەکەی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال-یش کردووە کە کەرکوکی بەدەستەگوڵەکە وەسف دەکرد.
 رۆژنامەنوس و میدیاکار محەمەد ئەلسەگر لە نەتەوەی عەرەب لە وێستگەی کەرکوکی تۆڕێ ڕاگەیاندنی عیراق، لە ساڵیادی  کوردستانی نوێ رایگەیاند: بەناوی خۆم و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای کەرکوک/ تۆڕی راگەیاندنی عیراقی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و ستافی رۆژنامەکە دەکەم، بە بۆنەی 33 هەمین ساڵیادیەوە، هیوای سەرکەوتنی بەردەوامییان بۆ دەخوازم  لە کاری میدیایی کوردیدا، لە پێناوی خزمەتکردنی رۆژنامەوانی و رووناکبیری کەرکوک و خۆشەویستی و تەبایی کۆمەڵایەتی و هەوڵی ماندوونەناسانە و بڵاوکردنەوەی چەمکی ئاشتی و پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم شارەدا.
میدیاکار، ئۆدیشۆ ئیشۆ، لە نەتەوەی سریانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: کوردستانی نوێ،  بە یەکێک لە رۆژنامە پێشەنگەکانی کوردستان  دادەنرێت، کە رێبازی پێکەوەژیان و رێزگرتنی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوکی دوور لە تووندڕەوی گرتۆتەبەر و توانیویەتی پێگەی خۆی بچەسپێنێت، لە میدیای چاپکراودا، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی زیاتر بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەخوازم.
داهێنانی زیاتر لە رۆژنامەگەریی کوردیدا بکات
میدیاکار سەوسەن نازم، لەنەتەوەی تورکمان لە ساڵیادی کوردستانی نوێدا دەڵێت: کوردستانی نوێ، قورسایی خۆی هەیەو توانیویەتی خزمەتی زۆری خوێنەر و نووسەر و روژنامەنوسان بە گشتی بکات، هەروەها توانیویەتی هەموو ئەو رووداوانەی لە کەرکوکدا هەن لە خۆبگرێت، بە هیوام ئەم رۆژنامەیە داهێنانی زیاتر لە رۆژنامەگەری کوردیدا پێشکەش بکات، پیرۆزە ساڵیادی کوردستانی نوێ.
هەڵگری حەقیقەتە
لای خۆیەوە نووسەر و چیرۆکنووس، مۆشی پۆڵس، لە نەتەوەی سریانی لەم بارەیەوە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: کوردستانی نوێ، یەکێکە لە رۆژنامە دیارەکان و هەڵگری حەقیقەتە و رەگی چەسپاوە و لە دڵی گەلی کوردەوە هەڵقوڵاوە و درێژەشی بە رێڕەوی خۆی داوە، لە بەخشینی پرۆفیشناڵانە و راستگۆیانەش بەردەوامە لە کاری میدیایی خۆیدا، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیەوە، سڵاو لە ستافەکەی دەکەین و هیوای  سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.
 نووسەر و رۆژنامەنووس، ئەیوب بامبوغجی، لە نەتەوەی تورکمان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی رۆژنامەکەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئەم رۆژنامە شکۆدار و نایابە دەکەم، لە بابەتە جۆراوجۆر و نوێیەکەیدا، هیوای سەرکەوتنی هەمیشەیی بۆ ستافی ئەم رۆژنامەیە دەخوازم، پێشنیار دەکەم پەرەی زیاتر بە رۆژنامەنووس و نووسەرانی تورکمان بدرێت و تیشک بخرێتە سەر چالاکی و بەرهەمە ئەدەبی و رۆشنبیری و شیعریەکانیان، تیشکیش بخرێتە سەر رەوتی ئەدەبی و کەلتووری تورکمان، هیوادارم ئەم رۆژنامەیە هەردەم لە داهێنانی رۆژنامەوانیدا بێت و بەرەو ئاسۆیەکی پڕشنگدارتر هەنگاو بنێت.
لای خۆیەوە کەسایەتی و شارەزا لە بواری ئینسکلۆپیدیا،  تۆفیق عەتار لە نەتەوەی عەرەب لە ساڵیادی کوردستانی نوێدا وتی: کوردستانی نوێ بە ستایلێکی نوێنەوە و بە لاپەڕە رەنگاوڕەنگەکانیەوە رۆژانە دەکەوێتە بەر دیدی نووسەران، رۆژنامەکە گرنگی زۆری داوە بە شاری کەرکوکی پێکەوەژیان و خوێنەر بە هەموو جۆرە مەعریفەت و هونەر و گۆشەی کەلەپووری ئاشنا دەکات، ئەمەش داهێنانی بەردەوامی رۆژنامەکەیە لە نوێبونەوەدا، پیرۆزبایی لە ستاف و رۆژنامەنووسان و سەرجەم قەڵەمەکانی کوردستانی نوێ دەکەم،  بە بۆنەی ساڵیادی دەرچونیەوە.
 هونەرمەندی شێوەکار فاتیمە ئەلعوبەیدیش لای خۆیەوەو بەم بۆنەیەوە رایگەیاند: کوردستانی نوێ بە یەکێک لە  رۆژنامە دێرینە کوردییەکانی کوردستان و عیراق و ناوچەکە دەژمێردرێ، رۆژنامەکە گوزارشت لە مێژوویەکی دوورودرێژ دەکات، لە پێشکەشکردنی هەواڵ و وتار، کە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستانە، بێگومان ئاهەنگی 33مین ساڵیادی دامەزراندنی رۆژنامەکە بۆنەیەکی گرنگ ودڵخۆشکەرە بۆ سەرنووسەر و ستافەکەی، رۆژنامەکەش بە درێژایی کاری میدیایی خۆی  توانیویەتی ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ رووماڵ کردنی رووداوەکان و شیکردنەوەی کێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، ئەوەش وایکردووە ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ خوێنەرانی ئارەزوومەند لە مەسەلەی کورد، چ لە عیراق بێت یان لە ناوچەکە، هەردەمیش رۆژنامەکە لە گەشەکردن و فراوانبووندا بووە، بە هیوام کوردستانی نوێ بەردەوام بێت لە ڕۆڵی بەرچاوی خۆی وەک یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی رۆژنامەگەری لە عیراق.
جێی خۆی لە نێو رۆژنامە عیراقییەکاندا کردۆتەوە
 لای خۆیەوە کەسایەتیی کەرکوک، حاجی ئیبراهیم حەسەن ئەلعوفی، خاوەنی کتێبخانەی (خانەی نیشتیمانی) لە کەرکوک وتی:  کوردستانی نوێ، یەکێکە لە رۆژنامە بەناوبانگە کوردییەکان کە لە کوردستان دەردەچێت، رۆژنامەکە جێی خۆی لە نێو رۆژنامە عیراقییەکاندا کردۆتەوە و رێبازەکەی رەوانشاد مام جەلالی گرتۆتەبەر، لە چوارچێوەی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک،  پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی سەرنووسەر و ستافی رۆژنامەکە دەکەم بە بۆنەی ساڵیادی دەرچوونییەوە و هیوای سەرکەوتن و داهێنانی زیاتری بۆ دەخوازم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان